16 ئۆكتۆبه‌ر له دیدى ئێبن خه‌لدوونه‌وه و پرۆسێسى به‌ده‌وڵه‌تبوونى كوردستان له روانگه‌ى بیردۆزى دینامیكیهتى مێژوویى (سایكۆلۆژیاى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسه‌ت)
هه‌رچه‌نده كه به برواى من هه‌موو رۆژێك و سات و چركه‌یه‌ك، ساڵیادیهتى، به‌ڵام له ساڵیادى 16 ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و پرسیاره له مێشكى هه‌ر كوردێكى نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌خووڵێته‌وه: ئایا بۆچى؟ كێ تیایدا سه‌ركه‌وتووه؟ كێن ئاگرى خۆش ده‌كه‌ن و كێ بوون قۆربانیانى؟ ئایا بۆچى هه‌ندێ مرۆڤ به سروشت شه‌ڕخوازن؟ و هزاران پرسیارى له‌م جۆره، كه هزاران ساڵه هزرى مرۆڤایه‌تى و فه‌یله‌سوف و زاناینى به‌خۆیه‌وه خه‌ریك كردووه و هه‌ر یه‌كه‌یان وه‌ك خۆى شرۆڤه‌یان كردووه، و تا ئێستاش وه‌ڵامى كۆتایى و یه‌كجاره‌كیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه، چونكه ئه‌و بابه‌تش وه‌ك گشت دیارده‌كانى دیكه‌ى مرۆڤایه‌ت ئه‌ونده ئاڵۆزه، وڵامدانه‌وه‌ى ئاسان نیه.
**********
ئێبن خه‌لدوون له‌و بڕوایه‌دایه كه یه‌كگرتوویى خێزانى، كه ئه‌و له به‌رهه‌مه بهناودهنگهكهى خۆیدا "لۆژیكى ئێبن خه‌لدوون" دا به‌ناوى "ده‌مارگیرى"( العصبیه) ده‌یناسێنێ، یهكێگه له بنه‌ماكانى سه‌ره‌كیى رێكخستنى خێزانه‌كان، و له هه‌مانكاتدا له ئه‌نجامى نه‌مان و لاوازبوونى ئه‌و خێزانانه له نێو ده‌چن. دیاره ئه‌و فه‌یله‌سووفه مه‌زنه زیاتر مه‌به‌ستى له چه‌مكى خێزان، نه‌ك هه‌موو خێزانێك به‌ڵكۆ ئه‌و خێزانانه‌ن كه ده‌ستهه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه. دیاره به گشتى له سیسته‌مى سیاسى و كۆمه‌لایه‌تى جاران و ئێستاش، له زۆر شوێن ده‌ستهه‌ڵات له ده‌ست خێزان و خانه‌واده‌یه‌كه، چ خێزان و بنه‌ماڵه‌كانى ئایینى یان هه‌ر جۆرێكى دیكه بن.
بۆیه ئه‌و به پێى ئه‌زموونى خۆى، كه به پێى سه‌رچاوه‌كان له بنه‌ماڵه‌یه‌كى ده‌ستڕۆیشتووى سه‌رده‌مى خۆى بووه، یاسا و بیردۆزێكى داناوه، بۆ خانه‌واده و بنه‌ماڵه‌كانى ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌و بڕوایه‌دایه كه ته‌مه‌نى سروشتییان له نێوان 120 ساڵدایه. ئه‌و ماڵباتانه به سه‌ر 3 قۆناغدا تیپَهڕ ده‌بن:
قۆناغى یه‌كه‌م: 40 ساڵى پێده‌چێ و خێزانه‌كه تیایدا خاوه‌ن یه‌كگرتوویى و "ده‌مارگیریى" به‌هێز و زیندووه و ئه‌كتیڤه.
قۆناغى دووهه‌م: ئه‌و یه‌كگرتووییه و ده‌مارگیرییه، تاراده‌یه‌ك لاواز ده‌بێ. ئه‌ویش 40 ساڵ ده‌خایه‌نێ.
