كاژین خۆزەندە یاریزانی تۆپی دەستی هەڵبژاردەی عێراق: لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە دانانی ئەندامانی یەكیتییە وەرزشییەكان دەستتێوەردانی حزبی دەكرێت

كاژین خۆزەندە  یاریزانی تۆپی دەستی هەڵبژاردەی عێراق:     لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە دانانی ئەندامانی یەكیتییە وەرزشییەكان دەستتێوەردانی حزبی دەكرێت

 

 

كاژین خۆزەندە، یەكێكە لەو خانمە یاریزانانەی تۆپی دەست، كە لە هەڵبژاردەی تۆپی دەستی یانەی هەولێر یاری كردووە و بەشداریی چەندین پاڵەوانێتیی ئەم یارییەی كردووە لە وڵاتانی باكووری ئەفریقیا و ئاسیا، هەروەها ڕاهێنەرە و سەرپەرشتیی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی ئافرەتانی هەولێر دەكات. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (وەرزش وەك ئامرازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە)، زۆر بە ڕاشكاوانە دەستی خستە سەر ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی وەرزشی ئافرەتان دەبێتەوە و، بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

سەرەتا دەستخۆشی لە بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم دەرفەتە، كە بتوانین زۆر ڕاشكاوانە گفتوگۆ لەسەر باری وەزرش لە كوردستان بكەین. بەڕاستی ئەمە ئومێدێكی گەورەی من بووە كە ڕۆژێك لایەنێك ئاوڕ لە وەرزش بداتەوە و زۆر بە ڕاشكاوی و بە جددی قسەی لەسەر بكەین. بۆیە دووبارە سوپاس كە دەرەفەتتان ڕەخساند بۆ ئەوەی بەس گلەیی نەكەین، بەڵكو پێكەوە بیر لە چارەسەركردنی كێشەكان بكەینەوە، بەتایبەتیش وەزرشی ئافرەتان كە وەك ئاماژەشی پێ كرا، وەرزشوانانی ئافرەتی كوردستان بڕبڕەی پشتی وەرزشی ئافرەتانی عێراقن. وەك دەبینین هەر هەڵبژاردەیەكی ئافرەتانی عێراقی كە بۆ بەشداری لە پاڵەوانییەتەكان دەچنە دەرەوە، چەندین یاریزانی ئافرەتانی كوردستانن. من خۆم وەك یاریزانێكی هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی چەندین پاڵەوانێتیی عەرەبی و ئاسیاییم كردووە و یاریم بۆ هەڵبژاردەی عێراق كردووە، بەڵام لە پەراوێزی هەر گەمەیەكیشدا ئاڵای كوردستانمان بەرز كردووەتەوە و پیشانمان داوە كە ئێمە كوردین و ئەوەش ئاڵای كوردستانە. یەكێتیی تۆپی عێراقی هەوڵی دا سزای ئەو یاریزانە كچانە بدات كە لە گۆڕەپانەكە ئاڵای كوردستانیان بەرز كردووەتەوە، وەك خۆیشم كە دەچم بۆ هەر پاڵەوانێتییەك ئاڵای كوردستان لەگەڵ خۆم دەبەم، لەبەر ئەوەی لە ناو خانەوادەكەی خۆم بەو شێوەیە پەروەردە كراوم، كە ئاڵا ناسنامەی كوردبوون و كوردستانیبوونی ئێمەیە.

وەك نموونەیەك بۆ ئاستی بەرزی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لای وەرزشوانانی كوردستان، دەوێ باسی ئەوە بكەم، لە ساڵی 2017 و پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە چەند مانگێك، پاڵەوانێتییەكی تۆپی دەست لە قەتەر ئەنجام درا و هەڵبژاردەی عێراقیش یەكێك بوو لەو هەڵبژاردانەی بەشداریی لەو پاڵەوانێتییە كردبوو. ئێمە كە چوار یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق بووین، ئامادە نەبووین بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییە بكەین و بە درێسی عێراقەوە گەمە بكەین، چونكە ئێمە ئومێدمان ئەوە بوو دوای سەركەوتنی ڕیفراندۆم خۆمان دەبینە خاوەن دەوڵەت و بە درێسی كوردستانەوە بەشداریی پاڵەوانێتییەكان دەكەین، بەڵام بەداخەوە ئەو خەونەمان بۆ نەهاتەدی و سەرەنجام باجەكەشیمان دا، بەڵام بەداخەوە ئەم هەڵوێستە بەرزەی وەرزشوانانی كوردستان لە ڕاگەیاندنەكانی كوردستانەوە وەك پێویست بایەخی پێ نەدرا و پیشان نەدرا.

