مەلا عەبدولڕەحمان مەلا تەها پێشنوێژ و وتارخوێن و خاوەن پڕۆژەی تەفسیر بە زمانی كوردی بۆ گوڵان: زانایانی كورد بەپێی دەقە شەرعییەكان، بەرگریكردن لە نیشتمانیان وەك ئەركێكی ئایینی و جیهادێكی ڕەوا سەیر كردووە
مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان مەلا تەها، كە لە نێو خەڵكدا بە مەلا عەبدولڕەحمانی دارەتوو ناسراوە، لە بنەماڵەیەكی دیندار و ئایینپەروەر پێگەیشتووە، خاوەن تەمەنێك لە خزمەت و پێگەیەكی دیاری كۆمەڵایەتییە و بە هەڵوێستە ڕوون و جێگیرەكانی دەناسرێتەوە. خاوەنی ٢٠ پەڕتووكی زانستییە لە بوارەكانی شەریعەتی ئیسلامیدا و پڕۆژەیەكی تایبەتیشی بۆ تەفسیری قورئانی پیرۆز بە زمانی كوردی هەیە. لەم دیمانە تایبەتەدا پرسی ئایین و نیشتمانپەروەری پێكەوە گرێ دەداتەوە.
دوای تەمەنێكی درێژ لە خزمەتكردنی زانستە شەرعییەكان و نووسینی چەندین پەڕتووكی گرنگی ئایینی، ڕەسەنایەتیی ئەو قوتابخانە فیكرییەی مەلای كورد پێی بەناوبانگە لە چیدایە؟ هەروەها پەیوەندیی نێوان بنەماكانی ئیمان و ماناكانی نیشتماندۆستی لە دیدی زانایانی پێشینی كوردەوە چۆن لێكدەدرێتەوە و لە كوێدا بەیەك دەگەنەوە؟
- پەیوەندیی نێوان ئیمان و نیشتماندۆستی لە ڕوانگەی زانایانی ئایینیی كوردەوە، پەیوەندییەكی بنەڕەتی، پتەو و تەواوكەرە. نیشتماندۆستی نەك هەر هیچ دژبەیەكی و ناتەباییەكی لەگەڵ باوەڕ و ئیماندا نییە، بەڵكو ڕەنگدانەوەیەكی ڕاستەوخۆ و قووڵی بەها باڵاكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامە. زانایانی كورد بە درێژایی مێژوو، بە پشتبەستن بە دەقە شەرعییەكان، بەرگریكردن لە خاك و نیشتمانیان وەك ئەركێكی ئایینی و تەنانەت جیهادێكی شەرعی و ڕەوا ناساندووە. لە مێژووی كوردستاندا، پێگەی میحراب و دینداری تەنیا لە پەرستشە تاكەكەسییەكانی وەك نوێژ و ڕۆژوودا كورت نەبووەتەوە، بەڵكو مزگەوت و حوجرەكان هەمیشە سەرچاوەی سەرەكیی متمانە، هێز و وزە بوون بۆ شۆڕشەكان، هەر لە شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییەوە تا شێخ مەحموودی حەفید، پێشەوا قازی محەمەد و ڕێبەری نیشتمانی مەلا مستەفای بارزانی كە خزمەتێكی زۆری بە دۆزی ڕەوای گەلەكەی خۆی كردووە.
مەلا مستەفای بارزانی لەسەر بنەمای بەها نەتەوەیی و ئاینییەكان شۆڕشی كرد، ئێمەش هەمیشە كەسێكمان خۆش دەوێت كە هاوكات دیندار و كوردپەروەر بێت. لە گێڕانەوەیەكی سەرۆك «مەسعود بارزانی»دا هاتووە كە لە گوندی عەسكەرتەری لە ئێران، مەلایەكی دڵسۆز و خۆشەویست بە ناوی مەلا ساڵح، چەكێكی كڕیبوو، كاتێك لێی دەپرسن كە ئایا بۆچی لەم تەمەنەدا چەكی هەڵگرتووە و دەیەوێت خەبات بكات؟ لە وەڵامدا بە شانازییەوە دەڵێت: «من خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بەرگری لە نەتەوە و خاكی كوردستان دەكەم». ئەم باسە بە ڕوونی دەریدەخات كە زانایانی كورد چۆن تێكۆشان و فیداكاری بۆ پاراستنی نیشتمانیان بە بەشێكی سەرەكی لە ئەركە ئایینی و نیشتمانییەكانی خۆیان داناوە و لەم پێناوەشدا چەندین قوربانیی گەورە و بەنرخیان پێشكەش بە گەلەكەیان كردووە كە هەمیشە بە نەمری لە مێژوودا دەمێننەوە.