قۆناغى سێیه‌م: 40 ساڵى كۆتایى ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌یه، و یه‌كگرتوویى خێزانیان له‌به‌ریه‌ك ده‌چێ و ته‌نها هێزێكى پۆڵایین و یان كه‌سێكى زۆر بوێر و لێهاتوو ده‌توانێ ئه‌و یه‌كگرتوویه سه‌ر له نوێ زیندوو بكاته‌وه و ببوژێنێته‌وه و ئه‌گه‌ر كه‌سێك یان هێزێكى وا تیایدا هه‌ڵنه‌كه‌وت ئه‌وا ئه‌و خانه‌واده‌یه له رووى ده‌مارگیریى خێزانى و یه‌كگرتویى خۆیان به‌ره‌وه كزى و لاوازى ده‌چن تا ئاستێك كه به‌یه‌كجارى له گۆڕه‌پانى سیاسه‌ت دا ناویان ده‌سڕێته‌وه.
ئێبن خه‌لدون ئه‌و بڕوایه‌ى بۆ حكومه‌تێك نیه، كه ئه‌مرۆ ئێمه له لووتكه‌ى دهستههڵاتهكانى وڵاتاندا ده‌بینین. زیاتر مه‌به‌ستى ئه‌و كیانه سیاسى یان كهلتووریانهن كه بنه‌ماڵه‌یه‌ك به هۆى كه‌س یان كه‌سانێك و خێزانێك و یان به هه‌بوونى بیروباوهرێكى تایبه‌ت هه‌یانه، كه پاڵدهریانه بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنى جله‌وى ده‌ستهه‌ڵات و پێشه‌وایى و رێبه‌رایه‌تى ئه‌و گرووپ یان وڵات یان ناوچه‌یه. دیاره حكومه‌ته‌كانى سیستماتیك به چه‌شنێك دامه‌زراون كه دهستههڵاتهكان دابه‌شكراون و ته‌نها له ده‌ست چه‌ند كه‌سێكى تایبه‌ت یان خێزانێكدا نین و كار و ره‌فتار و بڕیاره سیاسییه گرنگ و چاره‌نووسسازه‌كان به راوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌ن و كه‌سایه‌تى و دامه‌زراوه‌كانى دیكه ده‌درێن، نه‌ك به ته‌نهایى و به بڕیارى تاكه‌كه‌سى، هه‌رچه‌نده ده‌كرێ كه‌سانێك تیایدا و به‌هۆى ئه‌زموونى تایبه‌تى خۆى پێداگرى له سه‌ر یه‌كێك له بابهتهكان بكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و هه‌بوونى لایه‌نى ئه‌رێنى و ده‌ستكه‌وتى زیاتر.
ئێبن خه‌لدوون واى ده‌بینێ هێزى سه‌ره‌كیى هه‌ر یه‌كگرتووییه‌ك " ده‌مارگیرییه‌ك" له نێو خێزانه‌كانى ده‌ستهه‌ڵاتدار دا نزیكایه‌تى خێزانى و بنه‌ماڵه‌یى یان په‌یوه‌ندى به‌هێزیانه له‌گه‌ڵ یه‌كترى یان هه‌بوونى هه‌ندێ پره‌نسیپ و به‌ها و بنه‌ما و هزر و بیروباوه‌رى به‌هێز و فه‌لسه‌فه‌ى پاڵنه‌ر بۆ یه‌كگرتن و لێكنزیكییان، و پێى وایه ئه‌م یه‌كگرتووییه و "ده‌مارگیرییه"ى خێزانى زۆر له بیروباوه‌ر و "ده‌مارگیریى ئایینى" نێو خێزانه‌كه، واته بیروباوه‌ره ئایینییه‌كانیان كارامه‌تر و كاریگه‌رتره به‌سه‌ر رێكخستن و یه‌كگرتنى ئه‌و خێزانه‌دا، و بۆ ئه‌وه‌ش نموونه‌ى زۆر خێزانى ئایینى و له‌وانه‌شه بنه‌ماڵه‌كانى ئهمهوى و عه‌باسى ده‌هێنێ، كه به بێ هه‌بوونى یه‌كگرتن و "دهمارگرییى" خێزانى، نه‌یده‌توانى به هۆكارى ئایینه‌وه به‌رده‌وامى به مانه‌وه‌ى خۆیان بده‌نه‌وه.
