هەژموونی ئێران لە عێراقدا ئایا بەرەو دابەزین...یا  نامێنێت؟     

هەژموونی ئێران لە عێراقدا ئایا بەرەو دابەزین...یا  نامێنێت؟     

لە شەڕێکی سەرەکی لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەڕێک کە ئێران بۆ دەیان ساڵ خۆی بۆ ئامادە کردووە، میلیشیا و بریکارەکانی وەک سەرابێک دەرکەوتن. حزبوڵڵا لەناوچوو، ڕژێمی ئەسەد لەت و پەت بوو، حەماس لە شەڕی غەززەدا گەمارۆدرا و حوسییەکانیش مووشەکی ڕەمزییان تەقاند. سەبارەت بەو لایانەی کە تاران لە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە چەکداری و پشتیوانی کردوون، ئەوان لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بێلایەن بوون. بەسەر ئۆردوگا میلیشیاکان و بارەگاکانی سەرکردەکانیاندا، مووشەک و فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئێران و یاریزانە سەرەکییەکانی و هێماکانی و بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا دەسوڕانەوە. ڕادەی "پشتیوانی" عێراق بۆ هاوپەیمانی ئێران لە بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی و تویت و دەستەواژەی گریمانەیی زیاتر نەبوو. ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە عێراق لە بەرگی ئێران دەردەچێت؟

Iranian influence is declining in Iraq... will it disappear?

نووسینی: روبرت فورد

وەرگێرانی:شێرکۆ حەبیب

دوابەدوای شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە، مایکل نایتس- یەکێک لە شیکارە پێشەنگەکانی واشنتۆن لە عێراق- لە 10ی تەمموزدا نووسیویەتی "ئەم ساتەوەختە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ فراوانکردنی کاریگەریی ئەمریکا لە عێراق... و کەمکردنەوەی کاریگەریی ئێران".

نایتس بە تایبەتی ئاماژەی بەو شتە کرد کە بە لاوازی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و ئەو خۆگرتنی ڕێژەیی کە لە کاتی شەڕەکەدا بەکاریان هێنابوو، وەسفی کرد. بێ گومان نفوزی ئێران لە عێراق لە هەندێک ڕووەوە کەمی کردووە، بەڵام ئایا بەڕاستی لە لێواری لەناوچووندایە؟

گەمارۆکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هاوردەکردنی وزەی ئێرانی لەلایەن عێراقەوە کەمدەکاتەوە، ئەمەش بە مانای دابەزینی یەکێک لە دیارترین ئامرازەکانی گوشاری ئێران بۆ سەر بەغدا دێت. ئەم پرسە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو شەپۆلە گەرمایە توندەی کە ڕووی لە عێراق کردووە، تا دێت هەستیارتر دەبێت، چونکە پچڕانی کارەبا چیتر تەنها پرسێکی ئابووری نییە بەڵکو پرسێکی سیاسی زۆر هەستیارە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەغدا، واست، دیوانیە و نەجەف شایەتی ناڕەزایەتی بوون لەسەر دووبارەبوونەوەی پچڕانی کارەبا (هێشتا عێراق نزیکەی 27 گیگاوات کاتژمێر کارەبا بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا لوتکەی خواست لە هاویندا دەتوانێت بگاتە زیاتر لە 45 گیگاوات کاتژمێر).

هەمەچەشنکردنی وزە

ماوەی دە ساڵە حکومەتی عێراق داوای لێخۆشبوون لە سزاکانی ئەمریکا دەکات کە ئەو وڵاتانە دەکاتە ئامانج کە پارەی ئێران دەدەن بۆ کاڵای بازرگانی. هەردوو ئیدارەی یەکەمی ترەمپ و ئیدارەی بایدن ڕێککەوتن لەسەر پێدانی ئەو جۆرە لێخۆشبوونانە، بە مەرجێک پارەدانەکان بخرێنە سەر هەژمارێکی بانکی تایبەت لە وڵاتی سێیەم، بە مەرجی بەکارهێنانی تایبەت. ساڵی ڕابردوو عێراق ڕۆژانە نزیکەی 1.5 گیگاوات کاتژمێر کارەبای لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد، بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە لە مانگی ئازاری ڕابردوو وەستا، دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ ڕەتیکردەوە لێخۆشبوونێکی نوێ بدات کە ڕێگە بە بەغدا بدات پارەی کارەبای هاوردەکراو لە تاران بدات.

