مەلەك كوشتبان شاژنی قانون لە تونس بۆ گوڵان:موزیكی كوردی زۆر دەوڵەمەندە بە تەكنیك، مەقام، بۆیە زۆر پێی سەرسامم

مەلەك كوشتبان شاژنی قانون لە تونس بۆ گوڵان:موزیكی كوردی زۆر دەوڵەمەندە بە تەكنیك، مەقام، بۆیە زۆر پێی سەرسامم

یەكێكە لە ژەنیارە سەركەوتووەكانی ئامێری قانوون لەسەر ئاستی تونس و وڵاتانی عەرەبی و تا ئێستا لە چەندین كۆنسێرتی جیهانیی تایبەتدا بەشداری كردووە و، ژمارەیەك خەڵاتی بەدەست هێناوە، مەلەك كوشتبان كە بە شاژنی قانون لە تونس ناسراوە و چەند جارێك سەردانی كوردستانی كردووە و وەك خۆی دەڵێت بەڕێكەوت ڕووی لە ژەنینی ئامێری قانوون كردووە، ئێستا بووەتە یەكێك لە ژەنیارە سەركەوتوو و ناسراوەكان، سەبارەت بە كارەكانی و هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم ئامێرە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.

*چون بو ئامێری قانوونت هەڵبژارد؟

-پەیوەندیی من بە قانوونەوە پەیوەستە بە خوێندنم لە پەیمانگەی باڵای هونەری لە تونس، من سەرەتا ژەنیاری عوود بووم، لە پەیمانگە پێیان گوتم پێویستە ئامێرێك هەڵبژێری وەك پسپۆڕی، منیش عوودم هەڵبژارد، بەڵام مامۆستاكان ئەمەیان ڕەت كردەوە و وتیان پێویستە ئامێرێكی دیكە هەڵبژێریت، بۆیە بە ناچاری قانوونم هەڵبژارد، لەكاتێكدا لە ڕووی فكری و تیۆری و تەنانەت باكگراوندیشەوە هیچ زانیاریم لەسەری نەبوو، مامۆستاكان هانیان دام كە بتوانم لە ژەنینی ئەم ئامێرەدا سەركەوتوو بم، ئەمەش یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە بەردەوام بوم پەرە بە تواناكانم بدەم. لە ساڵی دووەمی پەیمانگە توانیم ئامێرێك بكڕم، چونكە نرخەكەی گران بوو، لە ساڵی یەكەم نەمدەتوانی بیكڕم، ئیتر بەم شێوەیە بەردەوام بوم و سوپاس بۆ خودای گەورە توانیم تێیدا سەركەوتوو بم. هیوادارم بتوانم ئەم ئامێرە زیاتر بە جەماوەر بناسێنم، منیش هەر بەم ئامێرەوە ناسراوم و توانیم لە چەندین وڵاتدا ئەم ئامێرە بژەنم لە فێستیڤاڵ و بۆنەكاندا، سوپاس بۆ خوا ئێستاش هەنگاوێكی زۆرم بڕیوە و خۆم بە سەركەوتوو دەزانم لەو بوارە.

مەلەك كوشتبان شاژنی قانون لە تونس بۆ گوڵان:موزیكی كوردی زۆر دەوڵەمەندە بە تەكنیك، مەقام، بۆیە زۆر پێی سەرسامم

*ئایاتوانیوتە تێكەڵاوییەك لە نێوان قانوون و ئامێرە مۆدێرنەكاندا دروست بكەیت؟

-بە تێپەڕبوونی كات و ئەزموون و ژەنین و سەفەر و گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی و سەردەمی مۆسیقا و سەلیقە، دەستم كرد بە مەیلی زیاتر بەرەو قانوون، جگە لە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی مۆسیقای وەك هاوس و تەكنۆ، كە بوونەتە مۆدە.

