“پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، زمانی کوردی”
“زمان میراتی مرۆڤایەتییە"
یەکێک لە گرنگترین بنەما جەوهەری و پێکهێنەرەکانی نەتەوە، زمانە، کە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئەو نەتەوەیە پێکەوە دەبەستێتەوە. سەرەڕای ئەوەی خودی زمان پرسێکی ئاڵۆز و هەستیارە، بەڵام بەهادارە و مانای پێناسەکردن و ناساندنی نەتەوەیە. زمان لە پرۆسەی نەتەوەسازی و تەنانەت نیشتمانسازیشدا وەک بناغەیەکی بەهێز ڕۆڵی کارا دەگێڕێت، لە ئاستی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییشدا زۆر بایەخی پێدەدرێت.
پرسی زمان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە شوناسی تاک، کۆمەڵ و کۆمەڵگەوە هەیە کە بەم هۆیەشەوە هەمیشە جێی باسێکی جددیی سیاسی بووە و سیاسەتی زمانی، یەکێک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی وڵاتان و بەتایبەت دەوڵەت - نەتەوەکان بووە.
گرنگیی زمان بۆ نەتەوە و نیشتمان: زمان بە بنەڕەتی لەدایکبوونی هزر و تێڕامان و ئەندێشەی تاک و گەشەی کۆمەڵ دەدرێتە قەڵەم کە بیرکردنەوە و بیرەوەری و تێگەیشتنی هاوبەش مەیسەر دەکات و دەبێتە ڕێگەیەکی بەبایەخ بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە، هیچ نەتەوەیەک نییە کە زمانێکی تایبەت بە خۆی نەبێت و هیچ زمانێکیش نییە کە نەتەوەیەکی لەپشت نەبێت؛ کەوایە زمان هەبوونی نەتەوەیە.
زمان هەمیشە خەسڵەتی نەتەوەیی بەخشیوە بەو نەتەوەیەی پێی دەدوێت؛ کەواتە دەکرێ بێژین زمان هەوێنی دروستبوونی نەتەوە و کامڵبوونی ناسیۆنالیزمی ئەو نەتەوەیەیە. ناسیۆنالیزمی هیچ نەتەوەیەک کامڵ نابێت بەبێ کامڵبوونی زمانەکەی، واتە زمان ناسنامەی نەتەوە و بناغەی ناسیۆنالیزمە.زمان تاکە ئامرازی بەهێزی یەکخستنی جەماوەرە.
ناسنامەی نەتەوەیی: زمان فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەی پێکهێنانی ناسنامەی مرۆڤە و مۆركیكی تایبەت بە کۆمەڵگە دەدات. ناسنامەش بەرهەمی ئەو مانایانەیە کە تاکەکان لە ڕێگەی زمانەوە ئاماژەی پێدەکەن، پاراستنی زمان ئەرکێکی نیشتمانییە، کە بەهۆیەوە دەکرێ شوناس و میرات و شارستانییەتی میللەتەکە بپارێزرێ.
کاتێك زمان خوێنی نێو دەمارەکان، یان ڕیشەی نەتەوە بێت، بێگومان زمانی کوردییش بە شاڕەگی بزووتنەوەی شوناسخوازانە و شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان لەقەڵەم دەدرێت. جیا لەوەی کە لە مێژوودا زمانی کوردی بنەمایەکی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان و ئەو حکوومەت و دەسەڵاتە جیاوازانە بووە کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دامەزراون، کۆڵەکەی سەرەکیی بەرخۆدان و هۆکاری مانەوەی نەتەوەی کوردیش بووە.
