شوکروڵڵا شێخانی بۆ گوڵان:دەستخۆشی بینەران گەورەترین ڕێزلێنانە بۆ من
شوکروڵڵا شێخانی هونەرمەندێکی ناوداری شاری هەولێر و کوردستانە لە بواری شانۆ و دراما,بنەماڵەکەی و باوک و باپیرانی خەڵکی گوندی (ئیلنجاغی گەورە)ی دەڤەری (کۆیە)ن لەوێ لەدایک بوون و ژیاون. لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی بیستەم گوندی ئیلنجاغ بەجێدەهێڵن و ڕوودەکەنە شاری (هەولێر) و لەوێ دەگیرسێنەوە و نیشتەجێ دەبن. شوکروڵڵا شێخانی لە ساڵی 1956 لەشاری هەولێر لەدایک بووە. لە دەیان کاری شانۆیی و درامای تەلەفزیۆنیدا بەشداری کردووە و ڕۆڵی دیاری هەبووە و ئەکتەرێکی بەتوانایە. بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ لە چاویدا ڕووی کردە وڵاتی (سوید) و ئێستاش لەوێ نیشتەجێیە.
بەم دواییە لە لایەن کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی مەڵبەندی گشتی هەولێر بە سەرپەرشتی بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری ئاڕمی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا، لە دەرفەتێکدا چەند پرسیارێکمان ئاراستە کرد.
*سەرەتا پیرۆزبایی ئەو ڕێزلێنانەت لێ دەکەین. ئەم خەڵاتکردن و پێزانینە دوای ئەم هەموو ساڵە لە خزمەتکردن، چ مانایەکی تایبەتی هەیە بۆ بەڕێزتان و چ هەستێکتان پێ دەبەخشێت؟
-ڕێزلێنانەکە هەستێکی زۆر خۆشی پێ بەخشیم. هەرچەندە بەداخەوە ژمارەیەکی کەم لە خەڵک ئامادە بوون، چونکە بەپێی پێشبینیی من، وامدەزانی هۆڵەکە پڕ دەبێت.
لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی جەنابی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، و بەڕێزان فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر، هیوا سوعاد، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان دەکەم.
بەڵام پێش ئەم ڕێزلێنانە فەرمییە، من گەورەترین ڕێزلێنانم لە بینەرانم وەرگرتووە؛ چونکە بۆ هەر شوێنێک دەچم، دەستخۆشیم لێ دەکەن و هانم دەدەن بۆ کاری درامیی زیاتر.
*کەی و چۆن دەستت بە کاری هونەری کرد؟ بە گشتی چەند ساڵە لەم بوارەدا بەردەوامیت و چی وای لێکردیت ئەم ڕێگایە هەڵبژێریت؟
-من لە ساڵی 1971ـەوە لە تیپی «کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی» لە هەولێر، لەسەر دەستی مامۆستای گەورە و کۆچکردوو، تەڵعەت سامان، دەستم بە کاری هونەری کرد. واتە نزیکەی (٥٥) ساڵە لە بواری نواندندا کار دەکەم، خۆشەویستیم بۆ کاری هونەری و خزمەت کردنی گەلەکەم هۆکار بوون بۆ ئەوەی بەردەوام بم.
*لە ماوەی کاروانی دوورودرێژی هونەریتدا، کام کارانەت بە وێستگەی گرنگ یان بەردی بناغەی ژیانی هونەریی خۆت دەزانیت کە هەست دەکەیت زۆرترین کاریگەرییان لەسەر تۆ یان لەسەر بینەر هەبووە؟
-هەموو کارێکی هونەری دراما و شانۆگەری و هەر کارێکی دیکە کە بەشداریم تێدا کردووە جێی شانازیی منن، بەتایبەتی شانۆگەریی «پیلان». دواتریش، درامای «کەوەکانی قەرەچووخ» و درامای «ئادیابین» بە هەردوو بەشی یەکەم و دووەمەوە.
