خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا هەڕەشە لە تۆكمەیی خێزان دەكات

خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا هەڕەشە لە تۆكمەیی خێزان دەكات

 

تەكنەلۆژیا وایكردووە، ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لەم سەردەمەدا بە ئاسانی سەر بە هەموو ماڵێكدا بكات. لە ئێستادا ئامێر و ئامرازەكانی پەیوەندیكردن تا ئاستێك مەترسی بۆ سەر شێواندنی شیرازەی خێزانی دروست كردووە، بۆیە شاهیدی دەیان كێشەی كۆمەڵایەتین كە هەندێكیان نەك هەر قەرەبووكردنەوەیان سەختە، بەڵكو مەحاڵیش بووە. ئافرەتێك كە خۆی بە قوربانی ئەو دۆخە دەزانێت، باسی نهێنییەكانی ژیانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بەسۆز وەك خۆی باسیكرد تەمەنی 40 ساڵە و دایكی سێ منداڵە و یەكێك لە منداڵەكانی كچێكی پەككەوتەیە و تووشی شێواوی عەقڵی بووە، كە لە تەمەنی 11 ساڵانیش ناچارە دایبی بۆ ببەستێ، چونكە نازانێت پاكوخاوێنی خۆی ڕابگرێت. سەبارەت بە ژیانی ڕابردوویشی گەلێك نهێنی لە هەگبەی خۆیدا شاردووەتەوە و ئامادە نییە باسی هەموویان بكات. بەڵام كاتێك دوای دەمەتەقەیەكی زۆر تێمانگەیاند كە وتەكانی بە ناوی خوازراو و بە بێ وێنە بڵاودەكرێنەوە و تەنیا مەبەست لەو بەسەركردنەوەیە ئەوەیە كە بەسەرهاتەكان بۆ تاكی كۆمەڵگەی ئێمە بە هەردوو ڕەگەزەوە ببنە پەند و ئەزموونی لێ وەربگیرێت، ئەو كات ئامادە بوو بە ڕاشكاوی پەردە لە سەر نهێنییەكانی ژیانی لابدات و بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی خۆی كرد.

«من لە خێزانێكی خواپێداو گەورە بووم، مێردەكەشم خزمی خۆمانە و موڵكی زۆری هەیە و داهاتی زۆرە و دەیان دووكانی بە كرێ داوە و خاوەن باڵاخانە و شوقە و بازاڕە و كاری بازرگانیش دەكات.

 ئەو خوێندەواری كەمە و لە دواناوەندی وازی هێناوە و لە كارگەكانی باوكی كاری كردووە. ئێمە لە هیچمان كەم نەبووە، دوو كوڕ و كچێكی خاوەنپێداویستیمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕابردوودا زۆربەی كەسەكانی دەوروبەرمان خۆزگەیان بە ژیانی ئێمە دەخواست، بەڵام لەوەتەی ئەم مۆبایل و ئینتەرنێت و شتانە هاتووە، مێردەكەم بە تەواوی گۆڕاوە، ئیتر بە تەواوی لە ماڵ و منداڵ دابڕاوە، كاتی بۆ ئێمە نییە و تاقەتی نییە بۆ چەند خولەكێكیش گوێمان لێ بگرێت، ناوێرین قسەیەك بكەین، دەڵێت لە چیتان كەمە، خانوو، پارە، ئۆتۆمبیل، سەیران، هەموو شتتان هەیە».

بەسۆز لە كاتی قسەكردنیدا نەیتوانی فرمێسكەكانی بشارێتەوە و ماوەیەك بێ دەنگ بوو، دواتر لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: « كوڕە گەورەكەم قوتابی زانكۆیە و باوكی ئۆتۆمبیلی بۆ كڕیوە، هەموو كار و ئەركی ماڵی لە سەر شانە و ئاگای لە برا بچووكەكەیەتی و دڵی خوشكەكەشی ڕادەگرێت.

هاوسەرەكەم لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا دوو ژنی بەسەرمدا هێناوە، هەردووكیشیانی تەڵاق داوە. بەردەوام لە سەفەرە، لەم ڕۆژانەشدا، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئافرەتێكی دۆزیوەتەوە و بەردەوام بە مۆبایل قسەی لەگەڵ دەكات، بە ڕاست و بە چەپ پارەی لێ سەرف دەكات و بەڵێنیشی پێداوە كە بیخوازێت، هیچ حیسابێكیش بۆ ئێمە ناكات، هەر نازانێت من ژنی ئەو ماڵەم، دایكی سێ منداڵی ئەوم، بە بێ ئەوەی هیچ هەڵەیەكم كردبێت، تەنانەت حیسابی هیچم بۆ ناكات، هەمیشە پێم دەڵێت لە سایەی سەری منداڵەكان تا ئێستا ناوت لەسەر نفووسەكەم ماوە، دەنا تۆم لە دڵم سڕیوەتەوە، بۆ ئەوەی ماڵەكەم تێكنەچێت من تەڵاقت نادەم، بەڵام ئەو تەڵاقی عاتیفی داوم، هیچ هەست و ڕێزێكی بۆ من نییە».

گوتیشی: «بەردەوام لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە بۆ ئەوەی هیدایەتی بدات، تەمەنی خەریكە لە پەنجا ساڵ تێدەپەڕێت، كەچی هەر دڵی لای سەفەر و سەیرانی وڵاتانە و ڕۆژ نییە باسی ژن هێنان نەكات. منداڵەكانم زۆر خەم دەخۆن و هیچ چارەشمان نییە. باسی یەك شتی لەگەڵ بكەین، لەسەر ئەم حاڵەش ئەو دەڵێت ئەم ماڵە بۆ من دۆزەخە و تێیدا ناژیم. دەڕوات تا سێ چوار مانگ كەسمان نایبینین. چارەمان نییە تەنیا ئەوە نەبێت كە دوعای بۆ دەكەین بەڵكو خوای گەورە و میهرەبان هیدایەتی بدات. زۆر جار پێی دەڵێم پیاوەكە، من هیچ بەڵام منداڵەكان تاوانیان چییە، بۆ ئاوڕێكیان لێ نادەیتەوە. كوڕەكەم قوتابی زانكۆیە، لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا ئێستا یەكجاریش باوكی سەردانی مەكتەبەكانی نەكردووە، بۆ ئەوەی بزانێت ئاستی چۆنە. هیوادارم خوای گەورە عاقیبەتمان خێر بكات و خۆشی و ئاسوودەیی بگەڕێتەوە ناومان، منیش لە پێناو منداڵەكانم بەتایبەت كچە نەخۆشەكەم بەرگەی هەموو ناخۆشییەكانم گرتووە».

Top