مەلا مستەفای بارزانی بایەخی زۆری بە ڕۆڵی زانایانی ئایینی دەدا و هەمیشە بە ڕێزەوە پێشوازی لێ دەكردن. سەرۆك مەسعود بارزانی دەگێڕێتەوە كە باوكی پێی ڕاگەیاندووە: «ئەم مەلایانە میراتگری پێغەمبەرن (د.خ) و پێویستە زۆر ڕێزیان لێ بگیرێت». تەنانەت دەڵێت كە باوكی هیچ كاتێك هێندەی پاراستنی ڕێز و پێگەی مامۆستایانی ئایینی لێی تووڕە نەبووە. ئەم خۆشەویستییە بۆ نیشتمان لە بنەماكانی ئایینەوە سەرچاوە دەگرێت. كاتێك پێغەمبەر (د.خ) بە هۆی زوڵمی بێباوەڕانەوە ناچار كرا مەككە بەجێبهێڵێت، بە حەسرەتەوە ڕووی تێكرد و فەرمووی: «تۆ لە هەموو شوێنێك لای من خۆشەویستتریت». لێرەوە بە ڕوونی دەردەكەوێت كە نیشتمانپەروەری و بەرگریكردن لە خاك لە قووڵایی ئیمانەوە سەرچاوەیان گرتووە و هەر مرۆڤێكی باوەڕدار دەبێت پارێزەرێكی دڵسۆزی خاكەكەی بێت، تا پەرستشەكانی بە ئازادی ئەنجام بدات و پارێزگاری لە گەلەكەی خۆی بكات.
سەركردە مێژووییەكانی كورد تا جەنابی مستەفا بارزانی، دەرچووی حوجرە و ئەهلی مزگەوت بوون. فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) هەیە كە دەفەرموێت: «باشترینی ئێوە ئەو كەسەیە كە بەرگری لە نەتەوەكەی بكات، مادام تووشی تاوان نەبێت». خودای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا». بۆیە شانازیكردن بە ناسنامەی نەتەوەییەوە مافێكی شەرعی و ڕەوایە. بەڵام نەیاران هەمیشە دژایەتیی ئەم ڕاستییەیان كردووە، وەك چۆن مەلا دەلگەیی بە هۆی جەختكردنەوەی لەسەر كوردبوونی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە بەغدا زیندانی كرا، بەڵام بە هەوڵی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس و نامەیەكی فەرمیی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، زۆر بەخێرایی ئازاد كرا. ئەم ڕووداوە مێژووییانە ئەوە دەسەلمێنن كە نەیاران هەمیشە بە ترسەوە لە هۆشیاریی نەتەوەیی دەڕوانن و دەیانەوێت مەلای كورد لە دۆزی گەلەكەی خۆی داببڕن.
نەیارانی كورد بەردەوام هەوڵی دروستكردنی ناكۆكی دەدەن، چونكە باش دەزانن، ئەوەی كورد بەرەو دواوە دەبات، تەنیا حزبایەتیی تەسك و دووبەرەكییە. بۆیە پێویستە گەلی كورد لە دەوری ڕێبەرێكی نیشتمانیی دڵسۆز و دەستپاك كۆببێتەوە تا بە یەكگرتوویی بەرەو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت. مەلای كورد هەمیشە بەرگریكردن لە خاكی بە بەشێك لە ئیمان زانیوە و لە ناو شۆڕشەكاندا چالاك بووە. لەم پێناوەدا، دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان لەلایەن جەنابی مەلا مستەفا بارزانی هەنگاوێكی مێژوویی و ستراتیژی بوو بۆ یەكخستنی توانای هەموو مامۆستایان لە دەوری یەك ڕێكخراوی نیشتمانیدا، تا هەمیشە وەك پێشەنگی ڕاستەقینە بمێننەوە و خاوەن پێگە و بڕیاری كاریگەری خۆیان بن لە ناو كۆمەڵگەدا و بتوانن خزمەتی بەرچاوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و گەلی كوردستان بكەن و نیشتمانەكەی خۆیان لە دوژمنان بپارێزن.
