شۆڕشی ئەیلول و   شۆڕشی گوڵان مێژویەکی  هاوبەشن.

شۆڕشی ئەیلول و   شۆڕشی گوڵان مێژویەکی  هاوبەشن.

ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوین یەک لەو کێشانەیە بە درێژایی مێژوو بە زەقی و هەڵواسراوی ماوەتەوە  کێشەی سەرەکی نەتەوەی کوردە.  چونکە بە بێ ویستی خۆی خاک و گەل و نەتەوەکەی دابەش کراوە. کوردیش  بۆ گێڕانەوەی نەخشەی ڕاستەقینە و  دۆزینەوەی  ناسنامە و مۆرکی ڕەسەنایەتی   لە زۆربەی پارچەکان هەوڵی خەبات و شۆڕش و بەرگری کردنی داوە.  زۆر جار لە وڵاتان دەست براوە بۆ ئەم کێشە  چونکە  ویستێکی ویژدانی زیندوو نەبو,ە  بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە بگرە لەهەندێک قۆناغ دۆخەکە ئاڵۆزتر بوە. باس لە شۆڕشی  شۆڕشی مەزنی ئەیلول دەکەین بە ڕابەرایەتی باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد مستەفا بارزانی. بە گەورەترین شۆڕشی بەرهەڵستکارانە دێتە هەژماردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سروشتی پێکهاتە و جیوپۆلۆتیکی کوردستان فەرمانێکی داسەپا و  لە بار بووە. لە ڕوی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابوری ویستی گەل. وێڕای زەمینە سازی  جیۆپۆلۆتیک  مەحاڵ بوو کاری خەبات و شۆڕشگێڕی بە بێ پشت و پەناو هاوکاری دەرەکی لە ڕوی ئابوری و تەقەمەنی و پەنادانی خێزان و ماڵ و حاڵی شۆڕشگێڕان کارێکی قورس و ئەستەم بوو. هەر بۆیە بۆ هاوکاریە سادەکانی وەک خراوەنەتە ڕوو حەوانەوەی خێزان و بریندار و نەخۆش بەبێ پاڵپشتیەکی دەرەکی نەدەکرا. چونکە بەتەنها چیاکان بەس نەبوون بۆ بەرپەرچ دا نەوەی  پەلامارو هێزەکانی دووژمن.  بۆ ئەو مەبەستە  دەوڵەتی ئێران پاڵپشتی خۆی نیشان دابوو . هەروەها لە ڕوی کاروبارە سیاسیەکان  دەوڵەتی ئەمەریکا بە ڕێگە چارەیەکی گونجاو دەزانرا پشتی پێ ببەسترێت.