****
له‌م گه‌ردوونه‌دا، و له كاتێكدا كه سه‌دان سه‌ركرده و زانا بۆ پاراستنى نه‌ته‌وه‌كانى خۆیان و مرۆڤایه‌تى به گشتى، رێگه‌ى هه‌ره ئاسان و كه‌م هه‌زینه و كه‌م مه‌ترسیدار ده‌گرنه به‌ر، هزارانى دیكه، ته‌نها و ته‌نها له‌به‌ر نه‌بوونى هه‌ستى به‌رپرسیاره‌تى به‌رامبه‌ر مرۆڤایه‌تى، و بۆ گه‌یشتن به ده‌ستكه‌وتى كاتى و كه‌م، په‌نا بۆ رێگاى نائاسیى كۆشنده و ریسك (مۆغامره) ده‌به‌ن، و ده‌بن به سه‌رچاوه‌ى سه‌رهڵدانى ململانێ و تووندوتیژى و جه‌نگ.
جوانترین و زیندووترین نموونه‌ش بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌وڵه‌كانى ریفراندۆمى كوردستانیان بوو، كه به ده‌ستپێشخه‌رى و پێداگرى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى و پاڵپشتى هه‌ندێ سه‌ركرده و لایه‌نى دیكه و په‌رۆشى به‌شێك له كوردستانیانى خه‌مخۆر و ماندوو له سته‌مگه‌ران، بۆ رزگاربوون له كوت و به‌ندى زنجیرى چه‌ند سه‌د ساڵه‌ى داگیركه‌ران، كه جوانترین به‌رهه‌مه‌كه‌شى به‌ده‌ستهێنانى نزیكه‌ى (93%) ده‌نگى به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیى بوو، و خۆى له خۆیدا ده‌ستكه‌وتێكى مه‌زن و گهرهنتیكهرى رێگر بوو له دووباره و سێبارهبوونى زۆر تاوان و جه‌نگ و كۆشتار و جینۆساید و ئه‌نفالى دیكه، به‌ڵام چ ئه‌و ئه‌ندازیارانه‌ى به ئافراندنى تراژێدیاى 16 ئۆكتۆبه‌ر و چ ئه‌وانه‌ى ئێستا به لێدانى دۆهۆڵ و زۆڕناى "سزادانى ریفراندۆمچییه‌كان" و ده‌سته‌واژه‌ى له‌م جۆره، ده‌یانه‌وێ ببنه هه‌وێنى دووباره‌بوونى جه‌نگێكى دیكه، نیشانده‌رى ئه‌وه‌ن كه مرۆڤایه‌تى به گشتى تاهه‌تایه به‌ده‌ست گه‌مژه‌یى خۆیه‌وه بناڵێنێ. ئه‌و مرۆڤه‌ى كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى و مرۆڤایه‌تى ناتوانێ وه‌ك پێویست عه‌قڵ و لۆژیكى خۆى به‌كاربێنێ. چونكه هه‌میشه هه‌ن له هه‌موو كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌كاندا، كه‌سان و لایه‌ن به‌و شێوه‌یه و ئاوه‌ژووتر له‌وه بیر ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌بۆایه ئه‌و كه‌سانه و مرۆڤایه‌تى به گشتى له جیاتى بیركردنه‌وه له "سزادانى" ئه‌وانه‌ى كه له سه‌رخستنى ریفراندۆم سه‌رپشك بوون، و ئه‌وه خه‌یاڵێكى خاو و پووچه، به خه‌ڵات و مه‌دالیاى به‌رزى وه‌ك نۆبل، پاداشت بكه‌ن، چونكه ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ى له‌و كات و ساته‌دا، به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سكه تایبه‌ته‌كان له‌بیرده‌كه‌ن و پاشگۆێ ده‌خه‌ن، و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یى و مرۆڤییهكان له‌سه‌روى هه‌موو به‌ها و شته‌كان داده‌نێن. وێراى ئه‌وه‌ش ئه‌وان