لە كۆنسێرتەكانمدا دەستم كرد بە ڕاكێشانی سەرنجی ئامادەبووان بۆ تێكەڵبوونی قانوون و ئەم ئامێرە ئەلیكترۆنییانە، لەو كۆنسێرتانەدا وەڵامێكی ڕوونم لەلایەن بینەرانەوە دۆزیەوە، بەتایبەتی لە كەنار دەریا، توانیم مۆسیقای هاوچەرخ بە قانوونە ڕەسەن و كۆنەكە بە شێوەیەكی باوەڕپێنەكراو دروست بكەم. من ئەم فیوژن و تێكەڵەكردنەم زۆر خۆشویست و سوپاس بۆ خوا توانیم سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنم و ئەم ستایلە نوێیە بووە جێی بایەخ، هەروەها لەگەڵ دیجییەك قسەم كرد و قانوونم لەگەڵدا ژەنی، هەستم دەكرد زۆر لە دڵی خەڵكەوە نزیكە، بەتایبەت نەوەی گەنج، كە زۆر كارلێكیان لەگەڵدادەكرد. ئێستا ئەم ستایلەم هەڵبژاردووە، و بەردەوام دەبم لە بەكارهێنانی، جگە لە گۆرانییە كلاسیكییەكان.

*موەشەحاتە ئەندەلوسییەكان چ پەیوەندییەكیان بەو مۆسیقایەوە هەیە كە ئێوە پێشكەشی دەكەن؟

-ئەمە لە چوارچێوەی پێكهاتەی ئەكادیمیی مامۆستایانی مۆسیقا و زانستە مۆسیقییەكاندایە، كە موەشەحاتە ئەندەلوسییەكان بە بنچینە دادەنرێن. موەشەحات بە گشتی، بنچینەی مەقامەكان پێك دەهێنن، واتە فێرت دەكات كە لە هەر مەقامێكدا چۆن موەشەحێك یان دەورێك بڵێیت. گۆرانی نییە، بەڵام موەشەحات و دەور هەن. هەر ئەمەیە فێری شێواز و تەكنیكەكانی گۆرانیگوتنت دەكات، هەروەها ئاشنات دەكات بە مەقامە مۆسیقییەكان، واتە هەر مەقامێك ڕێسا، شێواز، میتۆد و ڕێڕەوی تایبەت بە خۆی هەیە.

كەواتە وەك مامۆستایانی مۆسیقا و زانستە مۆسیقییەكان، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی خوێندنی مامۆستایی و دواتریش ماستەر، پێویستە پێكهاتەی بنەڕەتیی قوتابی لە مۆسیقادا، بەتایبەتی لەسەر موەشەحات و دەورەكان بێت، بۆ ئەوەی بە تەواوی ئاشنای مەقامە مۆسیقییەكان و ڕێڕەوە ئاوازییەكانیان ببێت.

كەواتە موەشەحات لە بنەڕەتدا بەشێكن لە پێكهاتەی پیشەیی من، واتە وەك مامۆستایەكی مۆسیقا و زانستە مۆسیقییەكان. دوای ئەوە كاتێك دێیتە ناو جیهانی پیشەگەرییەوە، تۆ لە بنەڕەتدا پێگەیشتوویت و دەزانیت لە هەر مەقامێكدا چی بڵێیت، ئینجا ڕێچكەی ئەو بوارە دەگریتەبەر كە لە ژیاندا ئارەزووی دەكەیت، واتە ئەو مۆسیقایەی كە هەست دەكەیت دەتەوێت پسپۆڕیی تێدا بەدەست بهێنیت یان بیڵێیت. كاتێك ئەم لایەنە كلاسیكەی مۆسیقا بە خەڵك ئاشنا دەكەیت، ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ڕۆحیان دادەنێت، وا دەكات خەڵك دڵخۆش بن و بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی كۆنی جوان، بۆ مۆسیقای ڕەسەن و ئارامی. بۆیە پەیوەندیی من لەگەڵ موەشەحاتە ئەندەلوسییەكاندا، پەیوەندییەكی تەواو ئەكادیمی و زانستییە.

مەلەك كوشتبان شاژنی قانون لە تونس بۆ گوڵان:موزیكی كوردی زۆر دەوڵەمەندە بە تەكنیك، مەقام، بۆیە زۆر پێی سەرسامم

*قانوون ئامێرێكە لەگەڵ سەردەمدا هاوسەنگ بووە و لە زۆر بواردا پشتی پێ دەبەسترێت، بەتایبەتی لە سینەمادا. بەڕای ئێوە هونەرمەندان توانیویانە ئەم ڕەوتە دروست بكەن، یان ئامێرەكە خۆی سەپاندووە؟

-قانوون یەكێكە لە ئامێرە سەرەكییەكانی گۆرانیی ڕۆژهەڵاتی، هەر لە كۆنەوە پارێزراوە، بۆیە پێم وانییە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا نامێنێت، بۆچی؟ چونكە پێشكەوتنی تەكنیكی نوێ لە مۆسیقادا هەیە، ئەم پەرەسەندنەش لەلایەن قانوونیشەوە لەلایەن ژەنیارەكانیەوە ئەنجام دەدرێت.