شۆڕشی ئەیلول شۆڕشێکی بەهێزوو سیاستێکی یەکگرتوانەی هەبوو لە کوردستاندا کە داد پەروەری کۆمەڵایەتی باڵی کێشابوو. شۆرش لە ئەنجامی بۆشاییەکی سیاسی بە پڕۆگرام و پەیڕەوێکی داڕێژراوەوە بە هۆی خواست و زەرورەتی مێژویی لە ناخی گەلێکی چەوساوەی زوڵم لێ کراو هەڵقوڵا.  لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشەکە زۆر زوو گەشە دەکات و پەل و پۆ لەکوردستاندا دەهاوێت. ئازاد بونی زۆرێکی ناوچەکانی کوردستان  گوڕو تینی هێزی پێشمەرگەی فراوانتر کردبوو.  خۆشەویستی میلەت بەرانبەر شۆڕش هەموویان دەسپێکی بەهێزبوون لە پشتەوەی شۆڕشکە. لەو ڕۆژەی کوردستان خاکەکەی بەش بەش کرا وە تا بە ئەمڕۆ وڵاتانی دەرهاوسێ بۆ تەنها جارێکیش خێرو خۆشیان بۆ  کوردو کوردستان نەویستوە. هەردەم لە پیلان و کاری تێکدەرانە و هەڕەشە و شەڕانگێزی بەو لاوە زمانێکی دیکەیان نەبووە. کوردیش بە پێچەوانەوە  هەمیشە بەرانبەر ئەو زوڵم و ستەمانەی لێی کرابوو  لێبوردە بوە و چاوەڕانی ئەوە بووە دوژمن  پەندو عیبرەت وەربگرێت.  ئەوەی لەسەر  گەلی  کوردە  بمانەوێت هەر کارێک بکرێت بۆ بنیات نان و پشت ئەستور بون و گەشەکردن. ئەبێت لە پشتەوەی ئەم بازنەیە کە دەوری گرتوین کاری خۆمان ڕاپەڕێنین ئەگینا ڕابردوو شایەتحاڵێکی زیندوە.  دەوڵەتی ئیسرائیل بە نەیارەکانی چواردەورە دراوە بەڵام توانیویەتی ئەو تەوقە بشکێنێت و پەرە بە خۆی بدات. یەکەم کێشەی  زیندوی ڕۆژهەڵاتی ناوین کێشەی  نەتەوەی کوردە. دان پێدانان و ڕێزگرتن لە ئیرادەی نەتەوەیەکی پارچە پارچە کراو تای تەرازوی سیاسەت لەم ناوچە هاوسەنگ دەکات.  پێچەوانەی ئەمەش کێشەکە ڕۆژ بەڕۆژ گەورەترو ئاڵۆزتر دەبێت. مەحاڵە نەتەوەی کورد دەست لە مافەکانی خۆی هەڵبگرێت. هەروەها لەسەر خیانەت بەرانبەر شۆڕشی ئەیلول. ئەو پیلانەی  دژ بە شۆڕش خرایە کار ئەگەر بەرانبەر هەر دەوڵەتێک و دەستەڵاتێک ئەنجام بدرایە  لە ناوچەکە هەمان کاریگەری دەبوو.  چونکە پلانێکی نێودەوڵەتی بوو لە پێناو تەماح و بەرژەوەندیە ئابوریەکانی خۆیان. ئەمەش ڕاستیەکە بگوترێت ئەم ئەزمونەی  لەم قۆناغەدا  لە پاش (١٩٩١) هاتە پێش ئەگەر لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلول بایە ئێستا کورد خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەبوو. شۆڕشی ئەیلول زۆر هەوراز و نشێوی بڕی و یەکێک لەو دەست کەوتە گەورانەی بەدەستی هێنا ڕێکەوتنامەی ١١ ی ئازار بوو. پارتی بڕوایەکی پتەوی بە سنوری کوردستان هەبوو دەست هەڵنەگرتن لە کەرکوکی دڵی کوردستان نمونەیەکی زیندوی بیرو بۆچونی سەرکردایەتی شۆڕش بوو. بارو دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە شێوەیەکی گشتی نا ئارام بوو شەڕی ناو خۆی عێراق و شەڕی عەرەب ئیسرائیل کە لە مانگە ١٠/١٩٧٣ لە پەرەسەندن دابوو. ڕێبەرانی کورد زۆر بە وردی چاویان لەسەر دوا پێشهاتەکان بوو. بۆ زانینی بلانسی ئەو شەڕەی ناوچەکەی گرتبویەوە. ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بوو بەشێوەیەکی کوتوپڕ (جنێف) پێشوازیەکی گەرمی لە (کیسنجر) کرد لە مۆسکۆ. بێگومان نزیک بونەوە و دیالۆگی ئەوانە جگە لە پیلان و چەوساندنەوەی گەلان و وڵاتانی بچوک لە خوار خۆیانەوە هیچی دیکەی تیا بەدی نەدەکرا. جگە لە بەرژەوەندی ئابوری و پتەو کردنی جێ پێی خۆیان لە ناوچەکە. ویستی ئەوان بۆ کوردان بە پۆزەتیڤ دەخوێندرایەوە چونکە لە یەک  لەو باسانە دەکرا کێشەی عەرەب و ئیسرائیل بوو. ئێمەی کوردان کێشەمان لەگەڵ هەندێکی لە عەرەبە شۆڤێنیە ڕەگەز پەرستەکان هەبوو. هەروەها پەیوەندیەکانی ئێران و عێراقیش هەمان پێوەر بوون بەنسبەت کوردان. لە فکرو هزری ڕێبەرانی کورد لە شۆڕشی ئەیلولی مەزن. بەهۆی ئەو نیگەرانیەی کە ڕژێمی ئێران دەرهەق بە ڕژێمی ئێراق هەیبوو. لە مەڕ ڕیکەوتن نامەی ١١/٣/١٩٧٠ واتە ١١ ی ئازار نیگەران بون هەر بۆیە پەیوەندیەکانیان ئاسایی نەبوو. هەردەم وڵاتانی دەرهاوسێی کورد بە درێژایی مێژوو ڕۆڵێکی کاراو فاکتەرێکی بە هێزی دوژمن کارانە بونە. بۆ سڕینەوەی شوناس و ناسنامەی نەتەوایەتی کوردیمان. ئەویش لە ئەنجامی ئەوەی هێندە کێشەی کورد حەق و مافێکی ڕەوایە. ئەوان لێی ئەترسسن و سڵ دەکەن هەموو کات بە گەلەکۆمەکێ  لە ژێر پلان و فێڵدا بەرنامەیان داڕشتوە. هەرکات کورد لە گەشە و پێشکەوتندا بوبێت نەیان هێشتوە کامڵ و گەورە بێت گورزی خۆیان تێ سراوەندوە. دەوڵەتی ئێران دەرکی بەو ڕاستیە کردبوو شۆڕشی ئەیلول بوەتە شۆڕشێکی سەرتاسەری کورد. توانیویەتی ڕژێمی عێراق بە چۆکدا بێنێت. و زۆرێکی ناوچەکان ئازاد بکات و پەل  بهاوێت بە سەرۆکایەتی ڕێبەری ڕۆحی نەتەوەی کورد (مستەفا بارزانی) ژمێریاری وردی دەسەڵاتی ئێران بۆشۆڕش کەوتبونە نەخشەو پیلان بەوەی بە بەردێک دوو نیشان بشکێنن شۆڕشی کورد لەناو دەبەن . لە بەرانبەردا لە ئاو خاکی عێراق سنورێکی زیاتریان چنگ دەکەوێت. لە ١٠/١٩٧٢ بەدواوە لە ڕێگەی وەزیرێکی وڵاتی سێهەم کە ئەویش بێگومان تورکیا بوو ڕژێمی عێراقی تێگەیاندبوو ئەگەر عێراق قبوڵی بکات پەیمانی ساڵی ١٩٣٧ سەبارەت بە دەریای عەرەب بەتاڵ بکات. کە ئێران بەر لە سێ ساڵ تاک لایەنە بۆ خۆی ئەو پەیمانەی هەڵوەشاندبویەوە. ئەوە ئاشتی سەقامگیر دەبێت و دەبوو سەرکردایەتی کوردستان لە قۆناغێکی سەخت و دژواری  وەها پێشبینی هەبایە. کە پەیوەندی نێوان بەعس و ئێران تازە کرایەوەو لە پاش هێرشی سوپای میسر لە ڕێکەوتی ١٠/١٩٧٣ بەم لاوە  بەڵام وەزیرانی دەرەوەی بەغداو تاران ناو بەناو لە ئەستەنبول دیداریان ساز دەکرد. دوابەدوای ئەوەش ئەمیر عباسی هویدا سەرۆک وەزیرانی ئێران لە لێدوانەکانیدا بەدورو درێژی لە سەر مەسئەلەی کورد لە هەڵوێستە گەرم و گوڕەکانی جارانی بایدابویەوە. پتر لەوە دەدوا دابی مرۆڤ دۆستانەی ئێران ڕێگا نادات دەرگای ماڵەکەی لە ڕوی کەسانێک دابخات کە لەترسان و لەبرسان و لەتاو بۆردومان هەڵهاتوون. خۆی بەدور گرتبوو لە سیاسەت و وتبوی ئێمە دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەر نادەین ئەوە کاری عێراقیەکانە بۆ خۆیان. لەکۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەکاندا لێی دەپرسن چی کەسێک کۆمەکی شۆڕشی کوردان دەکات لەوەڵامدا دەڵێت چ کەسێک ڕەنگە ( سیا) یان ڕێکخراوی ئەمنی فەرەنسا بێت لە ١٠/١٩٧٤ سەرۆک وەزیرانی ئێران ئەوەی گوت تاوەکو ئێستا ئێران  هەشتا ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم سەدوو  دوانزە هەزار کوردە پەناهەندەی عێراق خەرج کردوە. گلەیی خستە پاڵ خاچی سوری نێو دەوڵەتی بۆ نواندنی خەم ساردیان. لە پرسیارێکدا گوترا چی بکەن باشە گوتبوی با ئەوان ئاماریان بکەن و بزانن چەند کەسێک دەبن ڕۆژێک دێت ئەمانە بگەڕێنەوە بۆ عێراق. دیاربوو ئەو لێدوانەیان بۆ کەناڵ و میدیاکان دەخستە ڕوو تاکو سەرنجی عێراق بە لای خۆیاندا ڕابکێشن و بەرژەوەندیەکانی خۆیانی پێ تەواو بکەن.  