تا ئێستا ئیدارەی ئەمریکا سزای بەسەر عێراقدا نەسەپاندووە بەهۆی هاوردەکردنی گازی سروشتی ئێرانەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم گازە لە کارەبا گرنگترە. هاوردەکردنی غاز- ئەگەر بەتەواوی کاربکات- نزیکەی لەسەدا ٣٠ی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا پشکی هاوردەکردنی کارەبای ئێران لەسەدا ٤ تێپەڕناکات.

لە سەردەمی یەکەم ئیدارەی ترەمپەوە، واشنتۆن فشاری خستۆتە سەر بەغدا بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەی جێگرەوەی کارەبا و گازی سروشتی و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە ئێران. چەند بەرپرسێکی پێشووی عێراق ڕایانگەیاندووە، ئێران هەوڵی داوە ڕێگری لە عێراق بکات کە سەرچاوەکانی هەمەچەشن بکات. لە ساڵی 2020 قاسم فەهداوی وەزیری پێشووی کارەبای عێراق بە تەلەفزیۆنی لۆگاڵی ڕایگەیاند، ئێران فشاری خستووەتە سەر حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ سعودیە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ عێراق. ئەلفەهداوی ئاماژەی بەوەشکرد، عەبادی لەو کاتەدا سەرنجی کەمبوونەوەی بە ئەنقەستی هەناردەی کارەبای ئێرانی داوە، کە بووەتە هۆی توڕەیییەکی بەرفراوانی گشتی و وەک ئامرازێک بۆ گوشاری تاران سەیر دەکرا.

بەهائەعرەجی سیاسەتمەداری شیعەکانی عێراق پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە ساڵی ٢٠١٨ ڕایگەیاندبوو کە ئێرانییەکان لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری (٢٠١٣-٢٠١٥) فشاریان خستۆتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو سەبارەت بە پێدانی کارەبا ئەنجام نەدات.

سەرەڕای ئەم فشارە شاراوانەی ئێران، تا ساڵی ٢٠٢٢ حکومەتی عێراق دەستی کرد بە ڕووکردنە دابینکەرانی نوێ، لەژێر فشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکادا. به غدا به بێ متمانه یی و تێچووی زۆری پێداویستییه کانی ئێران، له و ساڵه ڕێککەوتنێکی له گەڵ ڕیاز واژۆ کرد بۆ دروستکردنی هێڵی گواستنە وەی کارەبا بۆ ناوچەی یوسفیه، له دیوی سنووری عێراقیەوە، بۆ هاوردەکردنی یه ک گیگاوات کارەبا. کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە بەردەوامە.

کاریگەری بەکارهێنان

هەر لەو ساڵەدا عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بۆ بەستنەوەی باشووری عێراق بە تۆڕی کارەبای کەنداو و ڕێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ ئوردن ئەنجامدا. بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانی کارەبای ئوردن، پێدەچێت ئوردن لە مانگی ئابی داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنی نێوان 150 بۆ 200 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق بکات، بەپێی ئەو لێدوانانەی لە مانگی ئایاردا بۆ ئاژانسی فەرمی پێترا داویەتی. هەروەها بەغدا ڕێککەوتنێکی ئەنجامدا و ڕێگەی پێدەدات 600 مێگاوات لە تورکیا هاوردە بکات، لە ئێستادا کار لەسەر دامەزراندنی ئاسانکاری هاوردەکردنی غازی سروشتی شل دەکات، بەڵام ئەمانە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامادە نابن.

هەر ئەم ساڵ، حکومەتی عێراق ڕێککەوتنێکی دیکەی واژۆکرد، کە واشنتۆن پێشوازی لێکرد، لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی، بۆ دامەزراندنی ئیستغلالکردنی غازی سروشتی کە ئێستا لە شوێنەکانی دەرهێنانی نەوتدا سووتاوە و گۆڕینی بۆ سەرچاوەی کارەبا. محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئیدارەی ئەمریکای ئاگادار کردەوە کە تا ساڵی ٢٠٢٨ عێراق پێویستی بە غازی ئێرانی نابێت.

ئیتر هەژموونی ئێران لە عێراقدا تەنها لەسەر پشتیوانی دەرەکی یان میلیشیا چەکدارەکان دانەنراوە. بەڵکو لەسەر بنەمای یەکخستنی هاوپەیمانەکانی تاران بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقەوە دامەزراوە. ئێران لە ڕێگەی بلۆکێکی سیاسییەوە کە بە "چوارچێوەی هەماهەنگی" ناسراوە، کە دیارترین لایەنە ئیسلامییە شیعەکانی دڵسۆز بۆی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ نوێنەرایەتی سیاسی میلیشیا سەرەکییەکانی سەر بە ئێران، دیارترینیان هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری، کاریگەریی خۆی دەخاتە ڕوو.

