نیهال گەنج بۆ گوڵان:ئەگەر ڕەخنەش لە ئافرەتانی هونەرمەند بگرن، با بە زمانی نەرم و ئەرێنی بێت

نیهال گەنج بۆ گوڵان:ئەگەر ڕەخنەش لە ئافرەتانی هونەرمەند بگرن، با بە زمانی نەرم و ئەرێنی بێت

نیهال گەنج خەڵكی چەولیكی باكووری كوردستانە، كاتێك تەمەنی سێ ساڵ و نیو بووە، لەگەڵ خێزانەكەی كۆچیان كردووە بۆ ئیستەنبوڵ و ئێستا لە ئیستەنبوڵ دەژی. دە ساڵ لەمەوبەر یەكەم گۆرانی كە هۆنراوە و میوزیكەكەی هی خۆی بوو، لە یوتیوب بڵاو كردەوە و ژیانی هونەریی بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ دەست پێكرد، پێش ئەوە لە بواری شانۆدا خوێندوویەتی، بەڵام وردە وردە تێكست و ئاوازی بۆ گۆرانییەكانی خۆی دانا و ستایلێكی تایبەت بە خۆی هەبووە، لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەدا یەكەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی «شەو» بڵاوكردەوە. سەبارەت بە بەرهەمەكانی خۆی و هونەری كوردی بەگشتی، چەند پرسیارێكمان لێی كرد.

*دۆخی ئافرەتانی هونەرمەند لە باكووری كوردستان چۆنە؟

-ئافرەتان دەتوانن كاری هونەری ئەنجام بدەن، بەڵام هێشتا ڕۆڵیان لە كۆمەڵگەدا وەك ڕۆڵی پیاوان نییە، یەكسانییەكی ڕەها لە نێوانیاندا نییە، بە بڕوای من ئەم بابەتە بە تەنیا خۆی بابەتێكی قورس و جێگەی گفتوگۆیە. بەداخەوە ئافرەتان هەرچەندە بتوانن لە هەموو كارێكدا كار بكەن، دیسان ڕووبەڕووی زۆر كۆسپ دەبنەوە، لە میوزیكی كوردیدا دەتوانین بڵێین دیسان زۆر كۆسپ لە بەردەم ئافرەتاندا هەیە، ئەگەر ئافرەتێك بە تەنیا خۆی گۆرانی بڵێت، هۆنراوە بنووسێت، ئاواز دابنێت، ئەوە خۆی خەبات و بەرگرییە، چونكە لە هەموو بوارەكانی میوزیكدا پیاوان زاڵترن، بۆ نموونە ئەمڕۆ كاتێك ئافرەتێكی هونەرمەند بەشداریی بەرنامەیەك دەكات، جلوبەرگ، ماكیاژ، دروستكردنی قژ زۆر كاری درێژ و كاتیان پێویستە و ناچارن بە هەموویانەوە خەریك بن، لەم بوارەدا كاری پیاوان ئاسانترە لە هی ژنان، بۆ پیاوان ئەوە بابەتێكی زۆر ئاسانە، كاتێك ژنان بڕیاری میوزیك دەدەن لەگەڵیدا خۆیان بۆ زۆر شت ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی بەرگەی بگرن. بەپێی كۆمەڵگە ئافرەتان دەبێ هاوسەرگیری بكەن و منداڵیان ببێت، یان دەڵێن بۆچی سەری خۆت دێشێنیت ئەگەر پارە بە دەست نەهێنیت. ئەگەر كۆسپێكی گەورەی دیار نەیەتە پێش، تۆ لە هەموو هەنگاوێكدا دەزانیت تاوەكو خۆت بسەلمێنیت دەبێت زۆر خەبات بكەیت و بچیتە هەر شوێنێك زاڵبوونی پیاوان هەیە. بەداخەوە لە ناو میوزیكژەناندا ڕێژەی ئافرەتان زۆر كەمە، لە ڕووی ئارەینج، پرۆدەكشن، بەڕێوەبەر و.. هتد، دیسان دەسەڵات پیاوانن. كاتێك ئافرەت و پیاوان بەراورد دەكەین، ئافرەتان زیاتر زەحمەت دەكێشن و ماندوو دەبن.