ئه‌و لهخۆبۆردووانهن كه دروشمى "ده‌نگ"یان له جیاتى "گۆلله" و جه‌نگ و كۆشتار ههڵبژارتووه، و مرۆڤایه‌تى ده‌بێ هه‌میشه به‌چاوى رێزه‌وه له‌و سه‌ركرده و نه‌ته‌وه و مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه و لایه‌نانه بڕوانێت، كه به بیروباوه‌ر و ره‌فتار و كردارى خۆیان مرۆڤایه‌تى ده‌كڕن و هه‌وڵده‌ده‌ن له جه‌نگ و كۆشتار دوورى بخه‌نه‌وه، و به رێگه‌ى بیركردنه‌وه‌یه‌كى دروست ئه‌و رێڕه‌وه‌یه هه‌ڵبژێرن كه مرۆڤایه‌تى و نه‌ته‌وه‌كان به‌ره‌و به‌خته‌وه‌رى و ئاسووده‌یى و دووركه‌وتن له نه‌هامه‌تى و ئاقارى نهدیارى له‌نێوچوون بپارێزن. به مخابنیه‌وه نه‌ك مرۆڤایه‌ت، ته‌نانه‌ت و به‌تایبه‌تیش كوردیش نه‌یتوانیوه سوود له عه‌قڵ و مه‌عریفه‌ى وه‌ربگرێ، و ئه‌وانه‌ى له‌و خاڵه‌دا هه‌ر له ئه‌وجى گه‌مژه‌یى و نه‌بوونى به‌رپرسیارێتین، له هه‌ر كات و ساتێك توانیویانه بوونه‌ته كۆسپى به‌رده‌مى ئه‌وانه‌شى كه ده‌یانه‌ێ مینیمۆمى ئاستى توانایان ئه‌و عه‌قڵه بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كوردستانیان به‌كاربێنن.
به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وانه‌ى كه بوونه‌ته زۆڕنابێژى به‌ره‌ى جه‌نگ و كۆشتار، و دژایه‌تى ریفراندۆم ده‌كه‌ن، به‌تووندترین شێوه سزا بدرێن، تا بارى قۆرسى مرۆڤایه‌تى، له‌م كات و ساته‌دا، سووكتر ببێ، نه‌ك قۆرستر و گرانتر له‌وه‌ى كه هه‌یه، و رێگه له جه‌نگه‌كان بگیرێت، چونكه له جه‌نگدا هه‌رگیز كه‌س سه‌رناكه‌وێ، به‌ڵكۆ هه‌موو لایه‌ك زیانمه‌ندن. ده‌بێ مرۆڤایه‌تى واز له سه‌ركه‌وتن له جه‌نگ بێنێ و شكۆى مرۆڤایه‌تى له به‌ها نهشرینهكانى وه‌ك جه‌نگدا نه‌بینێ، و كوردستان جوانترین ده‌رگایه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته. چونكه نه‌ته‌وه و سه‌ركرده و پێشمه‌رگه خه‌مخۆره دڵسۆزه‌كانى هه‌میشه له سه‌نگه‌رى به‌رگرى بووه له مرۆڤایه‌تى و شارستانیه‌ت و به‌ها جوانه‌كانى، و جه‌نگ له فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورى ره‌سه‌نى كورده‌وارى و كوردستانیانى هۆشیار داگیركردن، تاڵانكردن، سووتاندن و سه‌ربڕینى مرۆڤه‌كان، و ئه‌نفال و جینۆساید‌كردن و كێمیابارانكردنى نه‌ته‌وه‌كانى دیكه و شكاندنى شكۆ و پرستیژ و كه‌رامه‌تى مرۆڤایه‌تى نه‌بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێ نه‌ته‌وه‌ى داگیركه‌ر به‌هاوكارى خۆفرۆشان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن. له جه‌نگدا كه‌س براوه نیه و هه‌موومان وه‌ك یه‌ك و پێكه‌وه شكست ده‌خۆین. ده‌بێ مرۆڤایه‌تى بیر له ده‌سته‌واژه‌ى دیكه بۆ ئه‌م ره‌فتاره‌ى خۆى بكات و پێداچوونێك به چه‌مك و به‌هاكانى خۆیدا بكات.