ئەم بلۆکە بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە پەرلەمانی و سیاسییەکانی بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی تاران، میحوەری نفوزی ئێرانی لە نێوخۆی وڵاتدا پێکهێناوە. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتن لەسەر دانانی محەمەد شیاع ئەلسودانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەنگاوێک کە توانای ئێرانی نیشاندا بۆ ئاراستەکردنی بڕیارە سیاسییەکان لە بەغدا لە ڕێگەی بریکارە ناوخۆییەکانی لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی حکومەتدا.

ڕاپۆرتێکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەکادیمیای سەربازی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە چوارچێوەی هەماهەنگی هەنگاوی سیستماتیکی ناوە بۆ گۆڕینی ئەو بەرپرسانەی کە لەلایەن مستەفا ئەلکازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە دەستنیشانکرابوون بە کەسایەتییە دڵسۆزەکانی بۆی. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دانانی بەڕێوەبەرێکی نوێ بۆ ئاسایشی ناوخۆ، یەکێکی دیکە بۆ چاودێری و سێیەمیش بۆ دژە هەواڵگری لەناو دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقدا کراوە. لەسەر ئاستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی- کە پەیوەندی بە ئاسایشی ناوخۆوە هەیە- بەڕێوەبەرێکی سەر بە پارتی دەعوە دەستنیشانکرا، لەگەڵ جێگرێکی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق، کە یەکێکە لە دیارترین میلیشیاکانی لایەنگری ئێران.

بە هەمان شێوە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دانوستانیان کرد بۆ دامەزراندنی پۆستە باڵاکان لە فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان، ئیدارە سنوورییەکان و گومرگییەکان، هەروەها وەزارەتە سەرەکییەکان. ئەم بەرپرسە باڵایانە لەم وەزارەت و دەزگایانە دەسەڵاتی پێدانی گرێبەست و پەسەندکردنی پڕۆژەیان هەیە، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات سەرچاوەی بودجەی گشتی ئاراستەی هاوپەیمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان بە ئێرانەوە بکەن.

جگە لەوەش هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری (حشد) کە زۆرێک لە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لەخۆدەگرێت، هەرچەندە لەوانەیە هەموویان نەبن ، ڕاستەوخۆ لە حکومەتی عێراقەوە پارە وەردەگرن. تەرخانکردنی بودجەیان لە ٢.١٦ ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٣.٤ ملیار دۆلار لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ زیادیکردووە. حکومەت ئیمتیازاتی زیاتری بە فەرماندەکانی حشد بەخشی، ڕێگەی پێدا لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا هێزی خۆیان لە ١٢٢ هەزارەوە بۆ ٢٣٨ هەزار زیاد بکەن. ئەم پارەیەی حکومەت لە کورتخایەندا چاودێری توند ناکات، ئەمەش جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە لە واشنتۆن.

لە هەر شوێنێک پارە لە ئابووریی عێراقدا بڕوات کە وابەستە بە نەوت و بە دۆلارەوە بەستراوەتەوە، گەنجینەی ئەمریکا کاریگەرییەکی هەیە. نموونەیەکی ئەم دواییەدا، دوو مانگ لەمەوبەر، واشنتۆن سزای بەسەر بازرگانێکی دەوڵەمەندی بەریتانی-عێراقیدا سەپاند کە تۆمەتبارە بە قاچاخبردنی نەوتی ئێران، لەگەڵ 12 تانکەر کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەکارهێنراون و تێرمیناڵێک لە خورئەلزوبەیر. ئەم هەنگاوە ڕەنگە هەناردەکردنی نەوتی دیکەی عێراق پەکبخات و زیان بە ناوبانگی حکومەت بگەیەنێت لە کاتێکدا کە بە شێوەیەکی چالاکانە بەدوای وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەدا دەگەڕێت.

لە دەوروبەری هەمان کاتدا ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی عێراق پرۆپاگەندەیان کرد کە دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە بۆ ئەندامانی هێزەکانی حشد لە مانگی حوزەیران بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە بووە بۆ سەر بانکی ڕافیدەین بۆ بلۆککردنی کارتی بانکییان. لە کاتێکدا حکومەتی عێراق و سەرکردایەتی حشد هۆکاری دواکەوتنەکەیان بۆ "پرسێکی تەکنیکی" گەڕاندەوە و پشتڕاستیان کردەوە کە دواتر مووچەی فەرمانبەران خەرج دەکرێت، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە سادەیی ڕایگەیاند کە بانکە عێراقییەکان دەبێ پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بن و خۆیان لە پارەدارکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان بەدوور بگرن. بەڵام دواجار ئەندامانی حشد مووچەکانیان وەرگرت، هەرچەندە بابەتەکە بێ مشتومڕ نەبوو.

