لێتێگەیشتنی نوێی سیاسی لە دهۆکەوە؛ خوێندنەوەیەک بۆ ڕەهەندەکانی دیداری مێپس ٢٠٢٥
لە کاتێکدا گێژاوە سیاسیی و ئەمنییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، شاری دهۆک لە ڕێگەی "دیداری مێپس ٢٠٢٥"ـەوە وەک ناوەندێکی هەستیاری دیپلۆماسی دەردەکەوێتەوە. ئەم کۆڕبەندە تەنها ڕووداوێکی ساڵانە نییە، بەڵکو گوزارشتە لە گۆڕینی هاوکێشەی هێز و گواستنەوەی چەقی گفتوگۆکان بۆ هەرێمی کوردستان. گرنگیی ئەم دیدارە لەوەدایە کە دەکەوێتە نێوان دوو قۆناغی چارەنووسسازەوە؛ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان و سەرەتای ململانێی توند بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ئەمەش وایکردووە هۆڵەکانی دیدارەکە ببنە ژووری عەمەلیاتی داڕشتنی شێوەی ئیدارەدانی داهاتووی عێراق.
لەم چوارچێوەیەدا، پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک کارەکتەرێکی سەرەکی، ڕەنگدانەوەی تەواوی بەسەر کەشی دیدارەکەوە هەیە. پارتی بە بەدەستهێنانی متمانەی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر، خۆی وەک "ژمارە قورسەکە" لە هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا چەسپاندووە. ئەم سەنگە جەماوەرییە وایکردووە کە هیچ سیناریۆیەک بۆ حکوومەتی داهاتوو بەبێ مۆری ڕەزامەندیی ئەم هێزە تێنەپەڕێت. لە مێپسدا، لایەنەکان باش دەزانن کە کلیلی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی بەغدا، لە دەستی خاوەنی زۆرترین کورسیی هەرێمی کوردستاندایە، بۆیە ئامادەبوونی چڕی دیپلۆماتکاران و سیاسەتمدارانی عەرەب، دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بەم هەژموونە.
تەوەرێکی دیکەی کە بە قوڵی جێگەی سەرنجی چاودێرانە و سیمایەکی جیاوازی بە دیداری ئەمساڵ بەخشیوە، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، مەزڵوم عەبدی و عوسمان بایدەمیرە. ئەم دیمەنە سیاسییە پەیامێکی فرەڕەهەندی تێدایە؛ پەیامێک کە دەڵێت هەرێمی کوردستان بووەتە خاڵی بەیەکگەیشتنی جوگرافیا سیاسییە جیاوازەکانی کورد. دیداری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ سەرکردەی دیاری ڕۆژئاوا و سیاسەتمدارێکی باڵای باکووری کوردستان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ستراتیژیی هەرێم تەنها لە چوارچێوەی سنورە ئیدارییەکانیدا قەتیس نەماوە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە ئەندازیاری لێکتێگەیشتنی نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان لە ناوچەیەکی پڕ لە مەترسیدا.
ئەوەی دیداری مێپس ٢٠٢٥ دەیکاتە وێستگەیەکی مێژوویی، دەرخستنی توانای هەرێمی کوردستانە وەک "ناوەندی ڕاکێشان" بۆ دژەکان. لە کاتێکدا بەغدا زۆرجار دەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان بە توندوتیژی، دهۆک دەبێتە سەکۆیەک کە تێیدا سیاسەتمدارانی عەرەب و بیانی و هێزە ناوخۆییەکان لەژێر یەک چەتردا کۆدەبنەوە. ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی میحوەریی خۆی وەک "کۆکەرەوەی نێوماڵی لایەنەکان" بەباشی دەگێڕێت و بووەتە زەمانەتی مانەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لە کۆتاییدا، دەرەنجامەکانی ئەم دیدارە تەنها لە دهۆک نامێننەوە، بەڵکو دەبنە بنەمایەک بۆ نووسینەوەی کارنامەی حکوومەتی داهاتووی عێراق و دیاریکردنی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە هەستیارەکانی ناوچەکە.

فرسەت سەید شکور