نووسەر و توێژەری بەناوبانگی کورد و یەكێك لە پارێزەرانی زمان و ئەدەبی کوردی، مامۆستا عەلائەدین سەجادی، زۆر بەوردی لە بایەخ و گرنگیی زمان وەک جەوهەری ناسنامەی نەتەوەیی تێگەیشتبوو، کاتێك گوتی: ”زمان شادەماری نەتەوەیە.“
ناسنامەی نەتەوەیی وەک ئامرازێکی سیاسیەتی ناوخۆیی لەبەرچاو دەگیرێت کە ڕێخۆشکەرە بۆ بنیاتنان و پاراستنی کۆمەڵێکی یەکپارچە و یەکگرتوو. بۆ نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان، زمان ڕۆڵێکی سەرەکی لە یەکخستنی نەتەوەییدا دەبینێ، چونکە زمان دەتوانێ خاڵی لێکبەستنی خەڵکی ناوچە، هۆز و شارەکان بێت، ئەگەر لە ڕووی سیاسەتی زمانی فێرکردنەوە پلانێکی وردی بۆ دابنرێت.
بۆ ئەو دەوڵەتانەی، دوای جەنگی جیهانیی دووەم سەربەخۆییان بەدەست هێنا، پرۆسەی بژاری زمانێکی نەتەوەیی زۆر گرنگ بوو. ئەمەیش لەبەر ئەوە بوو کە "بەکارهێنانی زمانێکی هاوبەش لە سەرانسەری هەرێمێکدا، دانیشتوانەکەی یەک دەخات.“
زمان و نەتەوەسازی
زمان ئامرازێکی کاریگەرە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و لە نەتەوەسازیدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێ. نەتەوەسازی ئاماژە بە پرۆسەی بنیاتنانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی دەکات، بە سوودوەرگرتن لە هێزی دەوڵەت. ئەم پرۆسەیە ئامانجی یەکخستنی خەڵکە لە ئاستێکدا، بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە لە درێژخایەندا پتەو و بەردەوام بمێنێتەوە.
بایەخدان بە زمانی کوردی ئەتوانێ تا ئەو کاتەی ئێمە دەگەین بە سەربەخۆیی و قەوارەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و هەبوونی کولتووریمان بپارێزێت، بۆیە ئەم ڕۆژە بۆ نەتەوەی کورد زۆر گرنگە و پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت کە ناسنامەی کورد زمانەکەیەتی، ناسنامە و هەبوونییەتی.
بوونی هەر میللەتێك بەندە بە زمانەکەیەوە و هەر کاتێ زمانەکەی لەناو چوو، بێگومان ئەو میللەتەش بە لەناوچوو هەژمار دەکرێت. باس لە نەتەوەیەك ناکرێ، ئەگەر خەڵکەکەی دەستبەرداری زمانەکەیان بوون.
بۆ کورد، زمانی کوردی لەمێژە لێدانی دڵی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بووە. هەم وەک بناغەی شۆڕشەکان و هەم وەک هێزێکی بەرخۆدان لەبەرامبەر هەژموون و داگیرکارییەکاندا کارا بووە. زمانی کوردی لە ڕێگەی شیعر و گۆرانی و پەروەردە و قسەی سیاسییەوە هەڵگری خەون و تێکۆشانی نەتەوەیەکی چەوساوە بووە.
بۆیە کە ڕۆڵ و پێگە و کاریگەریی زمانمان بۆ دەردەکەوێت، تێدەگەین کە پاراستنی زمان چەندە گرنگە، پارێزگاریکردنە لە نەتەوە و نیشتمان. ئەوەی هەتا ئێستا نەتەوەی کورد لەسەر پێیەکانی وەستاوە و کوردستان ماوە، بێگومان بەشێکی هەرەزۆری بەهۆی مانەوەی زمانەکەمانە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خزمەتکردن و دڵسۆزیی پارێزەران و ڕاژەکارانی زمانی کوردی. بۆیە ئەرکی هەر تاکێکی نەتەوەی کورد و کوردستانییە کە هەوڵی پاراستنی زمانەکە بگرێتە ئەستۆ و ئەرکی دڵسۆزان و خەمخۆرانی زمانی کوردییشە کە بەپێی توانا هەوڵ بۆ ڕاژە و بووژاندنەوەی زیاتری زمانی نەتەوەکەمان بدەن.

خەدیجە ئەسکەندەر