هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیام بۆ یاری تۆپی پێی هەبووە
هەنار لەیس گۆڵپارێزی فوتساڵی یانەی چیا
هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیام بۆ یاری تۆپی پێی هەبووە
شاری سلێمانی لە ئێستادا بۆتە ناوچەیەكی دیاری كوردستان و عێراق لە دروست كردنی یاریزانان لە یارییە جۆراوجۆرەكان، یەكێك لەم شارانەی كوردستانە كە بەردەوام چەندین كچە یاریزانی بەتوانای لە خۆ گرتووە لە ڕێگەی یانەكان ئامانجی گەورەیان پێكاوە ، تیپی فوتساڵی یانەی چیاش یەكێك لە تیپە بەهێزەكانی كوردستان و شاری سلێمانیە كە خاوەنی چەندین كچە یاریزانی ئاست بەرزە، یانەكە خاوەنی ژمارەیەك لە یاریزانانی ئاست بەرزە و تەمەنیان بچووكە و پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیان دەكات لە داهاتوودا، كارگێڕیی تیپەكە گرینگی زۆر بە توانای ئەم یاریزانە لاوانە دەدات بۆ ئەوەی لە داهاتوو ڕكابەری سەرجەم یانەكانی كوردستان و عێراقیان پێ بكات. یەكێك لە گۆڵپارێزە بەتواناكانی یانەكەش كچە گۆڵپارێز هەنار لەیس كەمال-ە ، ناوبراو كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە گەڵ تیپەكە، لەدایك بووی ساڵی 2009ی پارێزگای سلێمانی ویاریزانی یانەی چیایە و بۆ هەریەك لە یانەكانی چەمچەماڵ و خەڵاتی پێنجوێن یاری كردوە ، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد.
*چۆن بوو بڕیارتدا یاری تۆپی پێی هەڵبژێری؟
-هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیام بۆ یاری تۆپی پێی هەبووە، زانیم كە تێدا سەركەوتوو دەبم بۆیە هەڵمبژارد.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە زیاتر كێبڕكێیە لە سەر ئەنجام؟
- بەڵێ خودی وەرزشەكە قورسە بە تایبەت بۆ ئافرەتان كە ئەرك و ماندووبوونی زۆری دەوێت، بەڵام خۆشی ڕاستەقینەی وەرزشەكە لە كێبڕكێكەدایە.
*بۆچی یاری تۆپی پێی لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- چونكە لە ڕووی مادی هاوكاری ناكرێت بە تایبەت بۆ كچان، وە هیچ كەسێك ئامادە نییە هاوكاربێت. ساڵی جارێك خول دەكرێتەوە لە ماوەی مانگێك بۆ دوو مانگ تەواو دەبێت، جگە لەوەش هیچ خولێكی تر نییە تاوەكو بەرەوپێش بچێت، هەر خولێكیش هاوكاری نەكرێ ئەو ئاستەی نابێت كە چاوەڕوان دەكرێ، بۆیە هیوادارم لە هەموو ڕوویەك هاوكاری بكرێت بە لایەنی كەمەوە ساڵی دوو خول بكرێتەوە تاوەكو بەرەوپێش بچێت لەم ئاستە بێت كە هەموو تیپ و یاریزانان چاوەڕێ دەكەن.
*هەست ناكەی ئەم یارییە بە شێوازێكی باش پێشوازی لێ نەكراوە؟
- بێگومان بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێنەكراوە، چونكە لە كاتی كردنەوەی خولەكان هیچ بەرپرس و لایەنێك ئامادەنییە هاوكاری كردنەوەی خولەكان بكات، وە هاوكاری كچانی كوردستانیش ناكرێت تاوەكو زیاتر ڕوو لەم بوارە بكەن.
* ئاستی یاری فوساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئاستێكی مام ناوەندایە و گرنگیەكی وای پێنادرێت.
* چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ ناو ئەم وەرزشە؟
-هاوكاریان بكرێت و بەربەستی نەهاتنە ناو وەرزشیان بۆ ئاسانتر بكرێت و گرینگیشیان پێ بدرێت لە ڕووی ئاستەوە.
* بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو گۆڵپارێزێك؟
- ئاستم زیاتر بەرەوپێش ببەم و بگمە ریی هەڵبژاردەی عێراق.
*لە دوو خول یاری دەكەی عێراق و كوردستان كامەی بەهێزترە؟
-هەردووكیان چێژی تایبەت بەخۆیان هەیە و بەهێزن، بەڵام خولی عێراقی بەهێزترە.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- گرینگی نەدان بە توانا و بەهرەی یاریزانان و هاوكاری نەكردنیان لە ڕووی مادی و مەعنەوی.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو وەرزشكارێك؟
-بێگومان بگەمە ئەو ئاستەی كە یانەكانی دەرەوەی وڵات گرێبەستم پێشكەش بكەن.
*گرێبەستت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی عێراقی؟
-تا ئێستا هیچ گرێبەستێكم بۆ نەهاتووە.
*یاری كردن لە ڕیزی هەڵبژاردەی وڵاتەكەت چ هەستێكت پێ دەبەخشێ ؟
- هەستێكی تایبەتی هەیە تێدەگەیت كە هەموو ئەو هەوڵ و ماندوو بوونانەی كە ڕەنجت بۆ كێشاوە بە هەدەر نەچووە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- هیوادارم گرینگی بەم وەرزشە بدرێ لە ئاستی كچاندا، چونكە كچان توانیان زۆرە و ئاستیان بەرزە، زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان هەمیشە پێشەنگە لە خزمەت كردن بە وەرزشی جۆراوجۆر.
