نامەیەک بۆ گەلی کوردستان
(*)
دەنگەکەت لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکو گەرەنتییەکی ڕاستەقینەیە بۆ مافە دەستوورییەکانمان لە بەغدا
دەنگەکەت ڕێگری دەکات لە کۆنترۆڵکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسمان لە لایەن کەسانی دیكەوە
بەشداریکردنمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێویستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ستراتیجییە بۆ مسۆگەرکردنی ھاوبەشی لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ و بەھێزکردنی عێراقی یەکگرتووی ئارەزوومەندانە و تێپەڕاندنی عێراقی سەنتڕاڵ و حوکمی تۆتالیتاری، ڕەنگە ھەندێک کەس پرسیار لەسەر پێویستیی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن. لە ڕاستیدا، بەشداریکردن لەم ھەڵبژاردنانەدا، تەنیا بژاردەیەکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکو پێویستییەکی بەپەلەی ستراتیجییە،چونکە:
١- بە واتای مسۆگەرکردنی وجوود و نوێنەرایەتیی سیاسیی ئێمەیە لە پەرلەمانی عێراق، کە ناوەندی بڕیاردان و دەرکردنی یاساکان و بوودجەی فیدڕاڵی و چاودێریکردنی ئەرکی دەسەڵاتی فیدراڵییە، بەم شێوەیە کەمبوون یان نەبوونی دەنگی کورد، واتە ڕێگەدان بە کەسانی دیكە بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیارە چارەنووسسازەکان، وەک پشکی ھەرێم لە بوودجەی گشتی، ڕێککەوتننامەکانی نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییەکانی دیكە، جگە لە دۆسیەی ناوچەکانی ژێر ماددەی (١٤٠)ی دەستوور.
٢- بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن و پاشان لە پەرلەمانی عێراق، بەردەوامبوونی ھاوبەشیی دەستووری وەک ھەرێمی کوردستان، کە خاوەنی کەسایەتییەکی مەعنەوییە و ھاوبەشێکی دامەزرێنەری دەوڵەتی عێراقی فیدراڵە و مامەڵەکردن لەگەڵیدا لەسەر ئەم بنەمایە مسۆگەر دەکات، نەک لەسەر بنەمای ئەوەی کە پارێزگایەکە، وەک ئەوەی ھەندێک لە كەسانی توندڕەو خەونی پێوە دەبینن.
٣- بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکە، دەرفەت بۆ خاوەن دەروونە لاوازەکان لە ھەندێک کورد دەکاتەوە، کە بە ھاوکاریی ھێزە شۆڤێنییەکان ھەرێم پەراوێز بخەن و دژایەتیی بكەن.
ئەوەی بۆ دەنگدەرانی ھەرێم و سەرجەم ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان گرنگە، ئەو ڕۆڵەیە کە دەبێت ھەڵبژێردراوان/ نوێنەرانی کورد بیگێڕن، بەبێ گوێدانە ئینتیمای سیاسییان، چونکە ڕۆڵی نوێنەرانی کورد نابێت تەنیا ئامادەبوونێکی شێوەیی بێت لە بەغدا، بەڵکو گرتنەبەری ستراتیجییەکی کارا و ڕوونە، کە مافە دەستوورییەکانی ھەرێم بە تەواوی مسۆگەر بکات، لەوانەش:
1- ستراتجییەکە جەخت لەوە بکاتەوە کە ھەرێمی کوردستان ھاوبەشێکی سەرەکییە لە حکومەتی فیدراڵی، ھەرێمی کوردستان لایەنێکی لاوەکی یان خاوەن دەسەڵاتی پەراوێزخراو نییە.
٢- ڕەتکردنەوەی ھەر گوتارێکی نەتەوەیی یان تایفی و، جەختکردنەوە لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ھاووڵاتیبوون و یەکسانی لەبەردەم یاسادا بۆ ھەموو ھاووڵاتییانی عێراق.
٣- پێویستە ئەم ستراتیجییە چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی و کاراکردنی سەرجەم بڕگەکانی دەستوور لەخۆ بگرێت، بە شێوەیەک کە ڕێزگرتن لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەرێم مسۆگەر بکات.
٤- پشتگیریکردنی پاراستنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی سەرجەم ھاووڵاتییانی ھەرێم.
٥ - پشتگیریکردنی ئەو یاسایانەی کە خزمەتی چینی ھەژار لە سەرانسەری عێراق دەکەن.
٦- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و ئیداری لە سەرانسەری عێراق.
٧- پاراستنی مافە نەتەوەیی و کەلتووری و ئیدارییەکانی کورد و پێکھاتەکانی دیكە لە ناوچەکانی ماددەی (١٤٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ی دەستووری عێراق.
٨- بنیاتنانی ھاوپەیمانیی نیشتمانی و پشتگیریکردنی گفتوگۆی ئاشتییانەی ھەمیشەیی لە نێوان بەغدا و ھەولێر.
٩- چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق.
سەبارەت بەو ڕۆڵەی کە دەبێت نوێنەرانی کور لە پەرلەمانی عێراق بیگێڕن، دەکرێت لەم ئەرکانەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە:
١- پێکھێنانی بەرەیەکی کوردستانیی یەکگرتوو بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێم و کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی ھاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و ھاوسەنگی لە دابەشکردنی دەسەڵات و سامان دامەزرابێت، بە شێوەیەک کە بەشداریی ھەرێم لە دامەزراوە فیدڕاڵییەكان بە شێوەیەکی کارا مسۆگەر بکات.
٢- کارکردن بۆ چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی و کاراکردنی ئەو بڕگانەی دەستوور، کە جێبەجێکردنیان دواخراوە، بە تایبەتی ماددەی (١٤٠) و ماددە دەستوورییەکانی دیكە.
٣- کار بۆ پەلە کردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بە شێوەیەک، کە بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی ھەرێم و مسۆگەرکردنی مافەکانی لە سەرچاوە سروشتییەکانی ھەرێم بگرێتە ئەستۆ.
٤- مسۆگەرکردنی پشکی ھەرێم لە بوودجەی گشتی، بە شێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە و دوور لە ھەر لێڵییەک.
٥- مسۆگەرکردنی مافەکانی ھێزی پێشمەرگە و دڵنیابوون لە دابینکردنی بوودجە و چەکدارکردنیان و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندێتییان.
٦- بەھێزکردنی ھەماھەنگی لە نێوان نوێنەران و نوێنەرانی ھەرێم لە بەغدا و شاندە دانوستانکارەکان بۆ یەکخستنی ھەڵوێستەکان.
٧- بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان ئەندامانی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم.
٨- پشتگیریکردنی ئەو یاسایانەی کە باری ئابووری و گوزەرانی سەرجەم ھاووڵاتییانی عێراق باشتر دەکەن.
٩ - پشتگیریکردنی یاسا و بڕیار و ڕێکارەکان کە دژی گەندەڵیی دارایی و ئیداری لە سەرانسەری عێراق دەوەستنەوە.
١٠- بەرگریکردن لە مافی سەرجەم عێراقییەکان و کرانەوە بە ڕووی ھەموو ھێزە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لە پەرلەمان و، بنیاتنانی پەیوەندییەکی ئەرێنی و، گرتنەبەری دیالۆگ لەگەڵ ھەمووان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەی دۆستانە.
(*)
تایبەت بۆ گوڵانی نووسیوە

پ.د. كامەران ساڵحی