هونەرمەند ئازا حەسیب قەرەداخی پێشانگەیەكی تایبەتی شێوەكاری بە ناونیشانی (كوردەواری)كردەوە
ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 2/11/2025 لە گەلەری میدیا لە شاری هەولێر,شاعیر و هونەرمەندی شێوەكار(ئازا حەسیب قەرەداخی)یازدەهەمین پێشانگەی تایبەتی خۆی لەژێر ناونیشانی (كوردەواری) كردەوە.
پێشانگەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر،بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری كرایەوەو هەریەك لە (ئاریان سەڵاحەدین) بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، فەرهەنگ غەفور بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و ئازاد لەشکری بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاری و ژمارەیەك لە هونەرمەندانی شێوەكار و هونەردۆستان ئامادەی مەراسیمی كردنەوەی پێشانگەكە بوون.
هونەرمەند ئازا حەسیب قەرەداخی لە پێشانگەی (كوردەواری)دا ژمارەیەك تابلۆی نوێی خۆی نمایش كرد,كە سەرجەم كارەكان لە خەیاڵێكی قوڵەوە,بە هونەرێكی بەرز بەرهەمهاتوون,تابلۆكان بە گشتی گوزارشت لە هێزی ژنی كورد و فەرهەنگ و كەلتووری كوردی دەكەن,هەر تابلۆیەكی نێو ئەم پێشانگەیە پەیامێكی تایبەت بە خۆی هەڵگرتووەو چیرۆكی خۆشەویستی,نەتەوەیی,ئازاری تەنیایی,هێزی ژن لە نێو كێشەو گرفتەكاندا,وە چەندین چیرۆكی دیكە دەگێڕنەوە.
ئەم پێشانگەیە لە گەلەری میدیا لە شاری هەولێر,بۆماوەی پێنج ڕۆژ تاوەكو ڕێكەوتی 6/11/2025 بەردەوام دەبێت,ڕۆژانی پێشانگە لە كاتژمێر 9ی بەیانی تاوەكو 1ی نیوەڕۆ,وە كاتژمێر 2:30ی دوای نیوەڕۆ تاوەكو 6ی ئێوارە بە ڕووی سەردانكەران و هونەردۆستاندا كراوە دەبێت.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
