پێشێلکردنی دەستوور خزمەت بە یەکڕیزی عێراق ناکات.

پێشێلکردنی دەستوور خزمەت بە یەکڕیزی عێراق ناکات.

دەستوور بناغەی بنیاتنانی دەوڵەت و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتە. بەپێی ئەو یاسا دەردەچێت. گرێبەستی باڵای نێوان دەوڵەت و گەلە. پەیوەندییەکانی ڕۆژانە بەڕێوەدەبات و دەسەڵات بە پشتبەستن بە ئەو دەسەڵاتی پێدراوە بە گوێرەی دەستور و  هەڵبژێردراوی جەماوەرییەوە بەڕێوەدەبرێت.

هیچ لایەنێک بۆی نییە دەستوور پێشێل بکات یان یاسا یان ڕێنمایی دەربکات کە پێچەوانەی مادەکانی بێت. لەوەتەی گەلی عێراق بە زۆرینەی دەنگ دەستووری پەسەند کردووە لە ساڵی ٢٠٠٥، چەندین جار لەلایەن دەسەڵاتەوە پێشێل کراوە، بەتایبەتی ئەو برگانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە.  بە بڕیارێکی نەخوازیار و بەهەستێکی شۆفێنی دژی نەتەوەیی کورد، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە بەکارنەهێنانی زمانی کوردی لە زانکۆکانی موسڵ و کەرکوک و دیالە، ئەمەش دوورە لە بنەماکانی یاسایی و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە.

ئەگەر پێداچوونەوە بە ماددەی چوارەمی دەستووردا بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە دەڵێت: “زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمی عێراقن، مافی عێراقییەکان بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بە زمانی دایکی، وەک تورکمان، سریانی، ئەرمەنی، لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی حکومەتدا بە پێی ڕێساکانی پەروەردەیی، یان بە هەر زمانێکی دیکە لە دامەزراوە پەروەردەییە تایبەتەکاندا، گەرەنتی کراوە. قسەکردن، پەیوەندیکردن، و دەربڕین لە کایە فەرمییەکان، وەک ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران و دادگاکان و کۆنفرانسە فەرمییەکان، دەبێت بە هەریەکێک لە زمانەکان بن، بەڵگەنامە فەرمییەکان و نامەنووسی بە هەردوو زمانەکە دەبێت دانیان پێدا بنرێت و بەڵگەنامەی فەرمیش بەو زمانانە دەربکرێت”.

لە کاتێکدا ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی هەوڵی دڵسۆزانی هەردوولاین لە بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە پێی دەستوور و دەستەبەرکردن و پاراستنی سەقامگیری وڵات و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ناکۆکییەکانی ڕابردوو، وا دیارە هەندێک لایەن تاوەکو ئیستا هەر وەک رژێمەکانی پێشوو بە هەست و تێروانینی شۆفێنی بیردەکەنەوە بەرامبەر گەلی کورد، دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کە یەکڕیزی نەتەوەیی تێکدەدەن. بڕیارێکی لەو شێوەیە دەتوانێت ناکۆکییەکان گەورەتر بکات و ناتەبایی لەنێو هاوڵاتیانی عێراقدا بچەسپێنێت.

پابەندبوون بە دەستوور ئەرکێکی نیشتمانییە و هیچ لایەنێک بۆی نییە پێشێلی باڵادەستی دەستوور بکات. هەروەها بڕیارێکی لەم جۆرە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی قوتابیان لە خوێندن بێبەش بکرێن. خوێندن بە زمانی دایکی مافێکی یاساییە بۆ هەر هاوڵاتییەکی لە پێکهاتەکانی عێراق و دروست نییە بە بڕیارێکی لەم شێوەیە ناڕەوای لەگەڵدا بکرێت. بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵی پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی وەزیرەکانیدا بکات. پێم وایە وڵات لە کاردانەوەی بڕیاری بێبەشکردنی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە مووچەکانیان ڕزگاری نەبووە و ئێمەش کاتێکی زۆرمان بەفیڕۆ داوە لە چارەسەرکردنیدا. جێی خۆیەتی عێراق بۆ بنیاتنان و پاراستنی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی مەدەنی پابەندی دەستوور بێت و بەکاری بهێنێت.

Top