فڕۆکە جەنگییەکان و مووشەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەتەنها ناتوانن چنگی حزبە ئیسلامییە شیعەکانی لایەنگری ئێران و هێزەکانی حشد بەسەر دەوڵەتی عێراقدا تێکبدەن. ئەگەر بەڕێوبەری گشتی، جێگری وەزیر، یان بەرپرسێکی هەواڵگری نزیک لە ئێران تیرۆر بکرێت، هاوپەیمانەکانی ئێران بە خێرایی هاوپەیمانێکی دڵسۆزتر لە شوێنی ئەوان دەگۆڕن. تاکە ڕێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم کاریگەرییە لە ڕێگەی هێزەوە نییە، بەڵکو لە ڕێگەی کردەوەی سیاسی ناوخۆییەوەیە کە خودی عێراقییەکان سەرکردایەتی بکەن.

سەرەڕای یەکگرتوویی ڕواڵەتییان، چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری (حشد) بەدەست لاوازییەکی ڕوونەوە دەناڵێنن. لە کاتی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ساڵی ٢٠١٩، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەژموونی حزب و میلیشیا ئیسلامییە شیعەکان، خۆپیشاندەران لە چەند شارێک ئاگریان لە بارەگای ئەو حزب و میلیشیایانە بەردا و هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە. هەڕەشەی جەماوەری بۆ سەر شەرعیەتی ئەو هێزانە گەیشتە ئاستێک کە وای لێکردن بە توندوتیژییەکی زیادەڕۆیی وەڵام بدەنەوە، چ لە ڕێگەی هێزە چەکدارەکانیانەوە و چ لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانەوە، بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. هەرچەندە حکومەتی عێراق- کە هەمان حزب و میلیشیاکان زاڵن- بەڵێنی لێپرسینەوەی دا، بەڵام تەنها ژمارەیەکی زۆر سنووردار لە کارمەندانی ئەمنی داوەتە دادگا.

لەگەڵ پەرەسەندنی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و پەرەسەندنی ترس لە سەرکوتکردن، ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بە شێوەیەکی بەردەوام لە دابەزیندایە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ لە ٦٢ لەسەدەوە دابەزی بۆ ٦٠ لەسەد لە ساڵی ٢٠١٤، پاشان بۆ ٤٤ لەسەد لە ساڵی ٢٠١٨ و تەنها ٤٣% لە ساڵی ٢٠٢١. ئەم دابەزینە ڕەنگدانەوەی لەدەستدانی متمانەیە لە نێوان بەشێکی گەورەی گەنجان- کە زۆرینەی دانیشتووان پێکدەهێنن- بە سیستەمی سیاسی کە ماوەی دە ساڵە ئێران زاڵ بووە. لە بەرامبەر ئەم ناڕەزایەتییە جەماوەرییە پەرەسەندووە و ترسە لە وەرینی شەرعیەتی دەوڵەت، عەلی سیستانی پیاوی ئایینی شیعە بەردەوامە لە ڕەخنەگرتن لە گەندەڵییە بەربڵاوەکانی دامودەزگاکانی حوکمڕانی بەغدا، هەرچەندە بەبێ ئەوەی ناوی کەسایەتی یان قەوارەی دیاریکراو بهێنێت. زۆرجار جەختی لەسەر سنووردارکردنی کۆنترۆڵی چەک لە دەوڵەتدا کردووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی میلیشیاکان، بەتایبەتی هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری (حشد) دەبێت سنووردار بکرێن.

موقتەدا سەدر، سەرکردەی ئایینی و سیاسی، کە لە بنەماڵەیەکی ئاینی دیاری نەجەفە، هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەتر و بوێرانەتری گرتووەتەبەر و ڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە میلیشیا چەکدارەکان گرتووە، سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتی میلیشیاکانی خۆی دەکات. موقتەدا سەدر توندی خۆی لە دەستوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق دەربڕیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لایەنە شیعەکان ڕێگریان لە بزووتنەوە پەرلەمانیەکەی کرد حکومەت پێکبهێنێت دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022. ئەمەش وای لێکرد بەتەواوی لە پەرلەمان بکشێتەوە و ببێتە نەیارێکی توندی چوارچێوەی هەماهەنگی.

