مامۆستا مەلا ئیدریس ژاژڵەیی بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكێتیی زانایان: با هەڵبژاردنی نوێنەرانی كورد لە بەغدا بكەینە هەوێنی هێز و یەكڕیزی و چەسپاندنی مافەكان و دابینكردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەكەمان
October 31, 2025
دیمانەی تایبەت
بەشداریكردن لە هەڵبژاردن واتە مومارەسەكردنی ئەرك و مافێك كە مرۆڤ ئازادانە نوێنەری خۆی لە كایە سیاسیەكاندا دیاری بكات. بۆ گەلی كورد، بەتایبەت لە بارودۆخێكدا كە مەترسی لەسەر كیان و مافەكانی وەك نەتەوەیەك هەیە، ئەركێكی هەم مرۆڤانە و هەم ئایینییانە و نەتەوەییشە، بەشداری لە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بكات و كەسانی شیاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە هەڵبژێرێت كە سەركەوتنەكانی كوردستان دەكەنە ئامانج. پێویستە هەڵبژاردنەكە بە هێمنی و ئاشتییانە بەڕێوەی ببەین و نەبێتە هۆكاری لێكترازان و ڕق و كینە و لاوازبوونی ئەزموونی هەرێمی كوردستان. پێویستە بیكەین بە هەوێنی هێز و یەكڕیزی و چەسپاندنی مافەكان و دابینكردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەكەمان.