لە ئێستادا دەبینین كە قانوون لە گۆرانی و مۆسیقادا زۆر پشتی پێ نابەسترێت، بەتایبەت مۆسیقای مۆدێرن، بەڵام دەستەواژەیەكی كورتی مۆسیقی دەبینین كە قانوون لەخۆدەگرێت و كاریگەرییە بەرچاوەكەی لەسەر ئەم دەستەواژە لیریكییە و لەسەر گۆرانییەكە بەگشتی، چونكە ئامێرێكە كە دەتوانین بڵێین لەگەڵ گۆرانیبێژەكەدا گۆرانی دەڵێت، بۆیە ئەگەر ژەنەرەكە دەست پێبكات، قانوون دەبێتە ئامێری ژمارە یەك لە گۆرانییەكەدا، چونكە مەودای فراوانی هەیە بۆ ژەنین و داهێنان، هەروەها دەبێتە یەكێك لەو ئامێرانەی كە هاوسەنگ دەبێت لەگەڵ پرسیاری داهاتوودا.

لە عێراق و توركیادا بەردەوام پەرە بەم ئامێرە دەدرێ و داهێنانی تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی لە پێشكەوتندا بێت و شوێن و پێگەیەكی باشتری هەبێت، تەنانەت لە نێو مۆسیقا مۆدێرنەكانیشدا گرنگیی خۆی هەبێت.

*گەورەترین ئەو ئاستەنگ و سەختییان چین كە وەك ژەنیاری قانوون ڕووبەڕووت دەبێتەوە؟

-ئاستەنگەكان بریتین لە سەرهەڵدانی ئامێر و مۆسیقای ئەلیكترۆنی، لەوانەش كیبۆرد، كە هەموو ستایل و جۆرەكانی مۆسیقای كۆن و مۆدێرن لەخۆدەگرێت، بە قانوونیشەوە. ئێمە لە سەردەمی خێراییداین، خەڵك داوای مۆسیقا دەكەن كە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێت، ئەو شوێنانەی وا دەكات ئامێرەكە وەك مۆسیقی و دەوڵەمەند و جوان پیشان بدەیت. خەڵك داوای كیبۆرد، ئامێری خێرا، یان مۆسیقای خێرا دەكەن و پێیان وایە كە قانوون پەیوەستە بە گۆرانی و مۆسیقای كۆنەوە، بەڵام ئەم بیركردنەوەیە نادروستە، چونكە قانوون دەتوانێت ڕۆڵی گۆرانی مۆسیقای هاوچەرخ بگێڕێت و بەپێی نەخشەی مۆسیقا بە خێرایی دەژەنرێت. بۆیە دەتوانێت گوێگرەكە سەما بكات، ئارامیان بكاتەوە، یان دڵتەنگ یان دڵخۆشی بكات. بۆیە ئەم ئامێرە توانای زۆری هەیە و بە پلەی یەكەم پەیوەستە بە ژەنیارەكەوە. چونكە ئامێرێكە لەگەڵ سەردەمدا دەگونجێت و دەتوانێت گۆرانیی خێرا و هەموو جۆرەكانی گۆرانی لێبدات، هەروەها قانوونئامێرێكی قورسە، چونكە ژەنیار پێویستی بە تەركیزكردن و مەشقكردنێكی زۆر هەیە و بە تێپەڕبوونی كات تووشی كێشەی تەندروستیی جەستەیی دەبێت. بۆ نموونە من كە ماوەی بیست ساڵە ئەم ئامێرە دەژەنم، تووشی كێشەیەك بووم لە ڕەقبوونی ئەو دەمارانەی كە بەرپرسن لە جووڵەی پەنجەكان، بەتایبەتی پەنجەی ئاماژە و پەنجە گەورە، كە ئەوانەن كە زۆر پشتیان پێ دەبەسترێت لە ژەنینی قانووندا.

