د. عەبدوڵڵا شێركاوەیی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان: ئەگەر هێز و ئیرادەی سەرۆك بارزانی نەبووایە تووشی دەیان دەردیان دەكردین و هەرێمەكەمان پڕ دەبوو لە فكری داعش و شیعەگەرا و میلیشیا و دەیان نەهامەتی
پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ هەر گەل و وڵاتێك بایەخ و گرنگیی خۆی هەیە، لەبەر ئەوەی لە ڕێی هەڵبژاردنەوە تاك دەتوانێت گوزارشت لە ئیرادەی خۆی بكات و نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی ببێتە داكۆكیكارێك لە ماف و بەرژەوەندییە تایبەتی و گشتییەكان. ئەم هەڵبژاردنەی لە پێشمانە و بڕیار وایە لە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنێكی تایبەتمەند و گرنگە، لەبەر ئەوەی لەلایەك پێگەی كورد لە عێراق بەهێز دەكات و پارسەنگی شەراكەت ڕادەگرێت، لەلایەكی دیكەوە كورد پێویستی بە پاڵپشت و هێزێكی دیاری سیاسی و خاوەن ئیرادە هەیە، بۆ ئەوەی گرەوی ململانێكان بباتەوە و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم و پێگەی كورد لە عێراق بكات.
بۆیە زۆر گرنگە خەڵك بەشداریی كارای هەبێت و بە هیچ بیانوو و هۆكارێك پاشەكشە نەكات، چونكە هەر پاشەكشە و گەڕانەوە و خەمساردییەك وا دەكات، هێزە عێراقییەكان سوودی لێ ببینن، خۆ ئەگەر واقیعییانە بیر بكەینەوە، دەبێت بپرسین: ئەگەر بەشداری لە هەڵبژاردن نەكەین، چ قازانجێك بە گەل و وڵات دەگات؟
ئێمە وێڕای بەرپرسیارێتیی ئایینی، ئەركی پاراستن و پارێزگاریكردنی گەل و نیشتمانمان لەسەر شانە و پێویستە بە هەموو توانایەك لە خزمەتی پرسەكە هەنگاو بنێین، چونكە پارێزگاریكردن لە نیشتمان و نەتەوە بەشێكە لە دینداری، بەشێكی گرنگیشە لە تێڕوانین و ئەجێندای كەسی نیشتمانپەروەر، لە لایەكی دیكەوە هەموو میللەتان پەرە بە خۆیان دەدەن و دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتیی خۆیان لە ڕێی هەڵبژاردنەوە دەبەنە پێشەوە، بۆ دەبێ ئێمە وا نەبین و خزمەتی ئەو پرۆسە گشتییە نیشتمانیانە نەكەین؟ لە ڕابردوو دیتمان عەرەبە شۆڤێنییەكان چەندە داخدارن بۆ زیانگەیاندن بە پرسی كورد، دیتمان گرووپە توندڕەوەكان چەندە تێنوون بە خوێنی كورد و نایانەوێت پێشكەوتنەكانی هەرێمەكەمان ببینن. بینیمان وڵاتانی دەوروبەر بۆیان بلوێ چەندە زیان لە كورد و پێگەی هەرێم دەدەن، لەهەندێ كات و ساتیش تێگەیشتین كە كورد جگە لە چیاكان كەس دۆستی نییە، لە هەندێك هەنگاوی نیشتمانی و نەتەوەییش وەك ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كە مافێكی شەرعی و ڕەوای هەر گەلێكە، دیتمان تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و جیهانی ئیسلامی و زلهێزەكان چیان پێ كردین! بۆیە لەناو هەموو ئەو موعادەلەیە ئەگەر هێز و جوود و ئیرادەی سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئێستا هەرێمەكان ئیفلیج دەبوو، تووشی دەیەها دەردیان دەكرد و پڕ دەبوو لە فكری داعش و شیعەگەرا و میلیشا و دەیان نەهامەتیی دیكە، بگرە لەوانە بوو، نەك مووچە، بەڵكو قومێك ئاو و لەتە نانێكیشیان پێ ڕەوا نەدەبینین.
بە تێڕوانینی من ئەم هەڵبژاردنە گرنگە و پێویستی بە بەشداری و پشتیوانیی هەموو تاكێك هەیە. دەبێ ئەو تاكە بزانێت، كێ نوێنەرایەتیی كوردی پێ دەكرێت لە بەغدا و كێ دەتوانێ پارێزگاری لە دەستوورو ماف و شایستە دارایی و یاساییەكانی گەلەكەمان بكات. هەروەها بزانێت كێ دەتوانێ بە هێزەوە لە سەر سەكۆی گفتوگۆی گەرم و پێشهاتە سیاسی و یاساییەكان گرەوەكە بباتەوە.

مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی