ڕاهێنانی کارمەندان بۆچی گرنگە؟

ڕاهێنانی کارمەندان بۆچی گرنگە؟

ڕاهێنان یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی هەموو مرۆڤێک. لە دونیای هاوچەرخدا، ئەو ڕێکخراو و ئۆرگانانەی کە زیاتر گرنگی بە سەرمایەی مرۆیی خۆیان دەدەن و بە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی بەردەوام و ئامانجدار، لێهاتوویی و توانای کارمەندەکانیان بەرەوپێش دەبەن، سەرکەوتووتر دەبن. ڕاهێنانی گونجاو نەک هەر بەرهەمهێنان و کوالیتی ئەدای کارمەند زیاد دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی پاڵنەر و ڕەزامەندی لە کار و پێشخستنی ئاستی داهێنان لە شوێنی کاردا، بۆیە وەبەرهێنان لە ڕاهێنانی کارمەندەکان تەنها تێچوون نییە، بەڵکو بە وەبەرهێنانێکی درێژخایەن و زیرەکانە دەژمێردرێت بۆ خاوەنی کار.

بەگشتی گرنگترین هۆکار بۆ ڕاهێنانی کارمەندانی ئۆرگان یان کۆمپانیایەک، بریتییە لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و باشترکردنی ئەدای کارکردنیان، لە دونیای ئەمڕۆدا ئەرکەکانی هەمیشە وەک خۆیان نامێننەوە، بەردەوام شێوازی نوێ داهێنراون بۆ ئاسانترکردنی کارەکان، بەڵام پێویستیان بە شارەزایی زیاترە، ئەمەش گرنگی ڕاهێنانی کارمەندان دەردەخات. کارمەندێکی شارەزا دەتوانێت کارەکان زۆر باشتر لە کەسێکی ئاسایی کە بەشداری کە هیچ خول و ڕا‌هێنانێکی نەکردووە، ئەنجام بدات.

بەڕێوەبەر دەبێ داوا لە کارمەندان بکات ئەو بابەتانە کە فێربوونە بەشێوەی پراکتیکی ئەنجام بدەن

ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەران زۆر باش دەزانن کە ڕاهێنانی کارمەند چییە و بۆچی پێویستە ئەنجام بدرێت، هەر بۆیە بەردەوام زانیاری دەدەن بە کارمەندەکانیان و ڕاهێنانی نوێیان پێ دەدەن بەڵام هیچ ئەنجامێک نابینن، هۆکاری ئەمەش فێربوون بە شێوەی تیۆرییە.

کارمەندەکان دەبێت بتوانن ئەو شتانە کە فێر بوونە لە سیستەمی کارەکانیاندا جێبەجێ بکەن بۆ نموونە؛ ئەگەر لەسەر سۆفتوێرێکی نوێ ڕاهێنانیان کرددوە، نابێت چیتر ڕێگەی پێبدات سۆفتوێری کۆن بەکار بهێنن، لەوانەیە لە ڕۆژانی سەرەتادا بۆ ئەوان قورس بێت کە سۆفتوێرە نوێیەکە بەکار بهێنن، هەرچەندە ئەگەر بەرگەی ئەم سەختیە نەگرن، تا چەندین ساڵیتر هەر لەگەڵ هەمان سۆفتوێرە کۆنەکە کار دەکەن.

هاندانی کارمەندان بۆ هاوبەشکردنی زانیارییەکانیان

هاندانی کارمەند بۆ هاوبەشکردنی زانیارییەکانی زۆر گرنگە، دەتوانن بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوەی ڕاهێنان ئەنجام بدەن، ئەگەر زانیارییەکان پەیوەندییان بە تیمێکی دیاریکراوەوە هەبوو، کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئەو تیمەدا ئەنجام بدە، بەڵام ئەگەر زانیارییەکان پەیوەندییان بە هەموو ئۆرگان یان کۆمپانیایەکە هەبێت، دەتوانن کۆبوونەوەکان بەکۆمەڵ ئەنجام بدەن.

ئەگەر کارمەندێک بەشداری خولێک کردبێت، داوای لێبکە زانیارییەکانی لەگەڵ کەسانی تر هاوبەش بکات، ئەمە سوودی زۆری هەیە بۆ ئۆرگانەکەت، یەکێک لە سوودەکان کە زۆر لە بەڕێوبەران درکی پێناکەن ئەوەیە کە هاوبەشیکردنی زانیاری و قسەکردن لە نێوان گروپەکاندا متمانەی کارمەندان زیاد دەکات، لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین مۆدێلی ڕاهێنان بۆ کارمەندان دیاریکراو و جێگیر نین، لەجیاتی ئەوەی تیشک بخرێتە سەر مۆدێلی ڕاهێنانی کارمەند، باشترە ئاماژە بەوە بکەین کە شێواز و پرۆسەی ڕاهێنانی کارمەندی کۆن و نوێ تەواو جیاوازە.

بە ڕاهێنانی کارمەندەکانت، دەتوانیت ئاستی چاوەڕوانییەکانت بەرز بکەیتەوە

بێگومان هەندێک جار  لەوانەیە هەڵە بکەین لە بینینی تواناکانی مرۆڤەکان و سیفەتە ئەرێنی و دیارەکانیان و زیادەخەمڵاندنیان و بیانخەینە دۆخێکەوە کە بۆی ئامادە نین، بەڵام  باشتر وایە تواناکانی مرۆڤەکان زیادە بخەملێندرێت نەک بە کەم سەیریان بکەین و ئەم ڕوانگەیە سەرکەوتنی زۆری بۆ بەڕێوەبەر دێنێتە کایەوە.

بە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی ئۆرگانە سەرکەوتوو و پێشەنگەکان، تێدەگەین کە ئەم ئۆرگانانە ساڵانە بڕێکی زۆر پارە بۆ ڕاهێنانی کارمەندان خەرج دەکەن. چونکە زۆر باش دەزانن سوودەکانی ڕاهێنانی کارمەندان چییە و تا چەند کاریگەری لەسەر گەشەکردنیان هەیە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان خەرجکردنی پارە بۆ ڕاهێنانی کارمەندان دەتوانێت ٢٠ بۆ ٣٠ هێندەی تێچووی ڕاهێنانەکان، قازانج بۆ ئۆرگانەکە بگەڕێنێتەوە.

 

Top