تابان باوەدین كەریم: دڵخۆشم بەوەی كە توانیومە هەلی كار بۆ 16 خانم بڕەخسێنم
تابان باوەدین كەریم خانمێكی بە سەلیقە و دەستڕەنگینی شارە جوانەكەی كۆیەیە، لە ماڵەكەی خۆیدا بە هاوكاری كۆمەڵێك خانمی دەستڕەنگین پڕۆژەیەكی گەورەی دوورین و دیزایینكردنی جلی كوردی خانمان بەڕێوە دەبات.
تابان باوەدین كەریم ساڵی 1990 لە شاری كۆیە لەدایك بووە و دەرچووی زانكۆی كۆیەیە، وەك خۆی باسیدەكات ماوەی 10 ساڵە خاوەنكاری خۆیەتی و دیزایینی جلی كوردی خانمان دەكات. لە گفتوگۆیەكدا چیرۆكی سەركەوتنی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«هەر لە منداڵییەوە حەزم لە كاری دیزایین و چنین بوو، بەڵام بە شێوەكەی فەرمی ماوەی ١٠ ساڵە دەستم كردووە بە دیزایینكردنی جلوبەرگی كوردی و فرۆشتی بەرهەمەكانم لە ڕێگەی پیشەنگا و پەیجەكانمەوە .
ئێستاش فەرمانبەرم لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری كۆیە، جگە لە ئەركی فەرمانبەریم لە فەرمانگەكەم بەشێكی تایبەت بە چنین و دیزایین هەیە، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرەكەم من بەشەكە بەڕێوە دەبەم، كە وەك مۆزەخانەیەك بۆ پێشوازی میوانەكان بە كاری دەهێنین.
ئەمڕۆش وەكو ئافرەتێك دڵخۆشم بەوەی كە توانیومە هەلی كار بۆ 16 خانم بڕەخسێنم، من خۆم تەنیا دیزایین دەكەم و داواكارییەكان وەردەگرم، كڵاویش دروست دەكەم و كڵاوەكان زیاتر خۆم بە تەنیا دروستیان دەكەم، هەروەها بەرگدووری تایبەتم هەیە جلەكانم بۆ دەدوورێت، ١٥ كچیش لەگەڵم كار دەكەن و ئیشی چنینەكەم بۆ دەكەن، ئێمە لەو پڕۆژەیەدا ١٧ كەس بەیەكەوە كار دەكەین، لە ئێستادا لە ماڵەوە كار دەكەین، پشت بە خوا لە بەرنامەماندا هەیە كە لە داهاتوودا دوكان یان گەلەرییەكی شایستە و گەورەمان هەبێت».
ئەو خاوەنكارە بەمجۆرە باس لە سەرەتای دەستپێكردنی كارەكەی دەكات و دەڵێت: «سەرەتا وەك حەز و خولیایەك دەستم پێكرد ئامانجم فرۆشتن نەبوو. كارم تەنیا بۆ خۆم و كەسە نزیكەكانم دەكرد، دواتر كە خەڵك زۆر پێیان جوان بوو، دەستخۆشی و پاڵپشتیم لەلایەن دەوروبەرم لێكرا. حەزم كرد خەڵك بەهرەكانم و كارەكانم باشتر بناسن، هەمیشە كارم لەسەر ئەوە كردووە نوێگەری لە جلوبەرگەكاندا بكەم، بەڵام ناسنامە كوردی و فۆلكلۆرییەكەی لە دەست نەدات، كاتێكیش دەستم بە كاركردن كرد خێزانەكەم زۆر هاوكارم بوون بە تایبەت خوشكەكانم، هەروەها دایك و باوك و هاوپیشەكانیشم».
تابان باوەدین كەریم لە درێژەی قسەكانیدا بۆ گوڵان گوتی: «لە ئێستادا كاركردنی كچان و ئافرەتان گرنگترین ئەركە، ئەویش بۆ ئەوەی پشت بە خۆی ببەستێت و بەهرەكانی بدۆزێتەوە و متمانە بەخۆبوون بە دەست بێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت هاوكاری خێزانەكەی بكات، واتا هەم خۆی پێش دەخات هەم هاوكاری كەسانی تر دەكات، بۆ نموونە بەخۆشحاڵییەوە هەموو هاوكارەكانم كە لە كارەكەم یارمەتیم دەدەن ئافرەتن، كەواتە ئافرەت كە خاوەنكار بێت هەلی كار بۆ ئەوانی دیكەش دەڕەخسێنێت».
لە ئێستادا كارەكانم لە ڕێگەی پەیجەكانی سۆشیال میدیاوە نمایش دەكەم، سوپاس بۆ خوا خواست لەسەر كارەكانم لەناوە و دەرەوەی ولات زۆرن، پێشتر فێركاریم بڵاو دەكردەوە و خولی فێربونم بۆ فێرخوازان دەكردەوە كە زۆربەی خولەكان بەخۆڕایی بوون، بەڵام ئێستا بەبۆنەی پێشكەوتنی تەنكەلۆژیا و زۆربوونی فێركارییەكان لە ڕێگەی یوتوبەوە خولەكانمان ڕاگرتووە، ئێستاش هەیە پرسیار دەكات تاك و تەرا هەر كەس هەرچی پێویست بێت من ئامادەم فێری دەكەم، جگە لەوە لای من ڕیكلام لە سەرجەم پلاتفۆڕمەكانم بە خۆڕاییە، بە تایبەت كەسێك تازە دەستی بە كار كردبێت یان ئافرەت بێت، تەنانەت هانیشی دەدەم تا بەردەوام بێت و فێركاری بەڕێوەبردنیشی پێشكەش دەكەم».
