ئایشە یەڵدز بۆ گوڵان:پێویستە هونەرمەندانی هەموو پارچەكان هەوڵی پێشخستنی هونەر و پاراستنی زمانی كوردی بدەن

ئایشە یەڵدز بۆ گوڵان:پێویستە هونەرمەندانی هەموو پارچەكان هەوڵی پێشخستنی هونەر و پاراستنی زمانی كوردی بدەن

ئایشە یەڵدز خانمە هونەرمەندێكی كوردە لە دەڤەری چەلێی باكووری كوردستان، كە بە دەنگی سەرنجڕاكێش و هونەری میللیی خۆی ناسراوە. ئەو زیاتر لە بواری گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانی كوردیدا ناسراوە و توانیویەتی بە گۆرانییەكانی سەرنجی گوێگرانی كورد بۆ خۆی ڕاكێشێت. ئایشە ئەو گۆرانییانەی كە ڕەگەز و كەلتووری كوردی دەردەبڕن، بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش و پڕ لە هەست پێشكەش دەكات، كە ئەمەش وای كردووە ببێتە یەكێك لە هونەرمەندە دڵخوازەكانی ناوچەكە. بەردەوامیی ئەم هونەرە لە لایەن ئەوەوە ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە پاراستن و پەرەپێدانی كەلتووری كوردی.

*ڕەوشی ئێستای هونەری كوردی چۆن دەبینی؟

-ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەشتا بۆنەوەد ساڵی پێشتر، دەبینین هونەری كوردی لە باكووری كوردستان و لە دەڤەری چەلێ، زیاتر پابەند بووە بە داستان و شەڕ و بەرگریكردن لە داگیركاری و پاراستنی وڵات. ئەمە تەوەری سەرەكیی هونەر بوو لە باكووری كوردستان، بەڵام ئێستا بۆ ئێمەی هونەرمەند زیاتر پشت بە ئاهەنگ و شایی دەبەستین بۆ درێژەپێدان بە كاری هونەری و پەیداكردنی بژێوی ژیانی خۆیان، ئەمەش بۆ بەشێكی زۆری هونەرمەندانی باكووری كوردستان ڕاستە.

*ئەو ئاستەنگانە چین كە ڕووبەڕووت بوونەتەوە لە كاری هونەری؟

-سوپاس بۆ خوا، من تا ئێستا هیچ ئاستەنگێك ڕووبەڕووم نەبوومەتەوە كە ڕێگر بێت لە بەردەوامیدان بە كاری هونەریم، چونكە هاوسەرەكەم و خانەوادەكەم پشتگیرییەكی تەواوم لێ دەكەن، هەروەها خەڵكی ناوچەكەشمان ئەم كارە بە هەڵە نازانن و پێیان ئاساییە. پێشتر خەڵك پێیان وابوو لە دەڤەری چەلێ هیچ ئافرەتێكی هونەرمەند نییە كە لە ئاهەنگ و زەماوەندەكان گۆرانی بڵێت، تەنیا لە دەڤەری جۆلەمێرگ و دەڤەرەكانی تر هەیە، و بەڵام سوپاس بۆ خودا، من بە هەوڵ و هاوكاریی كەسوكارەكانم توانیم ئەم ڕێچكەیە بشكێنم و بێمە ناو بواری هونەری. هیوادارم لە داهاتوودا ئافرەتانی دیكەیش بێن و لەگەڵ من بەردەوام بن لە كاری هونەری، بەتایبەتی لە دەڤەرەكەی خۆمان.

*ئەو هونەرمەندانە كێن كە تۆ زیاتر حەز بە دەنگیان دەكەی و كاریگەرییان لەسەر تۆ هەبووە؟

-ئەوەی ڕاستی بێت زۆر هونەرمەند هەن كە من گوێ لە گۆرانییەكانیان دەگرم و حەز دەكەم شتیان لێ فێر بم و بە مامۆستای خۆمیان ئەزانم، لەوانە «تەحسین تەها، محەمەد شێخۆ، ئەردەوان زاخۆیی، حەسەن جزێری، محەمەد عارف جزێری» لە ئافرەتانیش، «عایشە شان و مریەم خان».