*هیچ زانیارییەكت هەیە دەربارەی هونەری كوردی؟

-بێگومان هونەری كوردی زۆر بەرزە، هونەرێكە كاریگەری لە هەستەكانی مرۆڤ دەكات، بەهۆی ئەو هەستە قووڵەی كە تێیدایە. كاتێك گوێ لە گۆرانییەكی كوردی دەگرم، موزیكی كوردی، گۆرانییە توركی و عێراقییەكانم بیر دەخاتەوە، چونكە مەقامە موزیكییەكان لەنێوان ئەم ناوچانە یان وڵاتانەدا هاوبەشن، جا چ گوێت لە مەوالێكی كوردی بێت یان گۆرانییەكی كوردی، مەقامەكان هەر هەمان ئەو مەقامە ڕۆژهەڵاتییە ناسراوانەن. تەنانەت «هەنگ» یان ئەو ستایلە گۆرانیوتنەی كە لە كوردستان پێی گۆرانیی دەگوترێت، دەكرێت زۆر گوێت لێی بێت لە توركیا و عێراقدا. ئەم موزیكە زۆر دەوڵەمەندە بە تەكنیك، پڕە لە مەقام، و تژییە لە لێهاتوویی لە شێوازەكانی گۆرانیگوتن و ئازادی لە ئەداكردندا. بە دڵنیاییەوە، موزیكی كوردی یەكێكە لەو جۆرە موزیكانەی كە بەڕاستی من زۆر شەیدایم، هەندێك جاریش لە یوتیوب و شوێنی دیكە بەدوایدا دەگەڕێم، بۆ ئەوەی گوێ لەو گۆرانیانە بگرین كە ڕەنگە لە زمانەكەیان تێنەگەین، بەڵام موزیك ڕۆح دەجووڵێنێت، نەك وشەكان. ئێمە لە وشەكان تێناگەین چونكە زمانی كوردی نازانین، بەڵام كاتێك گوێ لەم گۆرانییانە دەگرین، وادەكەن بتبەن بۆ جیهانێكی لێوانلێو لە هونەری ڕەسەن.

*ئەی پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندانی كورد هەیە؟

-بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی من زۆر سەرسامم بە هونەری كوردی و موزیكەكەی وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێكرد، بەڵام تا ئێستا پەیوەندیم لەگەڵ هونەرمەندانی كورد نییە، شانازی بەوەوە دەكەم كە لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییە درووست بێت و ئەگەر بكرێ كاری هاوبەشیش ئەنجام بدەین.

*تا ئێستا سەردانی كوردستان كردووە؟

-بەڵێ دووجار سەردانی كوردستانم كرد، ڕاستگۆیانە بڵێم هەرگیز ئەو وڵاتەم لەبیر ناچێتەوە، لەو پێشوازییە گەرمەی كە لێمان كرا، گەلی كوردستان مرۆڤدۆست و میواندۆستن، هەستم بە هیچ جیاوازییەك نەكرد وەك هەر كەسێك یان هاووڵاتییەكی ئەو وڵاتە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكردین و زیاتریش ڕێزیان دەگرتین، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری بەسەر منەوە هەبووە و هەمیشە لە تونس باسی ئەوەم كردووە، دوو شت زۆر سەرنجی ڕاكێشام لە كوردستان یەكەمیان بوونی لێبووردەیی گیانی پێكەوەژیان و نەبوونی جیاكاری لە نێوان ئایدۆلۆژیا و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان، چونكە هیچ كەسێك لەو وڵاتە ئەگەر كورد یان موسڵمان نەبێت هەست بە هیچ جۆرە جیاكارییەك ناكات، لەم ڕووەوە كرانەوەیەكی زۆر هەیە و هیچ كێشەیەك لەگەڵ نەتەوە، ئایین و كولتوورەكانی دیكە هەستی پێ ناكرێت، دووەم ئەو ئاوەدانییەی كە لە كوردستان هەیە زۆر سەرنجی ڕاكێشام كە لە زۆر وڵاتانی ناوچەكەدا نییە، هاوینە هەوار و سرووشتە دڵڕفێنەكەشی زۆر سەرنجی ڕاكێشام، هیوادارم ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت جارێكی دیكە سەردانی كوردستان بكەمەوە.

Top