ئەویش جێگای هەڵوێستە کردنە کە دەبا سەرکردایەتی کورد لەو زمان و جۆرە دیالۆگە بە پێچ و پەنا ئاماژەی پێ دەدرا زیاتر حاڵی بان . لە کۆتایی مانگی ١٢/١٩٧٤ شای ئێران چاو پێکەوتنی لە گەڵ ڕۆژنامەی (الیاسری) کوەیتی بۆ ساز درابوو ئەوەش لەمەڕ بۆچونەکانی هویدا پتر جێگای نا ئومێدی بوو شای ئێرانی بەوە تاوانبار دەکرد ڕاست گۆیانە کاری لەسەر ئەو ڕێکەوتنە نەکردوە کە لە ئەستەنبوڵ لەسەری ڕێکەوتبون. بیرو ڕای شا لەسەر کورد وابوو کە ئەو کوردەکان بۆ سەربەخۆیی دژ بە ڕژێمی عێراق هان نادات. چونکە ئەوان بۆ خۆیان خوازیاری ئۆتۆنۆمیەکی سنور دارن. لە چوارچێوەی عێراقدا هەر لەو سەردەم و ڕۆژگارانەدا دوو فڕۆکەی عێراقی لەسنور بەزاندنی خاکی ئێراندا خرابونە خوارەوە فڕۆکەیەکی (٢) پۆڵف ١٧ و دانەیکی جۆری سیخۆ ئەمەش زیاتر بوە هۆی ئاڵۆزبونی پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و عێراق. هەڵگیرساندنی شەڕ لە ئان و ساتدابوو  لە پاش چەند ڕۆژێک شای ئێران لە ڤیەنا ڕایگەیاند پێدانی  چەکی هێرشکردن بۆ کوردان لە گۆڕ نیە. چونکە خۆی لەگەڵ سەربەخۆیدا نیە. دەوڵەتی ئێران داوای لە خاچی سوری نێو دەوڵەتی کردبوو سەردانی ئۆردوگاکانی پەناهەندانی کورد بکەن لە ئێران. وەکاتێک سەردانیان کردن داخوازیان ئەوە بوە لە ئێران بۆ کوردستانی عێراق بڕۆن و کۆمەکی خاچی سوور بۆ زەرەرمەندانی کوردستان ببەن. ئێران خۆی لەم کارە دەدزێتەوەو نا ڕازی دەبن ئەمەش هەڵوێستێکی ناپاکانەی ئێران بوو. بەڵام هێند هەبوو ڕێبەری نەتەوەی کورد مستەفا بارزانی پشت ئەستوری بەڵێنەکانی ئەمریکا بوو ئەوەش زەحمەت بوو بزانرێت کەسیا بە هەمان بێشەرمی و بێدەستی شای ئێران هەرکات بەرژەوەندی خۆیان هاتە پێش بەڵێن و شەرم لە سیاسەتدا بە پێوەری ئەوان شتێکی کاتیەو بەسەرکەوتن لە قەڵەم دەدەن بۆ خۆیان. ڕیکەوتی ٢٠/٢/١٩٧٥ سەفیری مسر لە بێروت بە نوێنەری سەرۆک بارزانی ڕادەگەیەنێت سەرۆک سادات پێی باشە نوێنەری جەنەراڵ بارزانی بدوێنێت. لە پاش ٤٨ کاتژمێر شەهید سامی لە کوردستانەوە بۆ تاران و لەوێش بۆ قاهیرە پایتەختی میسر دەڕوات. جەنەراڵ بارزانی لە ڕیکەوتی ٢٦/٢/١٩٧٥ بەرەو تاران بەڕێ دەکەوێت نوێنەری جەنەراڵ بارزانی لە ٢٨/٢ لەگەڵ سەرۆک سادات هەیکەلی دەستەڵات دیدار دەکات. سەرۆک سادات  لەم دیدارەدا بەشەهید سامی ڕادەگەیەنێت لە جەزائیردا ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێراق و ئێران ئەنجام دەدرێت ڕاستە و خۆ پەیوەندی بە کوردەوە دەبێت هەرچەندە دەڵێت وێرای ئەمەش شا داکۆکی لە کوردان دەکات. ئەوەى نوێنەری سەرکردایەتی پارتی دەیڵێت ئەوە دەبێت بە زمانێکی بنج بڕ  ڕێکەوتنی شای ئێران و سدام هەرچی بێت ئێمە تەسلیم نابین. هەوڵەکانی هەنگاوی یەکەم بۆ خۆشکردنی زەمینەیەکی ڕەخساو بەم شێوە زۆر نهێنی بون زەحمەتە ئەوە بزانرێت ئەوانەی دەستیان هەبوو لە پشتەوەی ئەم هەنگاوە ئاخۆ سەرۆک سادات یان بۆمدیان یان مەلیک حسێن بوبێت.  ئەگەر چی دەورو ڕۆڵی سادات لەم ڕوەدا گرنگ بوو. بەڵام زەمانەتی ئەوە لە ڕوانگەی شاوە کە خوازیاری زەمانەتی ڕێبەرێکی عەرەبی توندی وەک بۆمدین بوو. چونکە مەبەستی سادات ڕون بوە عەرەب نەیان توانیوە لەپاڵ ڕوبەڕوبونەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل بەرەی دووهەم لە خۆیان بکەنەوە.  