مامۆستا مەلا سەعید مەجید ئەمین پێشنوێژ و وتارخوێن و بەڕێوەبەری ئەوقافی قەزای شێخان: تەنیا یەك هێز دەتوانێت هاوكێشەكان لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و دۆزە ڕەواكەیدا یەكلا بكاتەوە، ئەویش لیستی (٢٧٥)ی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی
دەنگدان لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا تەواو چارەنووسسازە، ناوچەكە بە بارودۆخێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. لێرە و لەوێ دەبینین و دەبیستین باس لە گۆڕانكاریی نەخشەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت. عێراق وەك وڵاتێكی هاوكێشە ئاڵۆزەكان، بە بوونی دەیان هێزی سیاسی كە سەرچاوەیان وڵاتانی هەرێمیی ناوچەكەن، هێزی كێبڕكێ و ململانێی تێدایە. لێرەدا دەمەوێت بڵێم، ئەزموونی چەندین ساڵی ڕابردوو سەلماندوویەتی كە تەنیا یەك هێز دەتوانێت هاوكێشەكان لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و دۆزە ڕەواكەیدا یەكلا بكاتەوە، ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی و بە لیستی ژمارە (٢٧٥).
لێرەوە بە ئەركی سەرشانی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە دەزانم، كە بەشدارییەكی كارا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بكەن و دەنگ بە لیستی پارتیمان بدەن. ئەمە بۆ هێزی مانەوەی دۆزی گەلەكەمانە لە بەغدا، بۆ بەردەوامیدانە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان و، بۆ پێكەوە ژیانی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان كە بووەتە جێگای دڵخۆشیی خەڵكی كوردستان و سەرسامیی خەڵكی بێگانە بە پێشكەوتنی هەرێم. هەروەها، بۆ دانانی بەردی بناغەی دەوڵەتداری لەلایەن جەنابی سەرۆك وەزیران كاك مەسروور بارزانی، كە ئەویش ژێرخانی ئابووریی بەهێزی كوردستانە بۆ ئێستا و ئایندەیەكی گەشتر بۆ هەرێمەكەمان.