*جیاواز لە گرنگیی کارەکان، ئایا کارێک یان ڕۆڵێکی دیاریکراو هەیە کە لای خۆت زۆر خۆشەویست بێت و زیاتر لەوانی تر یادگاریی شیرینی لەلات هەبێت؟ هۆکارەکەی چییە؟
-درامای «ئادیابین» لام تایبەتتر و شیرینترە، سوپاس بۆ خودا، کە تەمەن و تەندروستیی پێ بەخشیم دوا دەیان ساڵ لە ئەزموون نواندن بتوانم ڕۆڵی کەسایەتییەکی مێژوویی گەورە و بەهێز ببینم کە باس لە مێژووی گەلەکەم دەکات. ئەمە شەرەف و شانازییەکی گەورەیە بۆ من.
*لەگەڵ چەندین نەوەی هونەرمەندان کارت کردووە. کام دەرهێنەر یان هاوڕێی ئەکتەر هەبوون کە لە کاتی کارکردندا زیاتر هەستت بە ئاسوودەیی و لێکتێگەیشتنی هونەری کردووە و کارکردن لەگەڵیان چێژبەخش بووە؟
-لە کاروانی هونەریی خۆمدا، لەگەڵ گەورە دەرهێنەری کورد، مامۆستا تەڵعەت سامان، کارم کردووە کە پەیوەندیمان وەک مامۆستا و قوتابی وابوو و ڕێزێکی زۆرمان لە یەکتر دەگرت. دوای کۆچی دوایی مامۆستا تەڵعەت سامان، لەگەڵ دەرهێنەر حەسەن عەلی خان کارم کردووە؛ بەڕاستی پێی سەرسامم، چونکە مرۆڤێکی بەڕێز و بەسەلیقە و بەتوانایە و کارکردن لەگەڵیدا چێژبەخشە.
*بەڕێزتان وەک شایەتحاڵی چەندین قۆناغی جیاوازی هونەری کوردی، ڕەوشی ئێستای نواندن و درامای کوردی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی لە چیدا دەبینیتەوە؟
-پێویستە دەرگا بە ڕووی هونەرمەندانی ڕەسەن و خاوەن ویژدانی کوردستاندا بکرێتەوە و ئەو بودجە زەبەلاحانە بۆ کاری دۆبلاژی تورکی، هیندی، فارسی و کۆری خەرج نەکرێت. بەڵکو پلانێکی تۆکمە بۆ پێشخستنی درامای کوردی دابنرێت.
بەداخەوە کۆمەڵە کەس و گرووپێک لە سۆشیال بەتایبەتی لە یوتیوب پەیدا بوون تەنها خەریکی بڵاوکردنەوەی قسەی نەشیاو و بابەتی نادروستن کە کاریگەریی خراپ لەسەر کچ و کوڕی گەنج دادەنێن. ئەمەش دەبێتە هۆی ماڵوێرانی بۆ خێزانەکان. بۆیە پێویستە سانسۆر یان فلتەرێکی کاریگەر بۆ ئەم جۆرە کەناڵ و گرووپانە هەبێت.
*ئایا لە ئێستادا بیر لە پڕۆژەیەکی نوێ دەکەیتەوە، یان هیچ ڕۆڵێک ماوە کە هێشتا حەز بکەیت بەرجەستەی بکەیت و دەرفەتی بۆ نەڕەخسابێت؟
-پەنا بە خوا ، بەشی سێیەمی درامای «ئادیابین» لە ڕێگادایە.
هەروەها حەز دەکەم لە داهاتوودا ڕۆڵی چەندین کەسایەتیی مێژوویی و سەرکردەی تری گەلەکەمان بگێڕم.
*چی بکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی جوانتر و کوالیتی بەرزتر پێشکەش بکرێت و هونەری کوردی بتوانێت لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان کێبڕکێ بکات؟
-زۆر گرنگە بزانرێت ئەو بودجەیەی بۆ هونەر تەرخان دەکرێت، دەدرێت بە کێ. دەبێت بدرێت بە کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون، نەک هەرکەسێک بێت و لە ڕێگەی ناسینی بەرپرسێکەوە پارەیەکی زۆر وەربگرێت و دواتر بەفیڕۆی بدات و هیچ بەرهەمێکی شایستەی لێ سەوز نەبێت. ئەمە دەبێتە کارەسات و مایەی پاشەکشەی درامای کوردی.