نیهال گەنج بۆ گوڵان:ئەگەر ڕەخنەش لە ئافرەتانی هونەرمەند بگرن، با بە زمانی نەرم و ئەرێنی بێت

*ئایا لە ژەنینی ئامێرێكی میوزیكدا شارەزایت؟

-لەبەر ئەوەی گۆرانیبێژم، من خۆم شارەزای ئامێرەكان نیم، من ئێستا خەریكە فێری تەمبورە دەبم، هیوادارم لە داهاتوودا لەسەر ستەیج بە تەمبورەكەمەوە دەربكەوم.

*كاردانەوەی كۆمەڵگە، بەتایبەتی لە ناوچەكەی ئێوە، بەرامبەر ئەو ئافرەتان كە لە ئاهەنگە گشتییەكاندا گۆرانی دەڵێن چۆنە و، ئایا پشتیوانییان لێ دەكرێت، یان ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە؟

-هەم ڕەخنە و هەم پشتیوانی هەیە، من لە ئیستەنبوڵ، لەو شارە گەورەكە دەژیم، بۆیە باش نازانم لە ناوچەكە چی ڕوو دەدات، بە بڕوای من ئەگەر ڕەخنەش هەبن، دەبێت بە زمانی نەرم و ئەرێنی بن، بە شێوەیەكی تایبەتی، ناسیاو و دۆستەكانم هەمیشە پشتیوانیم لێ دەكەن.

*ئایافۆلكلۆری كوردی چەندە كاریگەریی لەسەر هونەری ئێستای باكووری كوردستان كردووە و تۆ چەندە سوودت لەو فۆلكلۆرە وەرگرتووە؟

-بێگومان فۆلكلۆر كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر هونەری من هەبووە، لە منداڵیمدا بە كاسێتەكانی دەنگبێژان گەورە بووم، لە ماڵەوە هەمیشە ئەو كاسێتانە هەبوون، بەڵام ئەو كاتە بەڕاستی دەمگوت ئەوانە چ دەنگێكن، هەرگیز حەزم لە دەنگبێژی نەدەكرد، كاتێك گەورە بووم ئەوانە لە غەریبی بوونەتە ماڵێك بۆ من. زۆرتر گوێ لە دەنگی دەنگبێژە گەورەكان شاكیرۆ و جوان حاجۆ دەگرم، هەروەها مامێكم دەنگی زۆر خۆش بوو، ئەویش كاریگەریی لەسەر میوزیكەكەم هەبووە. بەهۆی ئەو مامەم و فۆلكلۆری كوردییەوە من لەم دواییانەدا فێری زمانی دایكی خۆم بووم و گەڕامەوە سەر ڕوح و گیانی خۆم.

*لەنێو بەشەكانی كوردستاندا (باشوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا، باكوور) لە كام بەشدا هونەری كوردی زیاتر پێشكەوتووە و هۆكاری ئەوە چییە؟

-من لەم دواییانەدا فێری كوردی بووم، دەخوێنم و بەدوایدا دەچم، هێشتا زانیاری و پێشكەوتنەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان باش نازانم، بەڵام هونەر و هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات بە بڕوای من بەتوانان و حەزم لە هونەرەكەیانە.

*چ كۆسپ و كێشەیەك هەیە كە ژنانی هونەرمەند لە باكووری كوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە، و پێشنیارەكانت بۆ باشتركردنی ئەم دۆخە چین؟

-دەبێ كەناڵ و سەكۆی زیاتر هەبن بۆ ئەوەی ژنانی كورد خۆیان دەنگ و ئاوازی خۆیان بناسێنن و بۆ ئەوەی دەرفەتێك دروست ببێت تا میوزیكی كوردی دەوڵەمەندتر بێت.

دەبێ خانمە میوزیكژەنە نوێیەكان بە زمانی ئەرێنی شی بكرێنەوە و ڕەخنە بگرن و بە هەموو شێوەیەك ڕێگە بۆیان بكرێتەوە، هەروەها دەبێت میدیا زیاتر جێگەیان پێ بدات بۆ ئەوەی ئەم دۆخە نایەكسانە كەمێك زیاتر یەكسان ببێتەوە.

Top