مێژووی زانایانی ئایینیی كوردستان پڕە لە داكۆكیكردن لە میانڕەوی و ڕەتكردنەوەی توندڕەوی، كە وای كردووە ئەم هەرێمە ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پاشخانە، چۆن دەتوانرێت لە ئێستادا پارێزگاری لەم بەها بەرزە ئایینی و كولتووری یەكترقبووڵكردنە بكرێت و لە فكری نامۆ بپارێزرێت؟
- ئایینی پیرۆزی ئیسلام پەیامێكی گشتگیر و سەرچاوەی خێر، خۆشی، ڕەحمەت و ئاشتییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی. خوای گەورە و میهرەبان سەپاندنی بیروباوەڕی بە زۆرەملێ بە تەواوی ڕەت كردووەتەوە، چونكە باوەڕ بە زۆر نابێت. ئەگەر خوای گەورە ویستی لێ بووایە، هەموو خەڵكی سەر زەوی بە یەكجار دەكردە موسڵمان، بەڵام ئیرادەی ئازادی بە مرۆڤ بەخشیوە. لەم بارەیەوە لە ئایەتێكی پیرۆزدا بە ڕوونی دەفەرموێت: «وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَآمَنَ مَن فِي الْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا ۚ أَفَأَنتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّىٰ يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ »، هەروەها لە ئایەتێكی دیكەدا بە پێغەمبەرەكەی (د.خ) دەفەرموێت: «ڵسْتَ عَڵیهِمْ بِمُسَیطرٍ». لێرەوە دەردەكەوێت كە خودا فەرمانی پێ كردووە كە بە هیچ شێوازێك توندوتیژ و خۆسەپێن نەبێت بە سەریاندا.
مەلای كوردیش زۆر بە جوانی لە ناخی دینەكەی تێگەیشتووە و هەرگیز ڕێگەی نەداوە ئایین بۆ مەرام و مەبەستی سیاسی یان ململانێی حزبی بەكاربهێنرێت، هەروەها ڕێگری كردووە لە هێنانی فكری نامۆی توندڕەویی بۆ ناو دینەكەوە تا زیان بە مرۆڤایەتی و موسڵمانێتی نەگات. ئیسلام بە بنەڕەت بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤەكان و كۆتاییهێنان بە كفر، ستەم و نەفامێتی هاتووە. خوای گەورە دەفەرموێت: «ۆمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلا رَحْمَە لِلْعَاڵمِینَ». پێغەمبەریشمان (د.خ) دەفەرموێت: «باشترینی مرۆڤەكان ئەوانەن كە زۆرترین سوود بە مرۆڤایەتی دەگەیەنن». گەلی كوردیش بە سرووشتی خۆی مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز بووە، هەر لەبەر ئەمەشە كە بە درێژایی مێژوو هێرشی نەكردووەتە سەر خاك و مافی گەلانی دراوسێی ناوچەكە.
لەو سەدان ساڵەی ڕابردوودا، كاتێك كورد ئازار دراوە، كۆمەڵكوژ كراوە و بە ناوی دینیشەوە شاڵاوی ئەنفالی بەسەردا هاتووە، هەرگیز لە شۆڕشەكەیدا ڕێگەی نەداوە دەمارگیریی توندوتیژ بكەوێتە ناو باوەڕییەوە، یان تۆڵەی خۆی لە بێتاوانەكان بكاتەوە. بە پێچەوانەوە، لە سەر لووتكەی چیاكان و گوندەكانی كوردستاندا، پێكهاتەی جۆراوجۆری وەك موسڵمان، مەسیحی، جوو، كاكەیی و ئێزدی بەیەكەوە ژیاون و ژیانیان دەوڵەمەندتر كردووە. مەلای كورد هەمیشە پێشەنگی ڕێزگرتن لە هەموو نەتەوە و ئایینەكان بووە و بەرپەرچی بیری توندڕەوی داوەتەوە. زانایانی ئایینیی كورد، وێڕای خزمەتی دین، نیشتمانپەروەری ڕاستەقینەی خاكەكەیان بوون. دەرگای مزگەوت و حوجرەكان هەمیشە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی واڵا بووە. پاراستنی پێكهاتە كەمینەكانیش وەك مەسیحی، ئێزدی و كاكەیی، لای زانایان ئەمانەتێكی شەرعی بووە و وەك قەڵغانێكی بەهێز بۆ پاراستنی خوشك و براكانیان وەستاونەتەوە.
چۆن ڕۆڵی مێژوویی حوجرە لە كوردستان هەڵدەسەنگێنن وەك قوتابخانەیەكی پێشەنگ بۆ پێگەیاندنی ڕێبەرانی سیاسی و نیشتمانی، كە لەپاڵ پێگەی ئایینیی خۆیدا، پارێزەری زمان، ناسنامە و بیری نەتەوەیی كورد بووە؟
- حوجرە ئایینییەكان لانكەی سەرەكیی پێگەیاندنی نەوەیەك بوون كە پارێزگارییان لە ئایین، زمان، كولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی كرد. لەو ناوەندانەوە، لەسەر دەستی زانایانی كورد، فێربوونی زانست، نووسین و زمانی كوردی گەشەی كرد. ئەم حوجرانە جێگەی پێگەیاندنی شاعیرانی گەورەی وەك نالی، مەحوی و حاجی قادری كۆیی بوون، سەركردەكانی كوردیش هەر لەوێوە فێری نیشتمانپەروەری بوون. بەڵام ئەوانەی ویستیان بە بیروبۆچوونی نامۆ و دوور لە ئیسلام شۆڕش بكەن، شكستیان هێنا، چونكە تەنیا تەفرەقە و دووبەرەكییان دروست كرد، لەجیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی دوژمنانی نیشتمان ببنەوە. مێژووی خەباتی كوردستان پڕە لە ناوی ئەو زانایانەی كە لە سەنگەرەكانی پێشەوەی بەرگریدا بوون. ئەم تێكەڵبوونەی میحراب و سەنگەر، پەیامێكی مێژوویی و گرنگ بۆ نەوەی ئێستا دەگەیەنێت، كە ئایین و نەتەوە لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەریدا یەك دەگرنەوە. یەكێك لە خاڵە هەرە درەوشاوە و گرنگەكانی مێژووی زانایانی كوردی نیشتمانپەروەر، پاراستنی بەردەوامی شێوازی پۆشینی جلوبەرگ و كولتووری دەوڵەمەندی ڕەسەنی كوردی بووە لە بەرانبەر هەموو ئەو لێشاوە كولتوورییە بیانییانەی كە هەوڵی سڕینەوەیان دەدا.
چۆن مامۆستایان دەتوانن گەنجان لە فكری توندڕەوی بپارێزن، هاوسەنگیی نێوان ئایین و نیشتمانپەروەری دروست بكەن بۆ ئەوەی ڕۆڵێكی كارا لە پاراستنی قەوارەی هەرێم و خاكەكەیاندا بگێڕن؟
- پێویستە گوتاری ئایینی نوێ بكرێتەوە تا هاووڵاتیبوون و نیشتمانپەروەری بكاتە جەوهەری خۆی. گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتیی ئیسلام و كوردبوون دەمانباتەوە ناو فیقهی كوردیی پڕ لە لێبوردەیی. پاراستنی ئەم میراتە دەوڵەمەندە تەنیا ئەركی مامۆستایانی ئایینی نییە، بەڵكو ئەركی سەركردایەتیی سیاسی، حزبەكان، زانكۆ، قوتابخانەكان و هەموو تاكێكی كوردە. ئەم هاوكارییە دەبێتە هۆی پاراستنی ئایین، شوناس و كەرامەتی نەتەوەییمان لە سایەی نیشتمانێكی ئاوەدان و پڕ لە تەبایی بۆ هەمووان بە شێوەیەكی هەمیشەیی و بەردەوام.
