کۆڕبەندی (MEPS) و پێگەی کورد لە هاوکێشەی نوێی عێراقدا:

کۆڕبەندی (MEPS) و پێگەی کورد لە هاوکێشەی نوێی عێراقدا:

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، وەک کەسایەتییەکی سیاسیی کاریگەر و خاوەن دیدگای ستراتیژی، توانی شاری دهۆکی ئارام بکاتە ناوەندی کۆبوونەوەی گەورەترین کوتلە سیاسییەکانی عێراق لە شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاساییشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS). ئەم کۆکردنەوەیە، کە یەکەمجارە بەم شێوەیە ڕوو بدات، دوای هەڵمەتی هەڵبژاردن و ململانێی توند، ئاماژەیەکی ڕوونی پێگەی بەهێزی کورد و ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتە لە بوونیادنانی هاوسەنگیی سیاسیی عێراقدا. سەرکەوتنی ئەم کۆڕبەندە لە کۆکردنەوەی تەواوی ڕکابەرە جیاوازەکان، توانای دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیی سەرۆکی حکومەت دەردەخات لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا.

پێگەی کورد لەم کۆڕبەندەدا وەک وێستگەیەکی دەستپێکی حوکمڕانیی نوێ دەردەکەوێت. ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی شیعە و سوننە، دهۆکی کردە سەکۆیەک بۆ داڕشتنی ئاییندەی عێراق دوای هەڵبژاردنەکانی 2025/11/11. پەیامی سەرەکیی کۆڕبەندەکە، کە جەختی لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور، هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان دەکردەوە، بنەمایەکی زانستییانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دانا. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە هەرێمی کوردستان بە کردەوە بووەتە پلاتفۆرمێکی چارەسەر نەک بەشێک لە کێشەکە.

کاریگەریی کۆڕبەندی MEPS بۆ هەرێمی کوردستان تەنها لە ڕووی دیپلۆماسییەوە نییە، بەڵکوو لە بەهێزکردنی پێگەی هەرێم وەک ناوەندێکی بڕیاردەر و جێگەی متمانەی ناوچەکەدایە. کۆبوونەوەی پێکهاتە جیاوازەکان (عەرەب، کورد، تورکمان، مەسیحی، ئێزدی) و وەستان بۆ سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب"، وێنەیەکی ڕوونی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و فرەفۆرمی لە هەرێم نیشاندا. ئەمەش دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی ڕاستەقینە و بوونیادنانی سەردەمێکی نوێی حوکمڕانیی دادپەروەرانە لە عێراقدا، کە تێیدا ماف و پێگەی کورد بە شێوەیەکی دەستووری و فیدراڵی پارێزراو بێت. ئەم کۆڕبەندە وەک میکانیزمێکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و درووستکردنی لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنە عێراقی و ناوچەییەکاندا سەیر دەکرێت.

Top