بۆ من زیاتر مریەم خان پێشەنگە و ڕێنیشاندەر و هاندەرێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە كاری هونەری، هیوادارم بتوانم لەسەر ڕێچكەی ئەوانە بڕۆم و لە ڕێگەی هونەرەوە خزمەتێك بە زمان و كەلتوور و ڕەسەنایەتیی میللەتەكەم بكەم.

بێگومان من شێوازی گۆرانیگوتنی تایبەت بە خۆم هەیە، بەڵام زیاتر لەسەر ستایلی هونەرمەندان محەمەد شێخۆ و مریەم خان و هەندێك جاریش عائیشە شان دەڕۆم.

*جیاوازی هەیە لە نێوان هونەری كوردی لە پارچەكانی كوردستان؟

-بێگومان جیاوازی هەیە، ئەم جیاوازییەش وای كردووە كە هونەری كوردی پێش بكەوێت و ببێتە هۆكارێك بۆ پاراستنی زمانی كوردی لە هەر پارچەیەك، بۆیە ئێمەی هونەرمەندان پێویستە هەوڵ بدەین كە زیاتر هونەری كوردی پێش بخەین، چونكە بە پێشخستنی هونەری كوردی زمان و كەلتووری خۆمان دەپارێزین و دەبێتە هۆكارێكیش بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهانیش زمان و كەلتوورمان پێش بكەوێت و زیاتر بناسرێت.

*ئێستا بەشێكی زۆر لە خانمە هونەرمەندانی باكووری كوردستان لە ئاهەنگ و زەماوەندەكاندا گۆرانی دەڵێن، تۆ چی دەڵێی بۆ ئەم دیاردەیە؟

-بەڵێ ئێستا بەشێك لە خانمە هونەرمەندەكانی باكووری كوردستان لەپاڵ هونەرمەندانی پیاو لە ئاهەنگ و زەماوەندە تایبەتەكاندا گۆرانی دەڵێن، تەنانەت بەشێكیان لە باشووری كوردستان گۆرانی دەڵێن، ئەمەش بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی بارودۆخی ئابووری لە توركیا كە وای كردووە هونەرمەندان ناچار بن هەنگاوی لەم جۆرە بنێن، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە و زۆرجار ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئالنگاریی زۆر دەبنەوە، تەنانەت جاری واهەیە ڕێگرییشیان لێ دەكرێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئێستا لە زیادبووندایە و بەشێكی زۆری خانمە هونەرمەندان كە توانای هونەریی زۆریان هەیە و خاوەن دەنگێكی خۆشن، لە ئاهەنگ و زەماوەندەكاندا گۆرانی دەڵێن. ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كە بتوانن درێژە بە كارە هونەرییەكانیان بدەن.

*خوێندنی ئەكادیمی لە بواری هونەردا كاریگەریی هەیە لەسەر پێشكەوتنی هونەرمەند؟

-بەداخەوە من لە ڕووی ئەكادیمییەوە لە هیچ كۆلێژ و پەیمانگەیەكی تایبەت بە هونەری گۆرانی و موزیك نەمخوێندووە، بەڵكو هەر لە منداڵییەوە حەزم لە گۆرانیگوتن بوو لە قوتابخانە و لە ماڵەوە، زۆر حەزم لێبوو و بەردەوام بم و هەوڵم دا كە بتوانم گۆرانی بڵێم، زۆر كەس هاوكاریان كردم، وەكو گوتم خێزانەكەم هاوكارێكی زۆر بوو، پاڵپشتم بوون بۆ ئەوەی بێمە نێو بواری هونەری، منیش لە ڕووی خۆپێگەیاندن و مەشق كردنەوە هەوڵێكی زۆرم دا و ئێستاش گۆرانی دەڵێم. بێگومان خوێندنی ئەكادیمی ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە پێگەیشتنی هونەرمەندان بەتایبەتی بۆ شارەزایی لە هونەری جیهانی و گەیاندنی هونەری كوردی بە ئاستی جیهانی.

Top