خانمان بە سەركەوتنی لیستی 275 ی پارتی دیموكراتی كوردستان دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن

خانمان بە سەركەوتنی لیستی 275 ی پارتی دیموكراتی كوردستان دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن

 

 

لەگەڵ ئەو هەموو پیلان و ڕێگری و كۆسپانەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دروست دەكرێن، بەڵام بە حیكمەتی سەرۆك بارزانی، پارتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی هەمیشە پێشەنگە، ئەمجارەش لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەك هەمیشە سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد.

 كوردستانیان و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی ئەو سەركەوتنە مەزنە سەربەرزن، لەم سۆنگەیەوە و لە ڕاپۆرتێكی گۆڤاری گوڵان خانمان بەمجۆرە دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

پەرژین جەعفەرحاجی ڕۆستەم، توێژەری مێژووی سیاسی، لە دەستپێكی ڕاپۆرتەكەدا بەم شێوەیە گوزارشت لە دڵخۆشی خۆی دەكات: «سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بابەتێكی فرە ڕەهەندە، لە ڕووی سیاسییەوە دەرخەری دروستی و تەندروستی سیاسەتی پارتی و سەرۆك مەسعود بارزانییە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق كە خەڵكی كوردستان هاوتەریبن لەگەڵ ئەم سیاسەتە، ڕەهەندێكی دیكەی جەماوەرییە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی بە كۆمەڵێك پڕۆژە وبەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری سەرنجی كوردستانیان ڕابكێشێت، بەتایبەتی پڕۆژە ستراتیژییەكان، كە بوونەتە هۆكارێك بۆ پێشخستنی ژێرخان و سەرخانی ئەم هەرێمە‌.

ڕەهەندێكی دیكەی ئەم دەنگ و سەركەوتنەی پارتی كە (یەك ملیۆن)ـی تێپەڕاند، متمانەیە بە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پارتی، كە بەغدا‌ سیاسەتێكی دوژمنكارانەی بەرامبەر بە گەلی كوردستان بەكارهێناوە، ئەم سەركەوتنە بۆ هەموو كورد جێی بایەخە، تەنیا بۆ پارتی نا، بەڵكو ئەحزابی سیاسیش دەبێت لە دیدگایەكی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بە سەركەوتنی گەلی كوردستانی بزانێت. لە لایەكی دیكەوە ئەم سەركەوتنە پارتی دیموكراتی كوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی گەورەتر، سەركەوتن باجی دەوێ، سەركەوتن هێز و ئیرادەی دەوێ.

كۆسار كەریم ڕۆژ كادیری پێشكەوتووی پارتی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بە شانازی و شەرەفێكی زۆرەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆك و ڕابەرمان مەسعود بارزانی و ھەردوو جێگرانی پارتیمان و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و تەواوی گەلی كورد و كوردستان دەكەم، بەبۆنەی بەدەستهێنانی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە بۆ یەكەمین جارە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، ئەم ژمارەیەش گوزارشتە لە متمانە و بوێری گەلی كورد بە داكۆكیكردن لە ماف و ئاییندەی خۆی و ڕەنگدانەوەی باوەڕی گەلی كوردە بە دۆزی دادپەروەرانەی پارتیمان.

بێ شك گەلی كوردستان پێگەیشتوون و لێهاتووانە ئەو پارتەیان ھەڵبژارد كە دەنگی ئازادی و دیموكراتی پەیڕەو دەكات و لە خزمەتكردنی میللەت و گەلەكەیدایە، ئاوەدانكردنەوە و پاراستنی ئەمن و ئاساییش و گرنگیدان بە گشت چین و توێژەكان و بەشداری پێكردنیان لە سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات كاری لە پێشینەی بووە، ھەر بۆیە سەركەوتن ئەنجامێكی نامۆ نەبوو بەڵكو چاوەڕوانكراو بوو .

گرنگی ئەم دەستكەوتە یەكەم شت ھاوكێشەی سیاسی لە عێراقدا دەگۆڕێت لە زۆر ڕووەوە بە تایبەتی بە چەسپاندنی فیدڕاڵیەت، پاشان ئەم پاڵپشتییە فراوانە نیشاندەری پابەندبوونی ئەم ھێزە سەرەكییەیە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی كورد و داواكارییە ڕەواكانی لە ڕێگەی جێبەجێكردنی دەستوور.

ئەم دەستكەوتە نوێنەرایەتی هەنگاوێكی گرنگە بەرەو پتەوكردنی یەكتر قبوڵ كردن و پێكەوە ژیان و گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەكەدا.

گرنگتر لەم متمانە پێدانە بە پارتیمان، پشتیوانیكردنی نەتەوەكەمانە بۆ دووپاتكردنەوە لە پرۆسەی بنیاتنانەوە و چاكسازیدا، بۆ بەدەستھێنانی دەستكەوتی زیاتر كە دادپەروەری و یەكسانی بچەسپێنن و لە بەشداری چالاكانەیان لە بڕیاردان ھەروا بەردەوام بن.

حەیات مەجید ئەندامی خولی چوارمی پەرلەمانی كوردستان، بەمجۆرە خۆشحاڵبوونی خۆی دەخاتەڕوو و لەمبارەیەوە دەڵێت: «خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم و شانازی بەخۆمەوە دەكەم كە پارتیم، سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنی تەنیا حزبێك نییە بەڵكو سەركەوتنی ئیرادەی گەلە، سەركەوتنی دڵسۆزانی گەلی كوردە، سەركەوتنی ئەو كەس و لایەنانەیە كە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان دەپارێزن، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا نەك تەنیا پارتییەكان بەڵكو ئەندامانی لایەنەكانی دیكەش هاتن دەنگیان بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دا، ئەوان بەو ڕاستییە گەیشتن كە تەنیا پارتییە خزمەتی وڵات دەكات، هەر پارتی دەتوانێت پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان فراوانتر بكات، چونكە پارتی پارێزەری دەستكەوتەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستانە.

بەشانازییەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی عێراق زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگی هێناوە، ئەمەش مایەی شانازی هەموو كوردێكە كە حزبێكی كوردی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەم بە دەست بێنێت، پارتی كەسانی شارەزا و بەهێز دەنێرێتە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی شەڕی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد بە گشتی بكەن.

ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە ئەو ڕاستییە بۆ خەڵك ڕوون بووەتەوە كە تاكە حزبێك پارێزەر و پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەل بێت پارتی دیموكراتی كوردستانە».

شاد ڕزگار پارێزەرە و لەم ڕوانگەیەوە ئاماژە بە سەركەوتنی پارتی دەكات و بەمجۆرە دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت: «ئەم سەركەوتنە مەزنەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەلالەتە لەوەی كە پارتی بووەتە پێویستییەكی حەتمی بۆ كۆمەڵگەی كوردستانی، بێگومان ئەمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە گەلی كوردستان هۆشیارن و دەزانن پارتی خودان ڕوئیا و ستراتیژیەتە بۆ پاراستنی كوردستان و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا و دەورووبەر و جیهان.

من بەشبەحاڵی خۆم دڵخۆشم بەو سەركەوتنە گەورەیە و لەلایەكی دیكەشەوە دڵخۆشترم، چونكە ئافرەتان بەشدارییەكی كارا و كاریگەریان لە پرۆسەكەدا هەبوو، دەتوانم بڵێم، ئافرەتان داینەمۆی پرۆسەكە بوون و بە بەشدارییە فراوانەكەیان، هەم پرۆسەكەیان ڕەنگدارتر كرد، هەم پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد بە حیزبی ملیۆنی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و هەم كاندیدە ئافرەتەكانیش بە دەنگی تەواو دەرچوون، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا سەنگ و پێگەی پارتی قورستر و بەهێزتر كرد.

ئەم سەركەوتنە لە هەموو چین و توێژەكان بە گشتی و ئافرەتان بەتایبەتی پیرۆز دەكەم، ئومێد دەكەم لە ئاستی گرنگیی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و متمانەی كوردستانیاندا بن».

 

خانمان بە سەركەوتنی لیستی 275 ی پارتی دیموكراتی كوردستان دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن
Top