كوردستان سەركەوتوو بوو لە بەرێوەبردنی مۆندیالی تۆپی پێی بچووكراوی خانمان
كوردستان سەركەوتوو بوو لە بەرێوەبردنی مۆندیالی تۆپی پێی بچووكراوی خانمان
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆری هاندەرانی وەرزشیی یاری كۆتایی مۆندیالی تۆپی پێی بچووكراوی خانمان لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی میسر و بەرازیل بەرێوەچوو، لەم یارییەشدا یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردەكە توانیان ئاستێكی بەرزی یاری تۆپی پێی بچووكراو پێشكەش بكەن و یارییەكەش لەكاتی یاسایی یارییەكە بە یەكسانی بوونی هەردوو تیپ بە گۆڵێك یەكسان بوون لە لێدانی سزای یەكلاكەرەوەش هەڵبژاردەی میسر توانی یارییەكە بباتەوە بە ئەنجامی (3-2)گۆڵ و نازناوی مۆندیالی بچووكراوی ئافرەتانی بەدەستهێنا و هەڵبژاردەی لوبنانیش بە سەركەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی كوردستان پلەی سێیەمی پاڵەوانێتیەكەی بەدەستهێنا.
بەرێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری یەكێتی تۆپی پێی بچووكراو مینی بۆڵ لە هەولێری پایتەختی كوردستان بەبەشداری هەریەك لە هەڵبژاردەكانی تۆپی پێی خانمانی(كوردستان، بەرازیل، میسر، ئوردەن، پاكستان، لوبنان) بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ یارییەكانی لە هەردوو یاریگای زانكۆی جیهان و هەندرێن بەرێوەچوو، هەولێری پایتەخت ئامادەكارییەكی جوانی كردبوو بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم پاڵەوانێتیە بەشێوەیەكی بەرچاو و شەرستانیانە ئەنجام بدرێت، لە بارەی ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتیەش بەشێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەكان بۆ گۆڤاری گوڵان سەرنجی خۆیان خستە ڕوو.
دێرین مەحموود یاریزانی هەڵبژاردەی كوردستان بۆ گۆڤاری گوڵان لە بارەی پاڵەوانێتیەكە گوتی" ئاستی پاڵەوانێتیەكە زۆر باشبوو بۆ یەكەمجارە ئەم پاڵەوانێتیە لە كوردستان ئەنجام بدرێت و پێشوازییەكی زۆر باشیش لە تیپەكان كرا، بۆ كچانی كوردستانیش ئەم یارییانە زۆر گرنگ بوو، هەر چەندە ژمارەی تیپە بەشداربووەكان كەم بوو، بەڵام بۆ كوردستان وەكو سەرەتایەك زۆر گرنگ و باش بوو، تیپەكانیش بەشێكیان ئاستیان زۆر باشبوو و كێبڕكێ هەبوو لە نێوان تیپە بەشداربووەكان، ئێمەش وەكو یاریزانانی كوردستان دڵخۆشین بە ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتیە و هەرچی لە توانامان بوو ئەنجامدا و دەكرا ئەنجامی باشتریش بەدەست بهێنین. بەڵام بە ڕوحێكی كوردانە و هەموومان بۆ ناوی كوردستان ئامادەبووین و خزمەتی درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەكەمان بكەین.
یانا فری یاریزانی تۆپی پێی بچووكراوی هەڵبژاردەی خانمانی بەرازیل بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" هەستێكی خۆشم هەیە كە بۆ یەكمجارە دێمە كوردستان، بەڕاستی بۆمن هەستێكی خۆشە كە لە هەولێر ئەم پاڵەوانێتیە بە شێوەیەكی جوان بەرێوەچوو، ئاستی پاڵەوانێتیەكەش زۆر باشبوو و تیپە بەشداربووەكان گرنگیان بە پاڵەوانێتیەكە دابوو، بە ڕاستی شاری هەولێر زۆر ئارام بوو، خەڵكەكەی زۆر میوان دۆست بوو و ڕێزی ئێمەیان زۆر دەگرت و هانی هەڵبژاردەكەیان دەدا، هەر چەندە ئێمە پلەی دووەمان بەدەستهێنا، بەڵام دەمانتوانی زیاتر خۆمان ماندوو بكەین و ببینە پاڵەوانی ئەم پاڵەوانێتیە، حەز دەكەین جارێكی تر بەشداری ئەم جۆرە پاڵەوانێتیە بكەینەوە.
ئەمەل حسێن یاریزانی هەڵبژاردەی كچانی میسر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" سوپاس بۆ خوای گەورە توانیمان ببینە پاڵەوانی مۆندیالی بچووكراوی خانمان لە هەولێرەوە نازناوەكەمان بەرز كردوە توانیمان سەركەوتنێكی گرنگ ومێژوویی بەدەست بهێنین، میواندارییەكی زۆر جوانیان كردین و ئاستی پاڵەوانێتیەكەش زۆر باشبوو، هەولێر شارێكی ئارامە لە گشت ڕوویەك و پێشكەوتنی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، یارییەكانیش بەشێوەیەكی زۆر باش بەرێوەدەچوو ئاستی پاڵەوانیتیەكەش زۆر باش بوو، یاریزانەكانمان زۆر دڵخۆشبوون لە شاری هەولێر بەهیوای ئەوەین ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنین.
سەلوا مەنسور یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی خولەكە لە هەڵبژاردەی میسر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" ئاستی پاڵەوانێتیەكە زۆر باش بوو یاریزانانی هەڵبژاردەكان هەمووی بە هیواوە هاتبوون بۆ بەشداری كردن لەم مۆندیالە، ئێمەش وەكو هەڵبژاردەی میسر توانیمان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەین و لە یەكەم ڕۆژی هاتنمان بۆ هەولێر بۆ بەشداری كردن لەم پاڵەوانێتیە ئامانجمان بەدەستهێنانی جامەكە بوو، هەولێر شارێكی جوان و ئارامە و زۆر پێشكەوتووە لە بەرێوەبردنی یارییەكانیش زۆر باشبوو، بەهیوای ئەوەین جارێكی تر بگەرێنەوە هەولێر بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانیەتیەكی جیهانی.
