تاڤگە عومەر ڕەشید كاندیدی ژمارە (٩) لەسەر لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی: لە گۆڕەپانی یاسادانان بازنەی خزمەت فراوانتر دەكەین
تاڤگە عومەر ڕەشید كاندیدی ژمارە (٩) لەسەر لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە یاسا، بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی یاسایی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان
***
بە متمانەی جەماوەری خۆشەویستی كوردستان، ئەزموونی زیاتر لە چارەكە سەدەیەكی حزبی و ئیداری دەبەینە گۆڕەپانی دەسەڵاتی یاسادانان و بازنەی خزمەت فراوانتر دەكەین،
پشتیوان بە خوا ئەگەر دەرچووین و متمانەی خەڵكی شاری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین بەدەست بێنین، بێگومان ئێمە درێژەپێدەری ئەو پەرلەمانتارانەی پێشوو دەبین كە هەمیشە نموونە و سمبول بوون بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكان، هەروەها ئەندامێكی كارا و كارەكتەرێكی سەرەكی دەبین لە بازنەی جێبەجێكردنی بەرنامە و سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان. جگە لەوەش هەوڵێكی جددی بۆ یاسای نەوت و غاز و رێكخستنەوە و شایستەیی زیاتری زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەدەم، بە شێوەیەكی گشتی ئەمە بەرنامەی من دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
