ئیڤان خالید دەچێتە دەرەوەی هەولێر
ئیڤان خالید دەچێتە دەرەوەی هەولێر
ئیڤان خالید یەكێك لە بەرگریكارە بەتواناكانی شاری هەولێرە و وەرزی ڕابردوو لەگەڵ یانەی هەولێر توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات بە سەركردایەتی سەمیر بابۆی ڕاهێنەری كوردی یانەكە، هەر چەندە یانەی هەولێر بە درەنگی دەستی بە نوێكردنەوەی گرێبەستی یاریزانە كوردەكان كرد، بەڵام یاریزانی ناوبراو لە چەندین یانە گرێبەستی پێشكەش كرابوو بۆ ئەوەی یەكێك لە یانەكانی بەشدار لە خولی بژاردەی عێراقی هەڵبژێری،لەم بارەشەوە ئیڤان خالید یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" من گرێبەستەكەم لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ یەك ساڵ بوو و كۆتایی هات، هەر چەندە كارگێڕیی یانەكە هیچ هەواڵێكیان نەبوو بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەم لەگەڵیان، منیش لە سەر یانەی هەولێر نەوەستام و سەرەتا چەند گرێبەستێكم بۆ هاتبوو، بەڵام بەهۆی كێشەی تایبەتی خۆم نەمتوانی گرێبەست مۆربكەم لەگەڵ هیچ یەكێك لەم یانانە،هەر چەندە چەند یانەیەكی دیكەش لە سەر هێڵ بوون بۆ مۆركردنی گرێبەست لەگەڵیان، بەڵام لە ناو هەموویان من یانەی دیالەم هەڵبژارد، چونكە یانەیەكی جەماوەرییە و هەر چەندە تازە هاتۆتە خولی ئەستێرەكان، بەڵام لەگەڵ یانە و ڕاهێنەر و یاریزانان ئاسودەم و لەگەڵ من دەگونجا بۆیە بێ دوو دڵی ئەو یانەیەم هەڵبژارد، هەروەها دەستم بە یەكە مەشقییەكانی یانەكە كردوە لە كەمپی مەشقی یانەكە بەشدارم بەهیوای ئەوەم بتوانم ئاستێكی باش پێشكەش بكەم لەگەڵیان.
