دیدار عەلی عەبدولكەریم : بە پشتگیری ئازیزانم توانیم بیر لە خۆم و ئامانج و داهاتووشم بكەمەوە

دیدار عەلی عەبدولكەریم :  بە پشتگیری ئازیزانم توانیم بیر لە خۆم و ئامانج و داهاتووشم بكەمەوە

 

 

دیدار عەلی عەبدولكەریم خانمە بلۆگەرێكی دەستڕەنگین و بە سەلیقەی شاری سلێمانییە و لە ناو ماڵەكەی خۆیدا برەو بە بەهرە و تواناكانی دەدات، وەك زۆرینەی خانمان توانیویەتی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڕایەڵەیەك لە هونەری دایكایەتی لەگەڵ بینەرەكانی دروست بكات و ئەزموونەكە بگوازێتەوە.

دیدار عەلی عەبدولكەریم دەرچووی قۆناغی ئامادەییە و دانیشتووی گەڕەكی تووی مەلیكی شاری سلێمانییە، لە گفتوگۆیەكدا وردەكاری كارەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«كارەكەم بریتییە لە هاوبەشیكردنی ڕۆتینی ڕۆژانەی ژیانم لەگەڵ بینەرەكانم، ئەویش ئەزموونی دایكایەتی و ماڵ بەڕێوەبردن و كاری دەستڕەنگییە، بەڵام لەگەڵیدا ئامانجی زیاترم هەیە و دەمەوێت لە ڕێگەی كارەكەمەوە بەدەستی بهێنم، ڕۆتینی ڕۆژانە و پیشاندانی لایەنێك لە بەشێكی ژیانم، واتا تەنیا وەك فێركاری و بۆ چێژی دڵی بینەرەكانمە هەتا لەم ڕێگەیەوە ماڵ و ماڵدارییان لا خۆشەویست بێت، ئەو گەنجانەی تازە هاوسەرگیرییان كردووە و هێشتا تەمەنیان كەمە ڕەنگە بەهۆی ڤیدیۆكانمەوە فێركارییەكان زووتر فێر بن و لایان خۆشەویست بێت».

هەروەها دەڵێت: «ماوەی كەمتر لە ساڵێكە ئەم كارە دەكەم واتا پیشاندانی بەشێكی كەم لە ژیانی دایكێك و خانمێكی ماڵ، كە خۆی لە منداڵ پەروەردەكردن و خواردن ئامادەكردن و كاری ناوماڵ دەبینێتەوە، بەو مەبەستەش هاتمە ناو دنیای سۆشیال میدیا تاوەكو تواناكانم بسەلمێنم و دەوروبەر لەوە ئاگاداربكەمەوە كە ئەگەر نەتوانین بەهەر هۆكارێك لە هۆكارەكان كاری دەرەوە بكەین، یانیش لە خوێندن پلەیەكی باش بەدەست بهێنین دەتوانین بەشێوازێكی دیكە خزمەت بكەین، تۆی خانمی ماڵەوە هەست بە شەرم مەكە، چونكە تۆ هەم ئەركێكی پیرۆز هەم كارێكی زۆر گەورە لەسەر شانتە كە ئەویش پەروەردەكردنی نەوەی داهاتووی ئەم وڵاتەیە.

بە خۆشحاڵییەوە ئێمەی خانمانی ماڵ هەم چێژ لە ماڵداری و هەم چێژ لە دایكایەتیمان وەردەگرین، چونكە دنیای دایكایەتی و بەڕێوەبردنی ماڵ بۆ ئێمەی ئافرەت زۆر چێژ بەخشە».

ئەو خانمە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «من بە ئامانجی گەورە و بەهێزەوە هاتوومەتە نێو دنیای سۆشیاڵ میدیا، ئامانجگەلێكم لە مێشك و دڵدایە دەمەوێت لە ڕێگەی مۆبایلەكەمەوە بیگەیەنم و سەرەڕای ئەركەكانم ئامانجەكانیشم جێبەجێ بكەم.

بە پێویستی دەزانم ئەوە بخەمە ڕوو ئەو كەسانەی پاڵپشتم بوون زۆر سوپاسیان دەكەم چونكە هاندان و پاڵپشتی ئەوان نەبووایە هیچ كات جورئەتی ئەوەم نەدەكرد بۆ ئامانجەكانم هەوڵبدەم، بەڵام بە پشتگیری ئازیزانم توانیم بیر لە خۆم و ئامانج و داهاتووشم بكەمەوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەو بەربەست و ڕێگرییانە چی بوون كە هاتنە سەر ڕێگەی دەركەوتنت؟ ئەو گوتی: «ڕەنگە ئەو بارودۆخە بۆ من بەراورد بە خانمەكانی دیكە جیاواز بوو بێت چونكە هیچ ڕێگریم نەبوو، متمانەی خێزان و ئازیزانم بۆ من ڕۆڵێكی جیاوازی هەبوو، ئامانجی من و كارەكەم بۆ خێزانەكەم مایەی دڵخۆشی بوو، خواستەكەم بە لایانەوە كارێكی دروست بوو، ئەوان نەك ڕێگرم نەبوون بەڵكو پاڵپشتم بوون و بەردەوام یارمەتیان داوم».

سەبارەت بە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ماڵداری و دایكایەتی و كارەكانی دەڵێت: «ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییە بە دڵنیاییەوە زۆر قورسە، كاتێك لە نیوان منداڵ و هاوسەر و ماڵداریدا بتەوێت كارەكەت بەڕێبكەیت بێگومان سەختە، بەڵام هەرچەند قورسیش بێت دەبێت هەوڵبدەیت و بجەنگیت، بە مەرجێك كارێك بێت حەز و خولیات بۆی هەبێت و خۆشت بووێت، ئەو كارەش چەند ماندووت بكات ئەوكات قەدری زیاتر و چێژی زیاترە».

 

دیدار عەلی عەبدولكەریم :  بە پشتگیری ئازیزانم توانیم بیر لە خۆم و ئامانج و داهاتووشم بكەمەوە
Top