گەشە فەرەیدون: وەك دایكێك كە كاردەكەم بۆ منداڵەكانم بوومەتە پێشەنگ و شانازیم پێوە دەكەن
خولیای نەخشاندنی كەلوپەلی جوانكاری بۆتە پاڵنەری خانمێكی كورد و توانیویەتی بە شێوازێكی زۆر جوان دیزایینیان بكات و كەلوپەلی جوانكاری ناوماڵیان لێ بەرهەم بهێنێت و توانیویەتی بڕاندێكی تایبەت بەو كارە دەستییانە دروست بكات و لە كارەكەشیدا زۆر سەركەوتوو بووە.
گەشە فەرەیدون خانمێكی دەستڕەنگین و دایكێكی بە توانایە وێرای ئەوەی كە پیشەی سەرەكی ئەندازیارە هاوكات خولیایەكی زۆری بۆ دیزایینكردن و ڕازاندنەوەی كەلوپەلی ناوماڵ هەیە، ئەوەش وایكردووە بە هاوكاری خێزانەكەی بە تایبەت دایكی پڕۆژەیەكی بچووك لە ماڵەكەی خۆیدا دابمەزرێنێت. گەشە فەرەیدون ئەندازیاری تەلارسازییە و لە كەرتی تایبەت كار دەكات، تەمەنی 35 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە. لە گفتوگۆیەكدا بەرهەم و خولیاكانی بە خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەناسێنێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«ماوەی پێنج ساڵە دەستم بەم كارە كردووە و وەكو خولیایەكە بۆ من، بەشێوەی ئۆنڵاین چەند بەرهەم و كاڵایەكی جۆراوجۆر دەفرۆشم، لە كاتی بڵاوبوونەوەی هاتنی پەتای كۆرۆنا ئەم پەیجەم دانا، سەرەتا وەكو خولیایەك كەلوپەلی ماڵەكەم و دیزایینكردنی ناو ماڵەكەی خۆمم نیشان دەدا، پاشان سەیرم كرد بینەر و داواكاری زۆر زۆر هەبوو لەسەر پارچەكانی ناو ماڵەكەم، لەو كاتەدا بڕیارمدا پڕۆژەكەم فراوانتر بكەم بە نەخشاندنی جلوبەرگی كوردی و دیزایینكردنی قاپ و پیاڵە و كەلوپەلی ناوماڵ، دواتر وردە وردە كارەكەكەم بە هاوكاری ستافێكی شارەزا گەورەتر كرد، لە پاڵ ئەو كارانەشدا كەلوپەل و شیرینی بۆنە و ئاهەنگ لەسەر خواستی كڕیارەكانم بە دەستەكانی خۆم دەڕازێنمەوە، بۆ نموونە كەلوپەلی حەج و عەمرە، یادی لە دایكبوون و هاوسەرگیری.»
گوتیشی: «حەزم لە دیزایین بوو ویستم لەم ڕێگەیەوە خزمەتێك بە كۆمەڵگە بكەم، دەمەوێت كلتووری كۆن تێكەڵ بە كاری هاوچەرخ بكەم و پیشانی نەوەی داهاتووی بدەم لە ماڵەكەی خۆمەوە دەستم پێكرد، پاشان پڕۆژەیەكی بچووكم كردەوە كە چەند بەشێك لە خوی دەگرێت، لەوانە كاری دەستی چ وێنەكێشان بێت یان دیزایینكردن لەسەر پیاڵە و قاپەكان، ستافی كارەكەم لە كۆمەڵێك گەنج و ئافرەتی بە توانا پێكهاتووە، هەوڵمداوە سوود لە نەخش و دیزایینی كۆن وەربگرم و حەزم لە كەلوپەلی ئەنتیك هەیە. هەروەها بەشێكی دیكەی كارەكانم كاری دارتاشییە و چەندین كۆفی باڕ و كاوەنتەر و ژووری نووستنمان دروستكردووە، لایەنێكی دیكەی كارەكەم بریتییە لە هاوردەكردنی كۆمەڵێك شت لە دەرەوەی عێراق بە دیاریكراوی لە دوبەی و كوێتەوە داوایان دەكەم و لە ڕێگەی گواستنەوەوە پێم دەگات».
