لە گۆشەنیگایەکی سیاسییانەوە نابێت سەیری ڕیفراندۆم بکەین

لە گۆشەنیگایەکی سیاسییانەوە نابێت سەیری ڕیفراندۆم بکەین

 

ڕیفراندۆم وەکو ڕێکارێکی یاسایی بۆ یەکلایکردنەوەی پرسێکی دیاریکراو پەنای بۆ دەبرێت، چەمکی ڕیفراندۆم و کرۆکی ئەم چەمکە دیوێکی هەرە ڕوون و ئاشکرای دیموراسییە و سەرژمێریکردنی ئەو دانیشتووانەیە کە سنووری ڕیفراندۆمەکە دیانگرێـتەوە، لە بڕیاردان بۆ پرسێکی هەستیار و گرنگ جا ڕامیاری بێت یاخود ئابووری یاخود کۆمەڵایەتی، تایبەت بەهەرێم یاخود وەڵاتەکەیان سەربەخۆیی واتە پرس و ڕا بە کوردستانیان بۆ دوو بژاردەیە، کە ئەوانیش ڕازیبوون بە مانەوە بەم بارودۆخەی ئێستا و مانەوە لە چوارچێووەی عێراقدا یاخود جیابوونەوە لە عێراق و دەربڕینی خواست و ئارەزوو بۆ کوردستانیان، کە بڕیار لە ماف و چارەنووسی خۆیان بدەن .واتا گرنگییەکی بەرچاوی ئەم پرۆسەیە بە یاسایی کردن و بەجەماوەر یردنی خواستی گشتی خەڵکی کوردستانە، ئەویش بۆ جیابوونەوەیان لە عیراق و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتے سەربەخۆ، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ گەلی کوردستان و بزاڤە ڕزگاریخوازەکەی و بەدیهێنانی ئامانجی باڵای گەل و خاڵی وەرچەرخانی ستراتیژی بزافەکەیە، چونکە دوایی مێژوویەکی تراژیدی و پڕ لە سەختی و لەو چوارچێووەی بزاڤێکی ئازادیخوازی جەماوەری گشتگیردا دواجار بە ڕێگای ئاشتییانە و دوور لە زمانی زبر و بێ توندتیژی لە پرۆسەیەکی تەواو دیموکراسیدا بڕیاری لە چارەنووسی خۆی دا . ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پرۆسەیەکە پەیوەندی بە تەواوی دانیشتووانی کوردستانەوە هەبوو، بەبێ جیاوازی دینی و نەتەوەیی و فکری و بیروڕای سیاسی ،چونکە تەواوی دانیشتووانی هاوبەش بوون لە تەواوی ئەو ناڕەحەتی و سەختییانەی به سەرخەڵکەکەیدا هات کە لە سایەی ئازادنەبوون بەسەرخەڵکە بەشمەینەتەکەی کوردستاندا هاتووە .
هەر بۆیە ئیرادەویستی هاوبەشی کوردستان و بەشدری تەواوی چین و توێژەکان و دەنگدان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی گەرەنتی سەرکەوتنی پڕۆسەکەیە .
لە لایەکی دیکەوە نابێت ئێمە لە گۆشەنیگایەکی سیاسییانەوە سەیری ڕیفراندۆم بکەین، چونکە پڕۆسەی ڕیفراندوم بۆ وەرچەرخانە لە تەواوی سێکتەرەکاندا و کۆی سستەمەکانی کۆمەڵگە و پێکهێنەرەکانی لە فۆڕمێکی تازەدا بونیاددەنێتەوە، دەتوانین بڵێێن کە ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی کوردستان تەنها بۆ مەبەستێکی کاتی نەبوو بەڵکو بۆ ئاییندەی ئەم گەل وخاکەیە و پڕۆسەیەک نەبوو تایبە ت بەپارت و لایەنێک بۆ بەڕێووەبردنی وڵات بۆ ماوەیەکی زۆر بەڵکو ئەم پڕۆسەیە بۆ ئاییندە و چارنووس و داهاتووی ئەم نیشتمانە بوو بۆ سەربەخۆبوونی وڵات و گەڵێکە بە تەواوی ئایین و ئایینزاکانیەوە بە تەواوی فیکر و بۆچوونە جیاوازەکانیەوە دوور لە هەر بەرژەوەندی و مەبەستێکی دیاریکراو وخودی وحزبی بەڵکو کۆکردنەوەی هەموو کوردستانیانە و گەیاندنی کاروانی نیشتمانپەروەرری و کوردایەتی بە شوێنی شایستەی خۆی . کوردستانیان بڕیاریاندا بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، جارێکی دیکە وەفاداریان بۆ خاک و خوێنی شەهیدانی ئەم وڵاتە و پێشمەرگە دووپاتکردەوە .

بێلان عاسی ڕۆژبەیانی

Top