لەم دواییانەدا یەکێک لە وتەبێژەکانی وتی "بۆنی سیاسەت لە عێراقدا عێراقی نییە، بەڵکو بیانییە"، ئاماژەی بە ڕادەی کاریگەریی دەرەکی کرد کە پڕۆسەی سیاسیی گرتووەتەوە. موقتەدا سەدر داوای چاکسازی ڕیشەیی دەکات کە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی دەوڵەت هەبێت، لەوانە هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران و تێکەڵکردنی ئەندامەکانیان لە سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانیدا. بەهۆی ئەو قەناعەتە پتەویانەی کە گەندەڵی بەربڵاو ڕێگای چاکسازی ئاڵۆزتر دەکات و لەژێر دیمەنە سیاسییەکانی ئێستادا مەحاڵ دەکات، موقتەدا سەدر بەردەوامە لە بایکۆتکردنی ئەو هەڵبژاردنانەی کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

ئەم هەڵوێستەی سەدری، لایەنە شیعەکان و میلیشیاکانی کۆنترۆڵی پەرلەمان نیگەران کردوە. موقتەدا سەدر لە ١٣ی تەمموز ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە بلۆکی سیاسی ئەڵتەرناتیڤ دەکات کە پابەند بێت بە دیدگای چاکسازییەکەیەوە، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان. ماڵپەڕی دەنگی عێراق لە 15ی تەمموزدا بڵاویکردەوە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ترسیان لەوە دەربڕیوە کە موقتەدا سەدر پشتیوانی سەرۆک وەزیرانی سودانی بکات، کە چەندین جار بەڵێنی کۆکردنەوەی چەکی میلیشیاکانی داوە. بەڵام ڕەخنەگرانی دڵسۆزی ئەو دەخەنە ژێر پرسیارەوە و دەڵێن ڕەنگە تەنها میلیشیاکانی دەرەوەی هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری (حشد) بکاتە ئامانج.

جێگای سەرنجە، ئەلسودانی دەستی کردووە بە پێکهێنانی بلۆکی سیاسی خۆی، هەوڵدەدات بنکەیەکی سەربەخۆ دروست بکات کە بتوانێت تا ساڵی ٢٠٢٦ پشتبەستنی داهاتووی بە پارتەکانی وەک دەعوە و میلیشیاکانی فەتح کەم بکاتەوە.

هەرچەندە پێدەچێت پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سیاسی نوێ کە هەموو پێکهاتە عێراقییەکان لەخۆ بگرێت، بەدەر لە لایەنە شیعەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە، ئەرکێکی قورس بێت، بەڵام سەرکەوتنەکەی لە دەستەبەرکردنی زۆرینەی پەرلەمان لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەر، دەتوانێت دەرفەتێکی ڕاستەقینەی بۆ دابین بکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و دەست بە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی قووڵی لایەنگری تاران بکات بە دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانەی پەیوەستن بەوەوە و وردە وردە چەکداماڵینی میلیشیاکان.

بەڵام پێدەچێت لایەن و میلیشیاکانی پەیوەست بە ئێرانەوە بە هەموو ڕێگایەکی یاسایی و نایاسایی و ڕەنگە تەنانەت توندوتیژی وەڵام بدەنەوە، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵ و کاریگەریی دارایی خۆیان بپارێزن. ئەوان لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەم تاکتیکانەیان بەکارهێنا بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەت. لە کاتێکدا ئەم میلیشیایانە لە ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥دا دوودڵی خۆیان نیشانداوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل یان ئەمریکا، بەڵام درێغی ناکەن لە شەڕێکی توند لە دژی نەیارانی عێراقی خۆیان لە شەڕێکدا کە بە شەڕێکی بوونگەرایی دەزانن.

زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە بەم دواییە فڕۆکەخانەی هەولێر و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج، لە بنکەکانی حەشدەوە هەڵدراون، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئاگادارکردنەوەی کورد لە فشارخستنە سەر بەغدا لەسەر پرسی نەوت. ئەم کردارانە وەک پێشبینییەک بۆ ئەوەی کە ڕەنگە لە پێشمان بێت سەیر دەکرێن. بۆیە ئەگەر دوای هەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەریش هاوپەیمانییەکی ئەڵتەرناتیڤیش شێوەی خۆی بگرێتە بەر، دەرئەنجامی دەستبەجێی خەباتێکی سیاسی گەرم و ئەگەری سەرهەڵدانی توندوتیژیی نوێ دەبێت.

 

 

Top