یاری بالەی كچان زۆر بە باشی بەرەو پێشچووە

یاری بالەی كچان زۆر بە باشی بەرەو پێشچووە

ڕێناز عەلی یاریزانی تۆپی بالەی یانەی دەربەندیخان

یاری بالەی كچان زۆر بە باشی بەرەو پێشچووە
قەزای دەربەندیخان یەكێك لەم قەزایانەی شارەكانی كوردستانە كەوا گرنیگی زۆر بە وەرزشیی ئافرەتان دەدات بە سەرجەم یارییە وەرزشییەكانەوە، ماوەی چەند سالێكە یانەكە گرنگی زۆر بە یاری بالەی لاوان دەدات لە ئاستی كچان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن بەم تیپە كێبڕكێ لە سەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە بكەن لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان، ، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش ڕێناز عەلی-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2008ی قەزای دەربەندیخانە و پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی لە داهاتوودا، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو وەرزشی تۆپی بالەت هەڵبژارد؟
- لە ڕاستیدا سەرەتای دەستپێكردنم بە یاری وەكو حەزێك نەبوو تەنها بۆ كات بەسەر بردن بوو، بەڵام دواتر كە ڕۆیشتمە ناو یارییەكەوە حەزێكی زۆر زۆرم بۆ یاری دروست بوو.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
- نەخێر بە پێچەوانەوە بۆ من یارییەكی تا بڵێ ئاسانە، چونكە بە خۆشەویستیەوە هەوڵی بۆ دەدەم، وە هەر شتێكیش لە یاری كردن بە خۆشەویستیەوە ئەنجامی نەدەیت یارییەكە قورس دەبێت بۆ یاری بالە لای من زۆر زۆر ئاسان و پڕ چێژە.
*بۆچی لە ئێستادا یاری بالە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- بە ڕاستی پێویستی بە كەسی خەم خۆر و دڵسۆزە ، وە پێویستە كەسانێك بێنە پێشەوە گرینگی بەم یارییە بدەن نەك تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
*هۆكاری چیە ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكانی كوردستان؟
- پێشتر بەڵێ هیچ گرینگی پێ نەدەدرا، بەڵام خۆشبەختانە لە ئێستادا زۆر بە باشی بەرەوپێش دەڕوات.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- یاری بالەی كچان زۆر بە باشی بەرەو پێشچووە لە ئاستێكی زۆر باشدایە هیوادارم زیاتر گرینگی پێ بدرێت.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی كچانی وەرزشكار ئەم یارییە؟
- كردنەوەی خول و پاڵەوانێتیەكان ڕۆڵێكی زۆر زۆر باشی دەبێت بۆ دەركەوتنی یاریزانەكان.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێكی لاو؟
- بەردەوام دەبم لە یارییەكە و كۆڵ نادەم ئاستی خۆم باشتر و باشتر دەكەم لەوەی ئێستا هەمە ئینشائەلا.
*یانەی ئافرەتانی دەربەندیخان بە چ شێوازێك هاوكاریتان دەكات؟
- زۆر بە باشی هاوكاری و پاڵپشتیمان دەكەن سوپاس بۆ هاوكارییان.والیید
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- لە پشتگوێ خستنی پاڵەوانێتیەكان لە ساڵێكدا تەنها یەك پاڵەوانێتی دەكرێت، هیوادارم پاڵەوانێتی كوردستانیش بكرێت، نەك تەنها خولی عێراق بێت.

* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
- دەمەوێ بڕۆمە نێو هەڵبژاردەی عێراق وە هەموو هەوڵێكی خۆم دەدەم پەنا بەخوا ئەو خەونەشم بەدی دەهێنم.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتانن بۆ وەرزش كردن؟
-خانەوادەكەم زۆر باش و هاوكاری منن زۆر بە باشی پاڵپشتیم دەكەن زۆر سوپاسیان دەكەم..
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان هیوادارم زیاتر گرینگی بە وەرزشیی كچان بدرێت و زیاتر پاڵپشتی بكرێت.

Top