دیدگا ستراتیژییەکانی مەسرور بارزانی بۆ ئیدارەدانی حکومەت
ئەوەی لای هەمووان ڕوونە، سەرۆکایەتیی کابینەی نۆیەم بە دژوارترین مێژووی هەرێم دادەنرێت لە بڕینی بودجەی هەرێم و هاتنی داعش بۆ عێراق و پەتای کۆرۆنا، کە بووە هۆی بە تەواوی وشککردنی داهاتی هەرێم، ئەمەش بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە زۆر دژوار کرد، بەڵام ئەم هۆکارانە نەبوونە بەربەست لە بەردەم کابینەی نۆیەمدا بە سەرۆکایەتیی رێزدار (مەسرور بارزانی) کە بە دیدگایەکی جیاواز و ستراتیژی، ئیدارەی ئەم کابینەیەی داوە.
بۆ هەمووان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش خەون بوو دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاویی هەولێری پایتەخت، بەڵام بە هەنگاوە بوێرەکانی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی توانی لە ماوەیەکی قیاسیدا ئەم قەیرانانە تێپەڕێنێت، ئەمە سەرباری هەنگاوەکانی لە بواری ڕێگاوبان و گەشتوگوزاردا، کە کوردستان و هەولێر دەباتە قۆناغێکی جیاوازەوە، دەکرێ بڵێین پرۆژەی (هەژماری من)یش یەکێکی ترە لە هەنگاوە ستراتیژییەکانی سەرۆکوەزیران لە بواری بانکی و بەرەوپێشچوونی هەرێم لە رووی بانکی و داراییەوە، ئەمە وێڕای هەنگاوەکانی لە بواری کەرتی کشتوکاڵیدا، کە بێهاوتا بوون لە مێژووی هەرێم و ناردنەدەرەی بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکانی هەرێم بۆ دەرەوە و دروستکردنی دەیان کارگەی ناوخۆیی، بۆ ئەوەی ببن بە ژێرخانێک بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییە جیاوازەکان.
لە هەمووی گرینگتر سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆتایی بەو جەدەلە هێنا کە لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەبوو، کە قوڵایی سیاسەتی هەرێم بەرەو عێراق بێت نەوەک دەرەوە، بە جۆرێک لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەی، هەموو هەنگاوەکانی بە ئاراستەی لێکتێگەیشتن بوو لەگەڵ عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و پێدانی نیوەی داهاتی نانەوتی بە بەغدا و کردنەوەی دەرگای هەرێم بۆ لیژنە جیاوازەکانی عێراق، کە هاوکات لە ماوەی سەرکردایەتیکردنی کابینەی نۆیەمدا، زۆرترین سەردانی بۆ بەغدا ئەنجام داوە، لە بەرامبەردا ئەم هەوڵانەشیدا، سەرۆکوەزیران ڕووبەڕووی زۆرترین دژایەتیی بەرپرسانی عێراق بوویەوە، هاوکات ئەو راستییەی بۆ هەمووان روون کردەوە کە بەشێکی زۆری ئەوانەی لە ئێستادا حوکم دەکەن لە بەغدا، هەمان بیرکردنەوەی شۆڤینیانەی ئەوانەی پێشووتریان هەیە، جگە لەوەش پەردەی لەسەر دووڕوویی زۆرێک لەو سەرکردە عێراقیانەش هەڵدایەوە کە بانگەشەی دۆستایەتییان دەکرد لەگەڵ گەلی کوردستان، بە شێوەیەک بۆ هەمووانی سەلماند ئەوانەی لە بەغدا حوکم دەکەن تەنیا بە نەمانی کوردستان ئامادەن لەگەڵمان رێککەوتن بکەن.
ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جیا دەکاتەوە، مامەڵە جیاوازەکانیەتی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەک سەرباری فشارە ناواقعییەکانی ئەم هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنانەی کە بە درێژایی ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێگاکانیان تاقی کردەوە بە مەبەستی لەمپەر خستنە بەردەم پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێم، بەڵام پێچەوانەی فشارەکان، سەرۆکوەزیران رژد بوو لەسەر ئامانجەکانی و توانی لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەموو پرۆژە ستراتیژییەکان جێبەجێ بکات لە پرۆژەی (رووناکی و هەژماری من و ئاوی خێرای هەولێر) کە بە شایەتیی هەمووان ئەو مەکینە ئیعلامییەی لە دژی ئەم پرۆژانە کاریان دەکرد، لە مێژووی حکومەتی هەرێمدا بوونی نەبووە، کە ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ فشارەکانی بەغدا بۆ سەر حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بەلایەنی کەم دەست لەم پرۆژانە هەڵبگرێت، بەڵام ئەنجام ڕوونە و کوردستان بەردەوامە لەسەر رێچکە ڕاستەکەی سەرەڕای هەموو فشارەکان.
ماوەتەوە بڵێین، دروستیی مامەڵەکردنی سەرۆکوەزیران لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، زۆر سەرکەوتووانە بووە، بە شێوەیەک پاراستنی بێلایەنیی هەرێم لە شەڕی نێوان ئیسڕائیل و ئێران هۆکارێک بوو بۆ بێ زیان بوونی هەرێم لە پریشکی ئەم ئاگرە. لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆڵی کاریگەری هەرێم لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئەنجامی ئەرێنیی درێژخایەنی دەبێت لەسەر داهاتووی هەرێم، هەروەها بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ تورکیای دراوسێ و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە سووریا و هاوتەریببوونی سیاسەتی کابینەی نۆیەم لەگەڵ ئیدارەی سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ) لە پەرەپێدانی کەرتی وزە لە رێگەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، پاڵپشتیی ئەم زلهێزەی بۆ قەوارەی هەرێم مسۆگەر کردووە، جگە لەمانەش، گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ کارەکتەرە کاریگەرەکان لە ناوچەکەدا، خوێندنەوەی دروستی سەرۆکوەزیران بۆ داهاتووی ناوچەکە دووپات دەکاتەوە.

محەمەد عەلی