ئەوەش بەرەی کوردستان بوو. پرۆژەکەی بۆمدین لەمەش گەورەتر بوو لە ڕوی جوگرافیاوە. هەوڵدەدا دەستەڵاتی هەردوو زلهێزی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاو یەکێتی سۆڤیەت لەکەنداوی فارس و ڕۆژهەڵاتی ناوین کەم بکاتەوە.  هەر بەم هۆیەوە دەبا بە بۆچونی ئێران و عەرەبەکان شەڕی کوردان کە زۆر کاریگەری هەبوە گەشەی سەندبوو بەرەو کۆتا بچێت. ئاشتبونەوەی عێراق و ئێران  لە پانتایی نەوتدا دەسکەوتێکی زۆری جەزائیری تێدابوو. شا وەک جەزائیر هەڵوێستی توندی وەرگرتبوو. لە لێدوانەکانیدا ڕەخنەی ئاراستەی مەلیک فەیسەڵ پاشای سعودیە کردبوو. لە وتەیەکیدا دەڵێت ئەگەر فەیسەڵ و یەمانی کە وەزیری نەوتی سعودیە بوو. دەیانەوێت دیاری بدەنە ئەمەریکا. ئەوە دەتوانن پارەی  کاشیان بدەنێ  بەڵام ئێمە ڕێگە بەخۆمان نادەین . بۆ ڕوو بەڕو بونەوە لەڕوانگەی بۆمدین ئومێدی ئەوەی هەبوو عێراق بگەڕێتەوە  بۆ ئۆپک. بۆ ئەوەی بەرەیەکی سێ کوچکەیی (جەزائیر , بغدا , تاران) پێک بهێنن لە هەندێک بۆچونی دیکەوە بۆمدین پێی خراپ نەبوە. سۆڤیەتەکان لە کەنداو ڕاو بنێـ.ت و چاوێک لە ئەمەریکیەکان دابگرێـت و ڕازیان بکات لە پەراوێزی کۆنگرەی ڕەبات لە ٢٦/١٠/١٩٧٤ بە گوتەی جەزائیریەکان یەکەم هەنگاویان لە  لەسەدام حسین یان پرسی بوو ئایە ئامادەی لەگەڵ شای ئێران دابنیشی. کاتێک پێشتر بۆمدین  ڕەزامەندی جێگری سەرۆک کۆماری عێراقی زانیبوو.  لێرەوە درێژەی بە هەوڵەکانی خۆی دابوو لە سەر ئاستێکی باڵا. هەرچەند سادات لەم ماوەیەدا تاکو بەر لە بەستنی کۆنگرەی سەرانی ئۆپک هەوڵی تێگەیاندنی سەرکردایەتی کوردی لەمەڕ ئەو پیلانە هەبوە. کۆبونەوەی سەرانی ئۆپک لە ٤/٣/١٩٧٥ لە پایتەختی جەزائیر دەرفەتی بۆ بۆمدیەن ڕەخساند شاو سەدام پێک بگەیەنێت. هەموو شەوێک لەپاش کۆبونەوەی ئۆپیک.شاو  سەدام دادەنیشتن تاکو سپێدەی بەیان گفتوگۆیان کردوە  لەگەڵ یەکتر. یەکەم شەوی ئەم شەو نخونیانە ڕێگا خۆشکەر بون بۆ ڕێکەوتنی دوو قۆڵی و نیەتی ناپاکانەیان بەرانبەر  شۆڕش و گەلی کورد. لەشەوی دووهەمدا بۆمدیان بەشداریان لەگەڵدا دەکات. هەستی کردبوو سەدام پەرۆشە بۆ کێشەکە لە ڕوانگەی بۆمدیان بەهای شەڕی کوردستان چەندە و بەگوتەی عێراقیەکان کوژراوی سەربازەکانیان لەساڵێکدا گەیشتوەتە دە هەزار  سەرباز و نزیکەی چوار ملیار دۆلار خەرجی شەڕو تەقەمەنی و پێداویستی جەنگ بووە. لەبۆ چونی ئەواندا ئەگەر ئەم بڕە پارە بۆ عێراق خەرج بکات بەزویی زامەکان ساڕێژ دەکاتەوە. شای ئێرانیش گەیشتبوە هەستێک هاوکاری کورد لە ڕوانگەی ئەو ئاگر بازیە چونکە پتر لە پێنج ملیۆن کورد لەو کاتەدا لە ئێران هەبوە شۆڕشی کورد پەرەی سەندبوو خەریکی گەیشتن بە ئامانجەکانی بوو. ناپاکی شا بەر لەمە دیسان جێگای هەست پێ کردن بوە. کەلە حوزەیرانی ١٩٧٤ بۆ فەرەنسا ڕۆیشتبوو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنجامی پرسیارێک سەبارەت بە شۆڕشی کورد گوتبوی بەلوعە بگرمەوە هەموو شت کۆتایی پێ دێت. ئەنجامی دانیشتنی شەوانی سەدام و شا و بۆمدیان لە شەو نخونیەکانیاندا لەپاش شەوێکی دیکە کە لەدەوری خوانی بەیانی کۆتایی هاتبوو لەسەر هەموو شتەکان ڕێک دەکەون بۆمدیان لەکۆتایی کۆبونەوەی سەرانی ئۆپک ڕایگەیاند بوو ڕێکەوتنێکی تێرو تەسەل لەمەڕ ناکۆکی هەردوو وڵاتی برا کراوە. شاو سەدام لەبەر چاوانی سەرسامی سەرانی ئۆپیکدا یەکتر لە ئامێز دەگرن. ڕێکەوتنی ئازاری ١٩٧٥ بە چوار خاڵی فەرمی تۆمار کرابوو لە نێوانیانداو لە پشت ئەوەشەوە چەند خاڵێکی نهێنی هەبون.