گەشە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «ئەمڕۆ شانازی بەخۆمەوە دەكەم كە توانیم ببمە خاوەنكار و بڕاندی خۆم، سوپاس بۆ خوا كە ئەو هێز و توانایەی پێ بەخشیووم، بۆ داهاتووی كچەكانم خەونم زۆر زۆرە یەكێك لە كچەكانم لە ئێستاوە زۆر حەزی لە دیزایینە و پێم دەڵێت دەبمە شوێنگرەوەی تۆ كە گەورە بووم، خەونی ئەوەم هەیە بە سەركەوتوویی خوێندن تەواو بكەن و ببنە یاریدەدەری من تا ئەو ئاستەی پێویستیمان بە كەس نەبێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا پاڵپشتی خێزان بۆ ئافرەت چەند گرنگ و پێویستە؟ ئەو گوتی: « لەو بڕوایەدام ئەگەر پاڵپشتی خێزان نەبێت ئافرەت ناتوانێت بە ئاسانی تواناكانی لە كۆمەڵگەدا بسەلمێنێت، بەشبەحاڵی خۆم ئەگەر پشتگیری خێزانەكەم نەبووایە نەمدەتوانی ئەو پڕۆژەیەم بە خاوەن بكەم، دایكم بۆ من و بۆ كچەكانم قەڵایەكە، زۆرجار كە پارەم نەبێت بە قەرز لەو وەری دەگرم، یان كە داواكارییەكانم دەگەن بە حوكمی ئەوەی لە دەوامم، وێڕای ئەوەی كە تەمەنیشی گەورەیە دایكم وەریان دەگرێت، تەنانەت پارچەكانم جگە لە ماڵی خۆم لە ماڵی دایكم و خوشك و براكانیشم عەرز دەكەم و وێنە و ڤیدیۆیان دەگرم بۆ بڵاوكردنەوە. نابێ ئەوەمان لە بیربچێت كە هەرگیز زۆری ژمارەی فۆڵۆوەرس دەلالەت ناكات لە سەركەوتنی كارەكەت، بەخۆشحاڵییەوە فۆڵۆوەرسەكانم هەموویان ڕاستەقینەن و فەیك نین، بینەرم لە ناوەوەی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق و دەرەوەی عێراقیش هەیە، پلانم هەیە لە داهاتوودا ئەو پارچانەی كە ئۆردەریان دەكەم بڕاندی خۆمیان لەسەر بنووسرێت».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە كاركردنی كچان و ئافرەتان بۆ ئەوەی خاوەن داهات و خۆیان بن تاچەند بەپێویست دەزانیت؟ ئەو گوتی: «كاركردنی خانمان چەندین ڕووی باشی هەیە، كاركردنم وایكردووە بەردەوام بەهێز بم و بڕوای تەواوم بە خۆم و بە تواناكانی خۆم هەبێت، لە ڕووی دەروونیشەوە زۆر ئاسوودەم كە كەسێكی ئازا و پڕ كار و پڕ بەرهەمم، هاوكات كاركردنم لە ڕووی مەعنەوییەوە سوودی هەیە، لە لایەكی دیكەوە وەك ئافرەتێك و وەك دایكێك كە كاردەكەم بۆ منداڵەكانم بوومەتە پێشەنگ و ئەوان شانازیم پێوە دەكەن، ئاگام لێیە لای هاوڕێكانیان بە شانازییەوە باس لەوە دەكەن كە دایكیان دوو كار دەكات و بۆ ئەوان هەم دایكە و هەم باوك. هاوكات كاركردنی هەر ژنێك وادەكات هەلی كار بۆ چەند كەسێكی دیكە بڕەخسێنێت، لە پڕۆژەكەمدا بە خۆشحاڵییەوە توانیومە دەرفەتی كار بۆ كۆمەڵێك گەنج و ئافرەت بڕەخسێنم، لێرەوە بە خانمان دەڵێم كە كە بەهرە و توانا و بیرۆكەی كاركردنیان هەیە هەوڵی بۆ بدەن و هەرگیز لە هەوڵ و تێكۆشان سارد نەبنەوە».
