تەرزە محەمەد حسێن بەربژێری ژمارە (١٣) لەسەر لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان بازنەی سلێمانی: داوا لە گەلەكەم دەكەم لە ڕێگەی دەنگدانیان هێزی ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیە و گۆڕانكارییەم پێ بدەن
تەرزە محەمەد حسێن بەربژێری ژمارە (١٣) لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بازنەی سلێمانی
***
وەكو كاندیدێكی بە ئەزموون لە بواری ئەكادیمی هەوڵ دەدەم لە بواری پەروەردە و خوێندن خزمەت بە هاووڵاتیانی كورستان بكەم.
سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەم كە ئەو متمانەیەی بە ئێمە بەخشی، تاوەكو بۆ شەڕكردن لەسەر مافەكانی كورد لە بەغدا دەست بە كار بین، من بە نوێنەرایەتی گوندی سیرەمێرگ و ناوچەی شارباژێڕ و هەموو كوردێكی بە شەرەف بۆ ئەم خاكە بە یاسا و دەستوور لە پەرلەمانی عێراق ئامادەی خزمەتم.
خۆكاندیدكردنم گواستنەوەی خەباتی سیاسی و مەدەنییە بۆ خەباتی یاسایی و دەستووری، چونكە باوەڕم وایە قۆناغی فیدڕاڵی قۆناغێكی ڕاگوازراوە و دەبێت كار و خەباتمان بۆ گواستنەوە بێت بۆ قۆناغی كۆنفیدڕاڵی و زامنكردنی ئازادیی تەواو بۆ كورد و كوردستان.
لە هەمان كاتدا دەبینم (٥٤) ماددەی دەستوور پێشێل دەكرێن و هەوڵی برسیكردنی گەلەكەم دەدرێت، بۆیە بە گونجاوم زانی لەگەڵ خوشك و برا كوردەكانم هەنگاو بەرەو پەرلەمانی عێراق و بەرەی جەنگی یاسا و دەستوور بنێم، تاوەكو بتوانم وەك ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و خەباتی سیاسی و مەدەنی خەبات بۆ بەدەستهێنانی كۆی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد بكەم.
داوا لە گەلەكەم دەكەم لە ڕێگەی دەنگدانیان هێزی ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیە و گۆڕانكارییەم پێ بدەن، منیش پەیمان دەدەم كە كاری لە پێشینەم خزمەتكردن بێت.