١ – دیاریکردنی سنوری زەمینی لە نێوان هەردوو وڵات بەپێی قەواڵە نامەکانی ساڵانی ١٩١٣ ی قوستەنتینیە و کارەکانی کۆمیتەی ساڵی ١٩١٤

٢ – دیاری کردنی سنوری ئاویی بەپێی خەتی ناوەڕاستی شەتاوی عەرەب نیوەیی ببێتە شەتاوی فارس

٣ – چاودێری توندی نێوان سنورەکان و بەمەبەستی نەهێشتنی دزە کردن لە سنورەکانەوە.

٤ – ئەم خاڵانە بناغەیەکی گشتگیرن و هەروڵاتێک لەو خاڵانە لابدات ئەم ڕێکەوتنە دەخاتە مەترسیەوە.

ڕێکەوتنەکە دان پێدانان بوە بەهێڵی سنوری کۆمیتەکانی ساڵانی ١٩١٣ بۆ ١٩١٤ نەک بەتەنها مەسئەلەی شەتاوی عەرەبیان چارەسەرکرد بەڵکو چاویان لەمافی مێژویی عەرەب لە خوزستان یان ئەوان گوتەنی عەرەبستان و کلکەی باکوڕی کەنداوی فارسیش پۆشی بوو.  لەکاتانەدا چاپەمەنیەکانی دیمەشق بەزمانی توند سەرزەنشتی ئەو ڕێکەوتنەیان دەکرد هەروەها ئێران دەس بەرداری کوردەکان بوو. عێراقیش لە لایەن خۆیەوە بەڵێنی دا کەهیچ جۆرێک پشتیوانی لەو ڕێکخراوانە ناکات. کە دژ بە ئێران و بەغدادیان کردبوە مەڵبەندیان. ڕێکەوتی ٦/٣/١٩٧٥ لە ڕادیۆکانی بیبیسی دەنگی ئەمریکا قاهیرەو ئیسرائیل بەغداد بڵاو بویەوە. ئیتر لە ٥/٣/١٩٧٥ خەڵکی کورد زانیان چی پلان وناحەقی و مزایەدە کردنذێک بەرانبەر بە کورد ئەنجام دراوە. جەماوەری سەرتاسەری کوردستان و پارچەکانی دیکەش بەرانبەر بەو غەدرو ناحەقیە حەپەسابون. نائومێدی دڵی هەموو تاکێکی کوردی داگیر کردبوو. ئێران هەمان شەو ٦/٣/ هەرچی تۆپخانەو فڕۆکە شکێن و چەکی قورس هەبون لەبارەگای شۆڕش لە حاجی ئۆمەران کە بۆ پارێزگاری لە ناوچەکەو بارەگاکان دانرابون  هەمویان بردەوە. لۆریە ئێرانیەکان بەجادەی هاملتۆن پشت شەرگە  بەرەو ئێران دەگەڕانەوە خەڵکی بەتەواوی حاڵی بون مەترسی لەسەر شؤڕشی کورد هەیە. لەو ڕێکەوتنە شومەدا. لە ٧/٣/١٩٧٥ فڕۆکەکانی عێراق ترسیان نەما تەواو ی دۆڵی چۆمان و گەڵاڵەو ناوپردان و دەربەند تا نزیک سنور دەخەنە ژێر ئاگرو گولەی خۆیانەوە. ناوچەکە وەک چڕڵی لێ هات سوپای عێراق کەوتە هێڕشێکی بەر بڵاو لە ڕەواندز بە پاڵپشتی پتر لە دووسەد تانک پەلاماری سەنگەری پێشمەرگەیان دابوو. هەرچەند هێزی پێشمەرگە زیانی زۆری پێ گەیاندن لەپاش حەفتەیەک پاش ڕێکەوتنەکەی جەزائیر  عێراق ڕایگەیاند کاری سوپایی لەکوردستان ڕادەگرن. کەلەسەر داوای شای ئێران بوو چونکە شای ئێران داوای کردبوویان ببنە پەنابەر یا بگەڕێنەوە عێراق. پێشتر جەنەراڵ بارزانی لە ٢٦/٢/١٩٧٥ دەچێتە تاران بۆ دواین هەوڵ خستنە کار لەسەر ئەو پێشهاتە  ئێران ئەو کات گوتبویان ڕێکەوتنی عێراق و ئێران بە قازانجی کوردەکان تەواو دەبێت. دیارە دواتر شوێ پێش ڕاگەیاندنەکان.  واتە ٥/٣/١٩٧٥ دەزگای ساواکی ئێران ئاگاداری سەرکردایەتی کورد دەکەن ئیتر سنورەکان دادەخەن و ڕێگای هاتوو چۆ نامێنێتەوە. وەنابێت شۆڕشی کورد چاوەڕوانی کۆمەکی ئێران بکات پێویستە مەرجەکانی عێراق قبوڵ بکرێت وەهێزی پێشمەرگە ڕێگە نادرێن بەچەکەوە بێنە ناو ئێران. یا دەبێت چەکەکانیان تەسلیم بە ئێران بکەنەوە . دواتریش چەند پلان و نەخشەیەک لە دواین هەوڵی پەیوەندیەکان و پەنابردنە بەر بەرپەرچدانەوەی پەلاماری ڕژێم و کەمکردنەوەی هێزی پێشمەرگە ئەنجامەکەی بەرهەمی نەهێنا لە ١٣/٣/١٩٧٥ سەرانی سوپاو زۆربەی ئەندامانی ( م س و ک ن) سوربون لەسەر شەڕ وێڕای کۆمەک نەکردنی ئێران. لە ١٥/٣/١٩٧٥ هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق کە (عباس علی خەلعەت بەری) و (سعدون حمادی) لە تاران  بە نێوەند گیری و سەرۆکایەتی  وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی جەزائیر ( بوو تەفلیقە) کۆ دەبنەوە لە پاش (٤٨) کاتژمێر  لە گفتوگۆ دەگەنە ڕێکەوتن لە ١٧/٣/١٩٧٥ قەواڵەیەکیان واژۆ کردوە لە ١٨/٣/١٩٧٥ مس و ک ن لە کۆبونەوەیەکدا لێبڕان کە دەست  لە شەڕ هەڵبگرن.  دیارە ئێران لە پشت پەردەوە لە ڕێگای بەرپرسەکانیەوە هەڕەشەو گوڕەشە دەکەن لە بەرپرسانی کورد لەوەی کە ئیتر شەڕ نەکەن و واز بهێنن ئەگینا ئێران بێدەنگ نابێت.  لە پاش ٦/٣/١٩٧٥ سەرۆک بارزانی دەچێتەوە تاران  تاکوو دوو تا سێ ڕۆژێک. لەو سەفەرە ئەنجامەکان ئەرێنی نابن چونکە هەموو شتێک کۆتایی پێ هێنرابوو لە چوار چێوەی ڕێکەوتنەکاندا. وەڵامی شای ئێران و دەسەڵاتداران ئەوە دەبێت گوتبویان ئێوە  بۆ ماوەی (١٢) ساڵ لە سۆڤیەت ماونەتەوە با  دوو تا سێ ساڵیش لە ئێران بژین. لێرەوە ڕۆڵی خیانەت کارانی نەیارانی کورد هاتە دیهەرچی خەون و هیوای گەلێکی مەزڵوی چەوساوەی ستەم لێکراو هەبوو. بە چرۆ و لق و پۆپەوە  نەزانانە هێنرایە خوارەوە. بە خەیاڵی خاویان ئیتر کێشەی کورد تەواو دەبێت و جارێکی دیکە ئەو خۆزگەو هیوایە ناڕوێتەوە. ئەم گەلەکۆمەیە  دژ بە گەلی کورد خواستی دیکتاتۆرە کانی سەردەم بوو. ڕەچاوی شؤڕش و خەبات و خوێنی شەهیدان لە پێناو ئازادی و بەرگری مافی نەتەوەیەک نەکرابوو. جەنەراڵی چیاکان مستەفا بارزانی نیوسەدە تەمەنی بۆ شؤڕش و خەبات و گیان فیدایی تەرخان کردبێت . بێگومان ئەو کەلتورە بوەتە فەرهەنگێکی مێژویی و قوتابخانەیەکی ڕەسەنی کوردایەتی. ئەو مێژوە هەر بە زیندوی ئەمێنێتەوە چونکە جێگای فەخرو شانازی گەلی کورد بوە هەر ئەمێنێ و مێژوو نەوە بۆ نەوە تۆماری ئەکاتەوە. لە ڕێکەوتی ٢٠/٣/١٩٧٥ ڕەشید سندی فەرماندەی سەربازی شۆڕش فەرمانی ڕاگرتنی شەڕی لە لایەن سەرۆک بارزانیەوە  پەسەند کرد. لە ڕێکەوتی ٣٠/٣/١٩٧٥ جەنەراڵ بارزانی بۆ دوجار لە حاجی ئۆمىرانەوە  لە سنور دەپەڕێتەوە.  پێشتر لە ٢٢/٣/١٩٧٥ لە ڕێگەی کەناڵی دبلۆماسیەوە داوای پەنا بەری کردبوو. لەو ماوەدا  دە هەزار تفەنگ تەسلیم بە ئێران کرا. لەو ماوەدا  هەندێک لە  کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کەوتبونە ناو چەواشەکاری بە زمانی باوکی ڕۆحی مستەفا بارزانیەوە. سەرۆک مستەفا بارزانی ڕاشکاوانە ئەوەی گوتبوو کە ڕۆڵ و ئەدای من تا ئێرە بوو بەڵام ملەتی کورد کۆتایی نایە و مەحاڵە. ڕێبەرانی  دیکەی کورد لەباوەشی گەلەوە ڕادەبن.  لە مانگی ٩ و ١٠/١٩٧٥ بە ڕەزامەندی و پشتیوانی ئەمەریکا  لەو وڵاتە مایەوە تاکو بە یەکجاری ماڵ ئاوایی کرد. مەرگێک لەو پەڕی سەر  بڵندی و نەمریەوە بوو بە ڕەمزێکی مێژویی  بۆ گەل و نیشتمانەکەی. چونکە لە ژیانیدا خزمەتی بێ  وچانی کرد بەڵکو لەو پێناوەشدا سەری نایەوە.

سەروەریەکانی ئەوەبون نیو سەدە داکۆکی کارێکی بێ وێنە بوو بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد, دوژمنێکی سەرسەختی بزێوی عەسکەرتاریەتی بەچۆکدا هێنابوو. ناچار کرا لە پێناو نەمانی شۆڕشی کورد خاک و ئاو و کەرامەتی خۆی بفرۆشێت و سازش بۆ ئێران بکات.  بارزانی باوک شۆڕشێکی بەرپا کرد  لە ڕێگەی ئەو بانگەوازەوە  کوردی بە جیهان ناساند.  ئەو بەتەنها موڵکی یەک پارچە نەبوو  بەڵکو خەمخۆرو پشت و پەنای هەرچوار پارچە و  چینی هەژاران بوو.  بارزانی شۆڕشێکی پێک هێنا بوو تەنها کوردستانی نەبوو بۆ هەموو چین و توێژێک  خەبات تێیدا مافێکی ڕەوا بوو. بارزانی دیموکرات خواز و عەدالەت خوازێکی بێ وێنە بوو. نمونەی باوەڕو ئیرادە و هێز بوو  یەکێک لە خەسڵەتە هەرە بەرزەکانی مساوەمە نەکردن بوو لەسەر مافی ڕەوای گەل. هەمیشە شەهید پەروەرو هەژار  پەرست و نیشتمان پەروەر بوو. لە شەڕو پەلاماری دوژمن سەر قافڵە بوو لە پاشەکەش کۆتا کەس دەجوڵا تاکو ئاگاداری  جوڵەی دوژمن بێت نەک زەرەریان لێ بدات. بارزانی دوور بوو لە ژیانی ڕفاهیەت و کۆشک و تەلار و مۆدێلات  لە ژیانیدا هەمیشە لە سەنگەر و چیاو بەرگریدا بوو. ئەو ڕەوشت و فەرهەنگ و کەلتورەی لە کەسایەتی بارزانیدا بەرجەستە بوو . وەک مۆرکێکی نیشتمانی و نەتەوەی ماوەتەوە  بوەتە ئەستێرەیکی گەشاوەی پرشنگدار لە ناو مێژوی پڕ سەروەریدا. حەکیمی بارزانی لەوەدا دەبینرا  ئەگەر چی چەک و جبەخانە و هێزەکان  بە ڕواڵەت نامێنن هەر  چۆن خۆمان ئەوانەمان پێک هێنا. لە ئێستادا تەنها لە بەر چاومان نابن وە هەر ڕۆژێکی دیکە بانگەواز بکرێت ئەو گەلەی کە قوربانی داوە هەمان شۆڕش هەڵدەگیرسێنێت و بە گوڕو تینی زیاترەوە ڕا دەبێتە گیانی دژو نەیار.  بڕیارێکی قورس بوو بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری بەڵام دەرباز کردنی گیانی پتر لە (١١٢٠٠٠) هەزار پەنا بەر  لەو قۆناغە پڕ مەترسیەدا کارێکی ئاسان نەبوو. وە بڕیارێکی چارە نوس سازبوو . دابڕانێکی کاتی بۆ ڕەوینەوەی  پەڵە هەورەکان پلان و نەخشەی نوێی دەویست. چونکە گیانی دەیان سەرکردە و  کادرو پێشمەرگە  هەمان پێوەری دەربازکردن بوو. لە ئەدەبیاتی  باوکی ڕۆحی کورد بارزانی مستەفا بڕوایەکی زۆری بە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش هەبوو  وەک درێژە پێدەری شۆڕشی ئەیلولی مەزن.  لەپاش ماوەیەک ئەو چاوەڕوانیە کە نەخشە بۆ داڕێژراو بوو هاتە دی. لە ٢٦ی گوڵانی نیشتمانی پێشکەوتن خوازدا. بە بڕوایەکی بەتین و هێزو بازو و خوێنێکی نوێ شۆڕشێک بەرپا بوو هەموو نەخشەو پیلان و خەوی دوژمنانی لە گۆڕنا و بۆچونە نەزۆکەکانیانی هەڵوەشاندەوە.