له‌كاتێكدا كه به پێى گه‌واهى بسپۆرانى نێونه‌ته‌وه‌یى كوردستانى باشوور، به جیا له بهشهكانیترى كوردستان كه هه‌ر یه‌كه و تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه و له رووى سایكۆجیۆپۆلیتیكییهوه نه‌گه‌یشتوونه‌ته قۆناغى ئه‌و پارچه‌یه‌ى كوردستان، نیمچه وڵاتێكى سه‌ربخۆیه و له راستیدا و به بێى ئه‌وه‌ى هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى كۆتایى له‌گه‌ڵ فاكته‌رى دیكه‌دا هه‌یبێ، و ئه‌گه‌ر وڵاتانى رۆژئاوا هاوكارى گه‌یشتن به‌و قۆناغه‌ى بووبن یان وڵاتێكى وه‌ك ئیسرائیل به هه‌ر هۆكارێكى تایبه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندى خۆى حه‌ز و ئاره‌زووى دروستبوونى هه‌بێ و ته‌نانه‌ت هاریكاریشى بێ، له بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌و هۆكاره ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌وانیش له بنه‌ماكانى دروستبوونى ده‌وڵه‌ت به پێى تیۆرى دینامیكییهتى مێژوویى گه‌یشتوون، و ده‌یانه‌وێ له سه‌روبه‌ندى سه‌رگرتنى و به به‌هانه‌ى هاوكاریكردنى له ماكسیمۆمى ئیمتیازاتى داهاتووى و به تایبه‌ت ئابوورى و ئاسایشییه‌كانى دا به‌شدار ببن. كوردستانى باشوورى له سایه‌ى قۆربانییهكى زۆرى خه‌ڵكه‌كه‌ى و به‌تایبه‌ت پێشمه‌رگه قارهمانهكهى له ماوه‌ى سه‌ده‌یه‌ك، ده‌مێكه چۆوه‌ته نێو قۆناغى به‌ده‌وڵه‌تبوون. شۆره‌شى بارزان و چوونى بارزانیى نه‌مر بۆ سۆڤیه‌تى جاران، و دواتر هه‌ڵگیرسانى شۆره‌شى ئه‌یلوولى مه‌زن قۆناغێكى گرنگى ئه‌و پرۆسه‌یه و مهشخهڵهكهى بوون تا گه‌یشته ئه‌مرۆ. ئه‌و قۆناغانه، به پێى ئه‌م بیردۆزه، بناغه‌ى قۆناغه‌كانى سه‌ربخۆیى هه‌ژمار ده‌كرێن، كه تیایدا و به پێى گۆڕانكارى و ئاماده‌كارییه‌كانى كۆمه‌ڵایه‌ت-ده‌روونى تاك و كۆمه‌ڵگه‌ى خۆماڵى و ناوچه‌یى و جیهانى و نێونه‌ته‌وه‌یى یه‌واش یه‌واش دۆخێكى مێژوویى له‌بار دروست ده‌كه‌ن، و ده‌بن به زه‌مینه‌یه‌كى گۆنجاو بۆ دروستبوونى وڵاتێك، وه‌ك هه‌ر وڵاتێكى دیكه‌ى كه به‌م قۆناغانه‌دا تێپه‌ڕیون.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى داخه ئه‌وه‌یه كه سه‌باره‌ت به كوردستانى باشوور، هه‌ر جارێ كۆسپى گه‌وره بوونیان هه‌بووه و بوونه‌ته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م خێرایى ئه‌م پرۆسه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌و بنه‌ماڵه دهستڕۆیشتووانهى كه هه‌لپه‌رستى و له‌خۆبایبوون و رق و كینى