سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە سەرنووسەرى رۆژنامەى (التآخي) دەكات

سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە سەرنووسەرى رۆژنامەى (التآخي) دەكات

غەفوور مەخموورى: (التآخي) هەمیشە سەنگەرێکى قایمى بەرەڤانیکردن لە مافە رەواکانى گەلى کوردستان و پردى گەیاندنى نێوان رۆشنبیرانى کورد و عەرەب بووە.

ئێوارەى ئەمڕۆ ٦ / ٨ / ٢٠٢٥، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە رۆژنامەنووسى ناسراو بەڕێز (جەواد مەلەکشاهى سەرنووسەرى رۆژنامەى التآخي) كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە ئازادى كارى رۆژنامەنووسى و رۆڵى رۆژنامەنووس و نووسەرو رۆشنبیران لە خزمەتکردنى دۆزى رەواى گەلى کوردستان كرد.
ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵ فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK)، پێشوازیکرد لە رۆژنامەنووسى ناسراو بەڕێز (جەواد مەلەکشاهى سەرنووسەرى رۆژنامەى التآخي)، لە دیدارەکەدا باسیان لە ئازادى كارى رۆژنامەنووسى و رۆڵى رۆژنامەنووس و نووسەرو رۆشنبیران لە گەیاندنى راستییەکان و خزمەتکردنى دۆزى رەواى گەلى کوردستان كرد.
سکرتێرى گشتیى YNDK لەلایەن خۆیەوە ئاماژەى بە رۆڵى بەرچاوى بەڕیزیان و رۆژنامەى (التآخي) كرد لە بزاڤى رۆژنامەگەرى کوردى بە زمانى عەرەبى کرد و، وتى: "(التآخي) هەمیشە سەنگەرێکى قایمى بەرەڤانیکردن لە مافە رەواکانى گەلى کوردستان بووەو پردى گەیاندنى نێوان رۆشنبیرانى کورد و عەرەب بووە." مەخموورى دەستخۆشى لە بەڕێزیان کردو هیواى پێشڤەچوونى زیاتر و بەردەوامى بۆ خواستن.
شایانى باسە بەڕێز (جەواد مەلەکشاهى سەرنووسەرى رۆژنامەى التآخي) لە دیدارەکەدا سوپاس و پێزانینى خۆیانى بە غەفوور مەخموورى راگەیاند، کەوا بەردەوام بە نووسینەکانى هاوکارى رۆژنامەکەیانى کردووە و، وەک رێزگرتن لە هەوڵ و نووسینەکانى مەخموورى بەناوى خۆى و ستافى رۆژنامەى (التآخي) قەلغان و سوپاس و پێزانینى رۆژنامەى التآخی پێشکەش بە غەفوور مەخموورى کرد.
لەدوا تەوەرى دیدارەکەشدا؛ جەختیانکردەوە سەر پەیوەندى برایانەى نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى دۆزى رەواى گەلى کوردستان.

Top