لەناو ئەم شۆرشە نوێیەدا قوتابخانەی بارزانی بوە ڕێپیشاندەر بۆ گەیشتن بە لەوتکە و  پێگەیاندنی کادری کارامە و دڵسۆز.

لێرەدا زۆر کەس دەپرسێ جەزائیر ڕاستە وڵاتێکی عەرەبیە بەڵام لە قارەی ئەفەریقایە لەم نێوەند گیریە چ قازانجێکی کرد. گەلی جەزائیر خۆیان ژێر دەستەییان بینی بوو ئینتدابی فەرنسابوون بەهۆی ئەوەی لە حەفتاکاندا خۆی بەوڵاتێکی گەورەی عەربی دەزانی وە تەماحی لە گەشەی زیاتر هەبوو تاکو ببنە سێکوچکەی بازرگانی نەوت لەگەڵ ئێران و عێراق و پاشان بڵێن کۆنگرەی ئۆپک لە جەزائر بەسترا سەرکەوتوو بوو لە پەنایا وڵاتانی خاوەن پترۆڵی ئاشتکردەوە. جەزائیر خۆی نزیک بوو لە باڵی سۆڤیەت پێی خۆش بوو عێراقیش پەلکێش بکات هەربۆیە سەدا سەد بابەتەکە فکرەی شۆڤێنی و بەرژەوەند خوازی بوو بەبێ گوێدانە مافی گەلێکی ستەم لێکراو

شۆڕشی گوڵان لە دەسپێکی دامەزراندنیدا. پەنجە لەسەر  هەموو خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی شۆڕشی ئەیلول دادەنێت. بۆ ئەوەی گەشە بە ئەرێنیەکان بدرێت و  نەرێنیەکانیش چارەسەر بکرێن لە شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتن خوازدا.

لە کۆتایی ساڵەکانی حەفتا  بۆ سەرەوە هەندێک لەدەستەڵاتی بەرپرسی هێزە سەربازیەکان زیاتر بوە لە پێگەو مەکانەتی خۆیان . ئەوەش وا بینراوە کە پارتی زیاتر گرنگی بە چینی بورجواز دەدات و زیاتر ڕێز لە ئاغاو شێخ و دەرەبەگ و سەرۆک هۆزەکان دەگرێت ئەمە لەناو کۆمەڵگادا کرابوە باس و لێکدانەوە. بێگومان ئەو قۆناغ و سەردەمە نەدەکرا گرنگی بە سەرۆک هۆزو شێخ و ئاغاکان نەدەیت چونکە جەماوەر خۆیان پابەند بوون بە ئەوانەوە. خودی ئامر هێزەکان شێوەیەک دەسەڵات و ڕفتاری برجوازانەیان وەرگرتبوو. شۆڕشی هەر گەلێک سەرتا بۆ ڕزگاربونی خۆیەتی لەو چواردەورەیدا کە کۆت و بەند کراوە بە فکرەی بورجوازی پاشن تێکۆشان بێت بۆ ئازادی خاک و گەل و ماف. ئەمە  خاڵێکە بۆ دروشمی هەر شۆڕش و گەلێکی ئازادیخواز.

دانای چەک و تسلیم کردنی بە ئێران خاڵێکی دیکەی نەرێنی بوو دەبوو شۆڕش چەندین شوێنی نهێنی هەبا لەناو چڕی شاخەکانی کوردستان کە لانەو پێگەی خۆی بوو.

 هەزاران درود و سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزە فڕی باوکی ڕۆحی گەل و نەتەوە مستەفا بارزانی  و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد

بە سود وەرگرتن  لە سەرچاوەی مێژویی کریس کوچێرا             ١٥/٨/٢٠٢٥

 

 

 

 

Top