كۆن هه‌میشه له خوێنیان له خرۆشهكى ناڵهباردایه، كه بۆ دامركاندنى ناچارى كردوون پشت له زۆرێك له قۆربانى و خه‌ونه هه‌میشه‌یى كوردستانیان و برهژهوهندییه گشتیه‌كان بده‌ن. له‌و جۆره بنه‌ماڵانه‌دا هه‌میشه كه‌سانێكى دڵسۆز هه‌بووه كه له راستییه‌كان گه‌یشتووه به‌ڵام هه‌شبووه بێباكى نواندووه و به ئافراندنى كاره‌ساتى وه‌ك 16 ئۆكتۆبه‌ر له‌مپه‌رى له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى بهدهوڵهتبووونى باشوورى كوردستان خستووه، و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى په‌كخستووه و كردوویه‌تى به قۆربانى حه‌زه نه‌ره‌وا و ناوهختهكانیان.
ئه‌و فاكته‌ره شان به شانى زۆر فاكته‌رى وه‌ك گه‌نده‌ڵى و ته‌خشان و پهخشانكردنى سه‌روه‌ت و سامانى میلله‌تان له لایه‌ن بنه‌ماڵه دهسترۆیشتووهكان، به پێى گه‌واهى مێژوو هه‌میشه كۆشندهترین گۆرزى له شان و شكۆى نه‌ته‌وه و وڵاتان و شارستانیه‌ته‌كان گه‌یاندووه. بچووكترین نموونه‌ش ساسانییهكانى به ره‌چه‌ڵه‌ك كوردن، كه به‌هۆى ململانێى بنه‌ماڵه‌كانى شاهینشاهى و شازاده خۆپهرێستهكان و كه‌سانى ئایینى، له گه‌وره‌ترین زلهێزى كاتى خۆى گه‌یشته لووتكه‌ى سه‌رشۆڕى و لاوازى، و ته‌نانه‌ت غه‌رقبوون له گه‌نده‌ڵى وایلێكردن كاتێك به‌خه‌به‌ر هاتن كه كۆمه‌ڵێك عه‌ره‌بى بیابانى ره‌ش و رووت و برسى باب و باپیرانمانى وه‌ك گه‌نم و جۆ، هه‌ر له شاره‌كه‌ى ئێستاى (ئه‌مبار و به‌سره) بگره وه‌ك ده‌ڕاسه ده‌دروین و دهكۆشتن و شارستانیهتهكهمانى گه‌یانده ناڵه‌بارترین ئاستى خۆى. شازاده و ئه‌ندامانى به‌دبه‌ختى شاهیشناهى ئیتر توانایى به‌رێوه‌بردنى وڵاتیان نه‌مابوو و له ماوه‌ى ته‌ناها چه‌ند ساڵێك دا به ده‌هان شاه شاهزاده هاتنه سه‌ر ده‌ستهه‌ڵات، به‌ڵام چونكه بنیاتى ولاتیان قۆربانى نه‌زانى و ململانێى خۆیان كردبوو هیچیان پێنه‌كرا، تا دواین جار دوژمنانى شارستانیه‌ته‌كه‌مان هه‌موو تا ئه‌و سه‌رى دنیا شار به‌ده‌ركردن و تا ئێستاش به‌سه‌رخۆى نه‌هاتووه. خه‌ڵكى وێراى زۆرى گه‌نده‌ڵى شازاده و بنه‌ماڵه‌كانى ده‌سترۆیشتوو، زۆریان بۆ پاراستنى وڵاتیان قۆربانیان دا و له به‌رامبه‌ر داگیركه‌ران داستانى ئه‌فسانه‌ییان تۆماركرد كه مێژووى مرۆڤایه‌تى تاهه‌تایه شانازى به‌و شه‌هیده قاره‌مانانه ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆى كۆشندهیى دۆخه ناڵهبارهكهى كه گه‌نده‌ڵى شازاده‌كان دروستیان كردبوو هیچ ئه‌نجامێكى دڵخۆشكه‌رى نه‌بوو.
