نەبوونی پاڵەوانێتی گرفته
هایدە مەجید ڕاهێنەری كاراتی یانەی شێروانە
ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیان ئەم سنورە خاوەنی چەندین یانەی وەرزشیی بەتوانان لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق، یانەی شێروانەی سەنتەری شاری كەلار گرینگی زۆر بەتوانای یاریزانانی بەهرەمەند دەدات لە وەرزشە جۆراوجۆرەكان، تیپی كاراتی یانەی شێروانە یەكێك لەم تیپانەی چاوەڕوانی دوا ڕۆژێكی پڕشنگداری لێ دەكرێت بەهۆی بوونی ڕاهێنەری لاوی بەتوانا كە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لە سەر ئاستی ناوچەكە ئەویش كچە ڕاهێنەر هایدە مەجید مەحمود-ە، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2002 لە كەلار لەدایك بووە وڕاهێنەری تیپی كاراتی گەرمیانی سەر بە یانەی شێروانەیە و دەرچووی بەشی پەرستیارییە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەی كرد.
*ئاستی یاری كاراتی چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتیی لە شارەكانی كوردستاندا؟
-یاری كاراتی یەكێك لەو یارییانەی كە دەتوانین بڵێن زۆرترین خواستی یاریزانانی لە سەرە لە هەردوو ڕەگەزەكە.
* لە ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیان چۆن پێشوازی لێ كراوە؟
-كاراتی لە گەرمیان یارییەكی تازەیە و ماوەیەكی زۆر نییە یارییەكە دەستی پێكردوە، سوپاس بۆ خوای گەورە پێشوازییەكی باشی لێ كراوە، چۆن ئێمە یەكەمین هۆڵی كاراتین كە تایبەت بە كچان دانراوە، چونكە كچان لە گەرمیان لەم یارییە بێ بەش ببوون ئەمەش دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی كچانیش لەم وارە بەشداربن.
*وەكو ڕاهێنەرێك بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش بچێت؟
-زیاتر گرینگی بەم یارییە بدرێت، هەروەها پاڵەوانێتی زیاتر بۆ كچان ڕێك بخرێت.
*بۆ دۆزینەوەی یاریزانان چ ڕێگایەك دەگرنە بەر لەم یارییە؟
- سەرەتا حەزی یاریزان گرینگە بۆ هەر یارییەك، دواتر هەوڵدان و ماندبوونی یاریزانی دەوێت.
*ئامانجتان چیە لە گرینگیدان بەم یارییە تاكانە؟
-سەرەكیترین ئامانجی من خزمەت بە گەرمیان و پێگەیاندنی یاریزانی باشە بۆ شارەكەم.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی كوردستان و عێراق؟
-بەڵێ بۆم هاتووە، بەڵام من تەنیا مامۆستای كاراتی ئافرەتم لە گەرمیان پێم خۆشە تا بتوانم یاریزان پێبگەینم لە دەڤەری خۆم.
*كێشەو گرفتی یاری كاراتی لە چی دەبینی؟
-پێویستمان بە پشتگیری زیاتری خێزانەكان هەیە بۆ ئەوەی هاندەرێكی باش بن بۆ منداڵەكانیان، جگە لەوەش زیاتر پاڵەوانێتی بكرێتەوە.
*بۆچی لە كوردستان ئاستی ئەم یارییە وەكو پێویست نییە؟
-نەبوونی پاڵەوانێتی و هەروەها یاریزانان پشتگیری ناكرێن ئەوەش هەمووی گرفتن لەبەردەم گەشەنەكردنی ئەم یارییە وەرزشییە.
*گرفتی دارایی بەشێك لە یانەكانی كوردستان كاریگەری هەیە لەسەر ئاستی ئەم یارییە؟
-بێگومان، چونكە كاتێك یاریزان لەلایەن ماددیەوە كێشەی هەبێت ناتوانی تەركیزێكی باشی لەسەر یارییە بێت، هەروەها یاریزانی وا هەیە زۆربەی كاتی خۆی قوربانی یاری دەكات كاتێك پشتگیری نەكرێت ناتوانی بەردەوام بێت ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ باری دارایی یانەكان.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە ڕاهێنەرێك لەم یارییە چیە؟
-یاریزانی باش پێبگەینم بۆ پاڵەوانێتی دەرەوە.
*خاەوادەكان چۆن هاوكاری یاریزانەكانتان دەكەن؟
-وەكو پێویست پشتگیریان دەكەن.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت؟
-بەردەوام بوون لە سەر یارییەكە و زیاتر گەشەكردنی یاری كاراتی لە گەرمیان.
*چی بەبەرپرسانی وەرزشیی دەڵێ؟
-پشتگیری یاریزانەكان و هەروەها گرینگیدان بە پێداویستییەكانی یاریزانان ئەمانە دەبنە بەردەوامی بۆ یاریزانان لە یارییەكەی.
*هەوڵت نەداوە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بكەیتەوە لە ناوچەكەتان؟
-ئەوە پلانی داهاتوومە پەنا بەخوا جێبەجێ دەكەم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایی؟
-بەهیوای پێشكەوتنی زیاتری وەرزش لە كوردستان، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست بۆ خزمەتی بەردەوامی وەرزشیی ناوەخۆ. یاری كاراتێ چۆن دەبینی لە کوردستاندا؟ *2ئەی لەسەر ئاستی دەڤەرەكەتان ئەم یارییە چۆن پێشوازی لێ كراوە ؟
