دیدگای ستراتیژی کابینەی نۆیەم (حوکمڕانی مۆدێرن و ئابووری فرەچەشن)

دیدگای ستراتیژی کابینەی نۆیەم (حوکمڕانی مۆدێرن و ئابووری فرەچەشن)

 

هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی وەکوو دارایی و کێشەی نەوت و بودجە لەگەڵ بەغدا و ناکۆکی سیاسی ناوخۆیی بوویەوە بەڵام کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی قەیرانەکانی وەک دەرفەتێک قۆستووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیی ڕیشەیی و پڕۆژە ژێرخانییە درێژخایەنەکان ، هەروەک ئەستەمترین لایەنی حوکمڕانی لە هەرێم پەرشوبڵاویی سیستەمی دارایی و کارگێڕی بووە ، پڕۆژەی (هەژماری من)  و حوکمڕانیی دیجیتاڵی نموونەیەکی باڵای ئەم ئاراستە مۆدێرنەیە ، ئەم پڕۆژەیە لە بنەڕەتدا گواستنەوەی سیستەمی مووچەیە لە دابەشکردنی نەختینەیی (کاش) و ڕۆتینی کارگێڕیی وە بۆ سیستەمێکی بانکیی دیجیتاڵی ئەمە هەنگاوێکە بەرەو شەفافییەتێکی زیاتر و کەمکردنەوەی ڕۆتین و دامەزراندنی سیستەمێکی بێلایەن کە مامەڵە لەسەر بنەمای داتا و یاسا دەکات.

دەکرێ بڵێن ئابووری هەرێم بە درێژایی دەیان ساڵ وابەستەی یەک سەرچاوە بووە کە نەوتە ، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ وەک ستراتیژی نانەوتی و پڕۆژەی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم بۆ بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو وەک هەنگاوێکی دروست و کرداری بۆ فرەچەشنکردنی داهات تەماشا دەکرێت ، لە ڕاستییدا ئەمە تەنیا پڕۆژەیەکی ئابووری نییە بەڵکو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئابوورییە لە بواری خۆراکدا کە دڵنیایی ئاسایشی خۆراک بۆ هەرێم دابین دەکات و گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵیش پاڵ بە کەرتی پیشەسازیی خۆراکەوە دەنێت و لەمڕووەوە پرۆژە ستراتیژییەکانی وەک (مێگەل) هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەرەخسێنێت و بەرهەمی نانەوتی زیاتر دەکات.

پرۆژەی ڕوناکی کوردستان بووەتە هۆی دابینکردنی کارەبای بەردەوام لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان و یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە مۆدێرنەکان و ڕاستەوخۆ ژیانی هاوڵاتیانی باشتر کردووە ، هەروەها پڕۆژەکانی ڕێگاوبانی ستراتیژی وەک ڕێگای دووساید و پردەکان وەک وەبەرهێنانێکی درێژخایەن بۆ ئاسانکاریی بازرگانی و پەرەپێدان و بەستنەوەی ناوچە دوورەدەستەکان بەیەکەوە تەماشا دەکرێن و هەنگاوێکە بەرەو یەکگرتوویی زیاتری کارگێڕیی ناوخۆ و هەروەها هەرێم دەگۆڕێ بۆ ناوچەیەکی گرنگی ترانزێتی لە نێوان تورکیا و ئێران و عێراق .

کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەسەر ئاستی جیهان و عێراق بەهۆی کەمبوونەوەی دابارین گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە و هەرێم ، دامەزراندنی بەنداو و پۆندەکان ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران و ئاوی لافاو، لەبری ئەوەی بڕژێتە دەرەوەی سنووری هەرێم ئەم ئاوە کۆکراوەیە دەبێتە گەنجینەی ئاو بۆ وەرزی وشکەساڵی و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی داهاتوو و هەروەها هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ ئەوەی ئاوی پێویست بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ لە ژێر کۆنترۆڵی هەرێم خۆیدا بێت و سەرەڕای ئەوەش کەرتی گەشتیاریی بەرەوپێش دەبات  . بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانکاریی کەش و هەواش هەڵمەتی سەوزکردن و چاندنی دار و درەختی ڕاگەیاندووە ، پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت لەمڕووەوە . هەروەها کابینەی نۆیەم هەنگاوی کردەکی ناوە بۆ ئەوەی پشت بە ئاوی ڕووبارەکان ببەسترێت لە جیاتی ئەوەی ئاوی ژێر زەوی بەکاربهێنرێت ، هەروەک پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی خواردنەوەی هەولێر و چەندین پرۆژەی دیکەش لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی بە ئەنجام گەیاندووە .

لە ڕووی فیکری سیاسی و پراکتیکی حوکمڕانییەوە، ڕەهەندێکی بەهێز لە دیدگای مەسرور بارزانیدا بەدی دەکرێت ئەویش سەربەخۆیی ئابووری و داهاتە و جەختکردنەوەی بەردەوامە لەسەر فرەچەشنکردنی ئابووری و گواستنەوەیە بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی وەک ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت  ، هەروەها ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی بەغدا بۆ ملکەچبوونی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان ، پاراستنی دەسەڵاتی هەرێم بەسەر سامانی سروشتی ئاماژەیە بۆ پاراستنی ماف و قەوارەی هەرێمی کوردستان .

ئەمە جگە لەوەی هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و دراوسێ بە تایبەتی پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا و بەردەوام دووپات لە پابەندبوون بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا کراوەتەوە بەتایبەتی لە جەنگی دژی داعش و هەروەها پەرەپێدانی هاوبەشی ئابووری لە نێوانیاندا .

لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین دیدگای سەرۆک وەزیران و کابینەی نۆیەم بە تایبەتی لەسەر ئاستی ستراتیژی و چاکسازیی دارایی کاریان لەسەر دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەت کردووە بە تایبەتی لە ڕەهەندی حوکمڕانیی مۆدێرن و ئابووریی سەربەخۆوە ، سەرکەوتنی زیاتری تەواوی ئەم دیدگایەش لە ئایندەدا بەندە بە زاڵبوون بە سەر دوو ئاستەنگی سەرەکی یەکەم : چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە سیاسییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دڵنیابوون لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان ، دووەم : یەکگرتوویی ناوماڵی ناوخۆ بە مەبەستی یەکدەنگی زیاتر لە بەغدا و جێبەجێکردنی تەواوی یاسای چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان . ئەگەر ئەم پایە دامەزراوانە بپارێزرێن پێشبینی دەکرێت هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق و ناوچەکە ببێتە قەوارەیەکی دامەزراوەیی سەقامگیر و خۆبژێو.

 

 

 

Top