به‌داخه‌وه ئه‌و چیرۆكه و به قۆربانیكردنى میلله‌تى كورد و گه‌نده‌ڵییه جیاجیا و به‌رده‌وام و خیانه‌ته‌كانى وه‌ك شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر هه‌میشه هه‌ر روویانداوه و هه‌میشه پشتى ئه‌و میلله‌ته‌ى شكاندووه و نهبۆوهته مایه‌ى عیبره‌تمان.
هه‌وڵى جددى بۆ نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى، ئه‌و خاڵه‌ى كه ته‌نانه‌ت جیهان و دامه‌زراوه نێونهتهوهییهكانیشى نهچاركردووه كه له به‌ره‌وه پێشبردنمان له دروستبوونى ده‌وڵه‌ت، پشتمان تێبكه‌ن، شتێكى كه‌م نیه، چونكه ئه‌م دیارده‌یه شان به شانى 16 ئۆكتۆبهرهكان، گۆرزى كۆشندهى له سایكۆلۆژیاى تاكى كورد داوه و جۆرێكى بێ متمانه‌یى لا دروستكردووه، كه له ماوه‌ى درێژخایه‌ندا كاره‌ساتى گه‌وره‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه، ته‌نانه‌ت به به‌رزبوونى ئاسته‌كه‌ى چاوه‌روانى هه‌ر شتێك ده‌كرێت. میلله‌تان وه‌ك زریان و به‌ڵكۆ وه‌ك بۆمبێكى قۆرمیژكراوى ئه‌تۆمین، و ته‌نها یه‌ك رووداى بچوكى گه‌ره‌كه تا بته‌قێته‌وه و كاره‌ساتى لێبكه‌وێت و ته‌ڕ و وشك بسوتێنێ و كوردستان وێران بكات.
با ساویلكانه بیر نه‌كه‌ینه‌وه و شته‌كان به هه‌ند وه‌ربگرین و فریوى مرۆڤه ماستاوچییهكان نه‌خۆین و تۆزێك لێیان به‌دور بكه‌وین تا بتوانین به ئازادى و لۆژیكى و واقیعیانه و دروست بیر بكه‌ینه‌وه و بزانێن هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك لهوانهییبوون و ئه‌گه‌رى وه‌ستان و له كاركه‌وتنى، هه‌میشه، له ئارادایه، و هه‌مان شت بۆ پرۆسه‌ى دهولهتبوونى كورد هه‌یه، و به‌و پێیه‌ى كورد زۆر دوژمنیشى هه‌یه زۆر به ئاسانى ئه‌و رووداوه رووده‌دات ئه‌گه‌ر كورد بیر له چاره‌سه‌رێكى خێرا بۆ دیارده‌كان 16 ئۆكتۆبه‌ر و گه‌نده‌ڵى نه‌كات.
سه‌رچاوه: مهرین، مهران (2003). فلسفه الشرق، ترجمه: محمود علاوی، المشروع المۆتمر للترجمه (599)، گ.1، القاهره، 461 ص.
*پرۆفیسۆرى ه. له زانستى سایكۆلۆژیاى پێداگۆگى/ زانینگه‌ى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*