کلیپێک دە هونەرمەند کۆدەکاتەوە

کلیپێک دە هونەرمەند کۆدەکاتەوە

هەڵکەوت زاهیر، ئاوازدانەر و هونەرمەندی ناسراو ڕایگەیاند کە نوێترین بەرهەمی بە ناوی "یارەکەم" بڵاو کراوەتەوە. ئەم بەرهەمە کە ئاوازی خۆیەتی و تێکستەکەی لەلایەن میڤان ئەمینەوە نووسراوە، بە هاوکاریی دە هونەرمەند پێشکەش کراوە.

هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر ئاماژەی پێدا کە تایبەتمەندیی ئەم بەرهەمە لەوەدایە هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارییان تێدا کردووە. مەبەستیشی ئەوە بووە کە ڕیتمی خێرای گۆرانیی سۆرانی بگەیەنێتە ناوچەکانی بادینان و کرمانج، بۆ ئەوەی گوێگرانی ئەو ناوچانەش چێژی لێ ببینن. جێگای سەرنجە کە زۆرینەی بەشداربووان خەڵکی وان، قامیشلۆ و دهۆکن، جگە لە لەمیا جەمال کە هونەرمەندێکی تونسییە.
لە درێژەی قسەکانیدا، هەڵکەوت زاهیر ڕوونیکردەوە: "گۆرانییەکە یەک کۆپلەی بە سۆرانییە و کۆپلەکانی دیکە بە کرمانجین. ئامانجم لێرەدا یەکخستنی هونەرمەندانە لە سەرتاسەری کوردستان و پێشکەشکردنی بەرهەمی جیاواز و نوێیە بە خەڵک."
ناوبراو کۆکردنەوەی دە هونەرمەندی لە یەک گۆرانیدا بە هەوڵێک زانی بۆ نیشاندانی ستایلی تایبەت و بەرزپێزانیی هونەری کوردی، بەتایبەت بۆ ناوچەکانی بادینان، وان، دیاربەکر و قامیشلۆ.
ئەو هونەرمەندانەی بەشدارییان لەم پرۆژەیەدا کردووە بریتین لە:میرا عەلی، لەمیا جەمال، شیرینە خانی، عەدنان تەیمور، لۆرا محەممەد، لاڤین نوری، ئیلایدە مەتین، دکتۆرە بەڵقیس، هونەر ئەحمەد، و ڕەوا ئەرسەلان.

Top