گرفتی سەرەكیی سێكتەری وەرزش لە هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم ئەوەیە كە كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دانانرێت، ڕاشكاوانە دەستتێوەردانی حزبی دەكرێت بۆ دانانی ئەندامانی یەكێتییەكانی وەرزش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش، هەر بۆ نموونە لەسەر ئاستی یەكێتییە وەرزشییەكانی عێراق، حزب تەزكییەی كەسێك دەكات بۆ ئەندامیەتی لە بەغدا، كە عەرەبی نازانێت، ڕاستە بەپێی دەستووری عێراق زمانی كوردییش هاوشانی زمانی عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت شەڕ لەسەر مافە وەرزشییەكانی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوا ئەو شەڕە بە زمانی عەرەبی دەكرێت و، ئەوەی دەچێت نوێنەرایەتیی كورد دەكات لە بەغدا، دەبێت زمانی عەرەبی بە باشی بزانێت، بۆ ئەوەی بتوانێت شەڕ بكات و داكۆكی لە مافەكانی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام كاتێك كەسێكی نەشیاو ئەو پۆستەی پێ پڕ دەكرێتەوە و ناتوانێت داكۆكی لە مافەكانی ئێمە بكات، ئەوا بوار بۆ لایەنی بەرانبەر دەرەخسێنێت كە بە شێوەیەكی زۆر دەمارگیری و شۆڤێنی مامەڵە لەگەڵ ئێمە بكرێت.

ئێمە وەك كچانی وەرزشوانی كوردستان ساڵانی پێشتر بارودۆخمان لە ئێستا زۆر باشتر بوو، ئێستا لەسەر ئاستی عێراق غەدرێكی زۆرمان لێ دەكرێت. ئەمە لەكاتێكدایە كە كچانی وەرزشوانی كوردستان بە ڕێگەی بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە، گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی وەك یاریزانی پیشەگەر داوایان لێ بكرێت، لە یانەكانی دەرەوەی عێراق گەمە بكەن.

گرفتی دیكەمان نەبوونی هۆڵی وەرزشییە، ئەگەر سەیربكەین هەولێر كە پایتەختی كوردستانە هۆڵێكی وەرزشی وای تێدا نییە كە بتوانرێت یارییەكانی تۆپی «سەبەتە، دەست، فوتساڵ»ی تێدا بكرێت. لەوەتەی من بە بیرمە دەڵێن یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری نۆژەن دەكرێتەوە و هۆڵێكی وەرزشیی گەورە دروست دەكرێت، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە. پرسیار لێرە ئەوەیە بۆ ئێمەی وەرزشوانانی ئافرەت ئەگەر هۆڵێك نەبێت لەكوێ مەشق و ڕاهێنانی و گەمەكانی تۆپی دەست و سەبەتە و فوتساڵ ئەنجام بدەین؟ ئەگەر شوێنێك نەبێت بۆ مەشق و ڕاهێنان و بەرزكردنەوەی ئاستی وەرزشوانەكانمان، چۆن دەبینە پاڵەوانی لێهاتوو بۆ ئەوەی كوردستان بە جیهان بناسێنین؟

لەم گفتوگۆیەدا زیاتر تیشك دەخەمە سەر گرفتی كچانی وەرزشوان، ئەگەر ڕاشكاوانە قسە بكەین، وەرزشی كچان بایەخی پێ نادرێت، ڕۆژێك لەسەر ئاستی حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم و تەنانەت حزبیش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، كچانی وەرزشوان بانگهێشت نەكراون، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گوێ لە داواكارییەكانیان بگیرێت و گرفتەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت، یان داوامان لێ بكەن پرۆپۆزەڵێك ئامادە بكەین، تا بزانین چی بكەین بۆ كچانی پاڵەوان لە بواری وەرزش، من خۆم بۆ ماوەی شەش ساڵ پاڵەوانی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق بووم، بەڵام نەمبینی ڕۆژێك وەك پاڵەوان پێشوازیم لێ بكرێت.

خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە بەشێكی زۆری ناوی كچانی یاریزانی ئێمە ناوی كوردین، هەر بۆ نموونە گۆڵپارێزەكەی ئێمە لە تیپی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق ناوی «سێوە»یە لەكاتی بەڕێوەبردنی یارییەكە بێژەرە وەرزشییەكە نەیدەتوانی ناوەكە وەخۆی بڵێت، بۆیە چەندین جار لە ئێمەی دەپرسی «سێوە» مانای چییە، بۆیە ناچار بووین بۆی بكەین بە عەرەبی و بڵێن واتە «توفاحە»، سەرنج بدە، لە ماوەی تەنیا یەك یاریدا دەیان جار كۆمێنتار، وەرزشییەكە ناوە كوردییەكە دووبارە دەكاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو هاندەرانەشی سەیری ئەو یاریە دەكەن، بزانن ئەو یاریزانەی لە هەڵبژاردەی عێراق گەمە دەكات، عەرەب نییە و نەتەوەیەكی دیكەیە، كە ئەویش نەتەوەی كوردە.

گرفتێكی دیكە مامەڵەی ڕاگەیاندنەكانی كوردستانە لەگەڵ كچانی وەرزشوانان لە هەرێمی كوردستان، بەڕاستی كچانی پاڵەوان لەلایەن ڕاگەیاندنەكانەوە پەراوێزخراون و بایەخیان پێ نادرێت و بە خەڵك ناناسێندرێن. وەك پێشتر ئاماژە پێ كرد، بۆ ماوەی شەش ساڵ لەسەر یەك پاڵەوان بووم لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام ڕاگەیاندن نەهاتن دیدارم لەگەڵ بكەن و دەستخۆشیم لێ بكەن، هەتا خەڵكی كوردستان بزانێت، ئێمە لەسەر ئاستی عێراقیش پاڵەوانی ئافرەتمان هەیە، وەك ڕاهێنەریش سەرپەرشتیی تیپێكی كچانم دەكرد، لە گەمەیەكدا كە لە شاری كەركووك بەڕێوە چوو، من بە دووگیانی وەك ڕاهێنەر سەرپەرشتیی تیپەكەم دەكرد، ئەم دیمەنە كە وەرزشوانێكی ئافرەت بە دووگیانی سەپەرشتیی تیپێكی وەرزشی دەكات، دەبوو لە ڕاگەیاندن وەك ترێند بایەخی پێ بدرێت و سەرنجی هەموو جیهانی پێ ڕابكێشرێت، بۆیە پێشنیاری من لەم گفتوگۆیە ئەوەیە كە بابەتی ڕاگەیاندن بۆ بایەخدان بە وەرزشی كوردستان بكرێتە خاڵێكی سەرەكی و هەڵوەستەی لەسەر بكرێت.

هەر لەم گفتوگۆیەدا كە بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی هەرێمیش لەگەڵمان ئامادەیە، داوای لێ دەكەم كە مەرجێك لەسەر یانە وەرزشییەكانی كوردستان فەرز بكات، بۆ ئەوەی هەر یانەیەك چەند تیپێكی وەرزشیی ئافرەتانی هەبێت، ئەم مەرجەش دەبێت بە ئیجباری جێبەجێ بكرێت، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ڕاستە بوونی تیپی ئافرەتان لە بەرنامەكەدا ئاماژەی پێ كراوە كە دەبێت هەبێت، بەڵام بە كردەوە كراوە بە ئارەزوومەندانە و یانەكە دەتوانێت تیپی وەرزشی كچان فەرامۆش بكات و نەیبێت و داینەمەزرێنێت، بۆیە دووبارە دەكەمەوە مەرجی بوونی تیپی وەرزشی كچان لە هەر یانەیەكدا پێویستە بكرێتە ئیجباری و هەموو یانەكان پێوەی پابەند بن.

لە دوایین خاڵدا دەستخۆشی لەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە بڕیاری داوە پاڵەوانەكانی وەرزش لە كۆی وەرزشە جیاوازەكان پاداشت و خەڵات بكرێن، ئەم پاداشتە هاندەرێكی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ڕۆڵی وەرزش زیاتر دەربكەوێت. من وەك خۆم لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم بڕیارەی داوە، هەوڵم داوە باشتر هانی كچانی وەرزشوان بدەم، بۆ ئەوەی لە ناو تیپە وەرزشییەكانی كچاندا دەربكەون، بۆیە ئەم ئاراستەیە كە ئومێدێكە بۆ ئەوەی زیاتر بایەخ بە پاڵەوانەكانمان بدەین، هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی وەرزش بكەینە ئامرازێك بۆ ناساندنی كورد و كوردستان بە جیهان.

 

Top