خزمەتکردن نابێتە شارەزایی
(وارن پاڤێت) گەورە بازرگانی ئەمریكی دەڵێ"شارەزایی تاكە شتە كە ناكڕدرێ، بەڵكو پێویستە بەدەستی بهێنی".
بێگومان شارەزایی چەمكێكە ئاماژەیە بۆ بەدەستهێنان و پەیداكردنی كەسەكان بۆ زانیاری و توانایی و كارامەیی لە ئەنجامی ئەزموون و كاركردن و دڵسۆزی. زۆر جاران كەسێك چەند ساڵێك لە شوێنێك كاردەكات كۆمەڵێ كارامەیی و زانیاری وەرگرتووە و بۆتە شارەزاییەتی كەلەكە بوو لە سەر یەك بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی كاری كردووە، لە بەرامبەردا كەسێكی تر دوو هێندە ساڵە لە هەمان شوێن كاری كردووە، بەڵام نەیتوانیوە زانیاری و كارامەیی پێویست پەیدا بكات. هەر چەندە ساڵی خزمەتیشی زیاترە، بۆیە گرنگە هەر كەسێك لە شوێنی كار دەكات هەوڵ بدات لە ماوەی كاركردنی زۆرترین زانیاری و كارامەیی بەدەست بهێنێ. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت خزمەت ئاماژەیە بۆ ژمارەی ساڵەكانی كاركردن لە هەر كار و پیشەیەكی دیاری كراو، بەڵام شارەزایی ئاماژەیە بۆ كارامەیی و زانست و زانیاری پەیدا كراو و بەدەست هاتوو لە ئەنجامی ئیش كردن لە پیشەكەدا.
توێژەرو نوسەری دیاری كوەیتی (تارق سوەیدان) دەگێڕێتەوە دەڵێ " جارێك مامۆستایەكی بەڕێز هاتەلام و داواكاری پێشكەش كردبوو تاوەكو لە قوتابخانەكەمان وانە بڵێتەوە و گوتی مامۆستا من شارەزایی (30)سیی ساڵم هەیە. دەڵێ منیش كۆمەڵێ پرسیارم لێكرد و ئەنجامەكەی ئەوە بوو گوتی ببورە مامۆستای بەڕێز تۆ شارەزایی (30)سیی ساڵت نییە، بەڵكو تۆ خزمەتی (30)سیی ساڵت هەیە، بەڵام ئەو شارەزاییەی كە تۆ هەتە شارەزایی یەك ساڵە و (30)سی جار دووبارە بۆتەوە، چونكە شارەزایی بریتییە لە كەلەكەبوون لە فێربوونی بەرەدەوام ، ئەو شارەزاییە لەكوێ پەیدا دەبێت. پەیدا دەبێت لە ئەزموون، كە پێویستە مرۆڤ فێرببێ لە ئەزموونەكانی خۆی سەركەوتوو نا سەركەوتووەكانی پەیدا دەبێ لە خوێندنەوەی بەردەوام لە كۆنفرانس و كۆڕبەندی سوودبەخش شارەزایی پەیدا دەبێ لە گۆڤارە زانستییەكان لە توێژینەوەكان لە فێربوون لە شارەزایان لە هەوڵدانی بەردەوام بۆ فێربوون.
پرسیارم لێكرد ئایا ئامادەیی و بەشداری دەكەی لە كۆڕ و كۆنفرانس و كۆڕبەندەكان. دەڵێ دوا بەشداری كردنم پێش (15) ساڵ بووە، دوا پەرتووك كە خوێندمەوە پێش(3) ساڵ بووە كە (15)ساڵە چاپكرا بوو. ئایا بەدواداچوونت هەیە لە سەر گۆڤارە زانستییەكان لە پسپۆڕی خۆت؟ گوتی نەخێر، گوتم دوا نوێگەری و زانیاری لە سەر پسپۆڕییەكان گوتی نازانم. گوتم بەڕێز تۆ شارەزاییت نییە ، بەڵكو تۆ خزمەتی سالێكت هەیە (30)سیی جار دووبارە بۆتەوە ، بۆیە لە یەكی جیا بكەنەوە لە نێوان خزمەت و شارەزایی فێربوون كەلەكە بكەن لە سەر یەك ئەو كات شارەزایی پەیدا دەبێ. زانیاری و كارامەیی و دڵنیابوونتان كەلەكە بكەن لە سەر یەك ئەوكات شارەزایی ڕاستەقینەتان گەشە دەكات.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن