كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا بۆ گوڵان: پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا، بۆ خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان و كۆتاییهاتن بە كێشەیەكی زیاتر لە 30 ساڵەی كارەبایە، بۆیە دەبێت وەكو پرسێكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت
كارەبای 24 كاتژمێری بە یەكێك لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، كە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی بۆ دەكرێت. پرۆسەكە بە وەرچەرخانێك دادەنرێت لە مێژووی ئەم خزمەتگوزارییە كە لە ماوەیەكی كەمدا زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی لێی سوودمەند بوون. گۆڤاری گوڵان لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا، وردەكارییەكانی ئەم پڕۆژەیە و قۆناغەكانی داهاتووی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی تاوتوێ كرد.
* پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا؛ چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی كارەبا و گەیشتنە بە پێدانی كارەبایەكی بەردەوام، ئایا تا چەند ژێرخانی كارەبا ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی لە ئێستادا كە هاووڵاتیانی دەرەوەی سەنتەری شارەكان داوای گەیاندنی ئەم پڕۆژەیە بۆ ناوچەكانیان دەكەن؟
- دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری و ئاوی خواردنەوەی پاك بۆ هاووڵاتیان دیدگا و بڕیاری دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خەڵكی، ئەمە ئەو وەرچەرخانەیە كە هاووڵاتیانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهانی پێی سەرسام بوون، كە وێڕای ئەو هەموو قەیران و ئاستەنگە دروستكراوەی بەردەم كابینەكە، تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵدا بەڵێنەكانی كردە كردار و بە پڕۆژە و كارە گەورەكان وەڵامی نەیارانی دایەوە. من وەكو وەزیری كارەبا لە دەستپێكی دەستبەكاربوونم لەم وەزارەتە دەمزانی بۆ ڕێگرتن لە كەوتنەوەی كێشە و قەیرانی كارەبا لەبەردەم چ تەحەددییەكی گەورەداین. دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری لە هەرێمێكدا كارێكی وا ئاسان نەبوو، كە بوودجە لەلایەن بەغداوە بڕدرابوو و گرفتی مووچەخۆرانی هەرێم سەریهەڵدا، هاوكات زۆر لایەنی سیاسی دژایەتیی بونیادنان و پەرەپێدانی ژێرخانی وزە و سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەو سووتەمەنییەی بۆ بەگەڕخستنی یەكەكانی بەرهەمهێنانی وێستگە غازییەكان زۆر گرنگە، بەتایبەتی لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ (یەك ملیۆن و 931 هەزار و 648) هاوبەش، كە تەنیا لەم كابینەیەدا (483 هەزار و 359 ) هاوبەشی نوێی كارەبا زیاد بوون، ئەم ژمارەیەش لە زیادبووندایە و تادێت ژمارەی هاوبەشانی كارەبا لە دوو ملیۆن هاوبەش نزیك دەبێتەوە.
سەبارەت بە بونیادنانی ژێرخانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان كە بناغەی سەركەوتنی پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبایە، وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتیی ئەنجومەنی وەزیران لەم پێنج ساڵەی دواییدا توانیویەتی كۆمەڵێك چاكسازی و گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە كەرتەكانی (بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردن)ی كارەبا ئەنجام بدات، بە سەدان پڕۆژەمان لەم سێكتەرانە جێبەجێ كرد، ئاستی بەرهەمهێنانمان بەرز كردەوە و 1840 مێگاواتی نوێ خرایە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانییەوە و گەیشتووەتە 3817 مێگاوات، ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەباش گەیشتووەتە 8،189 مێگاوات، چاكسازیی لە گرێبەستەكانی كڕینی كارەبا لە وەبەرهێنەكان جێبەجێ كرا و سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانمان جۆراوجۆر كرد. لەم كابینەیە 61 پڕۆژە لە كەرتی گواستنەوەی كارەبا بە گوژمەی 372،840 ملیۆن دۆلار جێبەجێ كراون، لە كەرتی دابەشكردنی كارەباشدا 3،503 پڕۆژە بە گوژمەی 235ملیار دینار جێبەجێ كراون. هەر لە كەرتی دابەشكردنی كارەباشدا وێڕای ئەو هەموو پڕۆژەیە و لابردنی زیاتر لە 61 هەزار سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا، توانیمان گەورەترین پڕۆژەی پێوەری زیرەك ئەنجام بدەین، كە دواتر بووە ژێرخانێكی گرنگ بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكەی كارەبا، كە خەونی چەندین ساڵەی هاووڵاتیان بوو، ئەویش پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا بوو. سەركەوتنی پڕۆژەكە وای لە هاووڵاتیانی دەرەوەی سەنتەری شارەكان كردووە، داوای گەیاندنی پڕۆژەكە بە ناوچەكانیان بكەن و، لەمەشدا پڕۆژەكە بەخێرایی بەڕێوەدەچێت و تا كۆتایی ساڵی 2026 دەگاتە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان.
* پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا گەیشتووەتە چ ئاستێك و ئایا پلان و بەرنامەی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە چۆن بەڕێوە دەڕوات، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كەمدا هەموو هاووڵاتیانی كوردستان ببنە خاوەنی كارەبایەكی 24 كاتژمێری؟
- ئەم پڕۆژەیە بە هاوكاریی تیمی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت. لە سەرەتای جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە ڕێگەی میدیاوە، زۆر هێرش كرایە سەری، لە كاتێكدا دەبووایە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان بكرێت و وەكو پرسێكی نیشتمانی و خزمەتگوزاری و خەمخۆری بۆ هاووڵاتیان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. سوپاس بۆ خودا كە هەر زوو ڕاستییەكان دەركەوتن و هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوون، كە لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم دیمانەیە و لە ئێستادا زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی لە پڕۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری سوودمەندن، ژمارەكەش زۆر بەخێرایی لە زیادبووندایە، ئەمساڵ سەنتەری ناو شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە تەواو دەكرێن و ساڵی 2026 سەرجەم قەزا و ناحییەكانی دەرەوەی شارەكان تەواو دەبێت و لە كۆتایی 2026 سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن كارەبای 24 كاتژمێری. پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا، پرسێكی نیشتمانییە و بۆ كۆتاییهاتن بە كێشەیەكی گەورەی هەرێمی كوردستانە، كێشەیەك كە هاووڵاتیان سەردەمێكی زۆرە لە چاوەڕوانیی چارەسەركردنی بوون، بەمەش ئەركێكی سەرەكی و كارنامەیەكی گرنگی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دابینكردنی خزمەتگوزاریی كارەبا بوو، كە دەست بە جێبەجێكردنی كرا.
* ئاماژەت بە سوودمەندبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی لە پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا كرد، لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە زۆر باس لە سوودەكانی دەكرێت، دەكرێت باسێكی ئەم سوودانەمان بۆ بكەن؟
- گومانی تێدا نییە و بە شاهیدی ئەوانەی لە ئێستادا سوودمەندن لە پڕۆژەكە كە هاووڵاتیان بە دەرەجەی سەرەكی و یەكەم لەم پڕۆژەیە سوودمەندن، هاووڵاتی لەم بارودۆخە قورسەی دارایی و ئابووریدا بوونەتە خاوەنی یەك سەرچاوەی كرێی كارەبایەكی بەردەوام، ئەوەتا حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی كرێی كارەبای ماڵان دەكات، لەم پڕۆژەیەدا بەراورد بە نرخەكانی جاران زۆرینەی هاووڵاتییان پارەیەكی كەمتر دەدەن، بەتایبەتی هاووڵاتیانی هەژار و كەمدەرامەت كە بەپێی هەموو داتا و زانیارییەكانی بەردەستمان لەو دوو ملیۆن هاوبەشە لە 80%ی پارەیەكی كەمتر لەو پارەیە دەدەن كە پێشتر دەیاندایە هەردوو سەرچاوەی كرێی كارەبای موەلیدە و كارەبای نیشتمانی. لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیی هاووڵاتیان (لەسەر پسوولەكانی هاووڵاتی لە ماوەی سێ مانگی یەكەمدا پاڵپشتی لە 50% و 25% و 15%ی هاووڵاتیان دەكات، هەروەها تا 200 ملیۆن دۆلار پاڵپشتیی وەرزی و پاڵپشتی لە گۆڕینی ئامێرە كارەباییەكان و پاڵپشتی لە دامەزراندنی سیستەمی وزەی خۆر دەكات، ئەمە جگە لە كوژانەوەی ئەو هەموو موەلیدەیە كە لە تەنیشت ماڵەكان و لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكان ژەهرێكی زۆریان بە دووكەڵەكانیان دەردەدا و بۆ تەندروستی و سەلامەتیی هاووڵاتیان زیانێكی زۆر و لە ڕاددەبەدەری هەبوو. بە شێوەیەكی گشتی دوای 35 ساڵ لەم كابینەیەدا وەزارەتی كارەبا توانی كارەبایەكی بەردەوامی بێ بچڕان و ژینگەیەكی پاكتر و گەشەكردنێكی زیاتری شوێنە بازرگانییەكان دابین بكات.
* كەواتە پڕۆژەكە بە خێرایی بەڕێوە دەڕوات، هەموو پڕۆژەیەكیش تەحەددا و ئاستەنگی لەكاتی جێبەجێكردنی بۆ دێتە پێش، ئایا گرنگترینی ئەو ئاستەنگانە چین و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن؟
- پرسیارێكی گرنگە و وەنەبێت حیساب و كارمان بۆ نەكردبێت، هەڵبەتە چارەسەری كێشەیەكی زیاتر لە 30 ساڵە و كەڵەكەبوو وا ئاسان نییە، تەحەددا و ئاستەنگی لەبەردەمدایە، بەڵام هاووڵاتیان دڵنیا دەكەمەوە هەر پڕۆژە و كارێك، ئیرادە و ویستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی لەسەر بێت و بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی بێت، ئەوا سەردەكەوێت. ئەم ئەزموونەمان لە دانانی پڕۆژەی پێوەری زیرەكیشدا هەبوو، هەروەها لە بەرزكردنەوە و جۆراوجۆركردنی پڕۆژەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنیشدا. دیارە هەموو پڕۆژەیەك لە دەستپێكدا گرفت و ئاستەنگ دێتە بەردەمی، بەڵام گرنگ چارەسەركردنێتی. پڕۆژەی ڕووناكی لە سەرەتای دەستپێكردنی گەورەترین ئاستەنگ بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵی درۆ و ناڕاست بوو بۆ مەرامی سیاسی، تەنانەت هانی هاووڵاتیان دەدرا كە كرێی كارەبا نەدەن، لە كاتێكدا كرێی كارەباكانیان زۆر كەم بووەتەوە بەراورد بە پێشوو. سوپاس بۆ خودا بەسەر هەموو ئەمانەدا سەركەوتین و لە ئێستادا ئەوانەی سوودمەندن لە پڕۆژەكە، ڕاستییەكە لای ئەوانە كە چەند سوودمەندن لەم پڕۆژەیە و كارەكانیان چۆن رێك خراوەتەوە، بەڵام بوونی سەرپێچی و نەبوونی هاوبەشی كارەبا و چاككردنەوەی تۆڕەكان و دانانی وێستگەی نوێی كارەبا و پتەوكردنی ژێرخانەكە و بوونی وزە و سووتەمەنی، ئەمانە كاری ئاسان نییە و لە ئێستادا بە دەیان تیمی بەتوانا كاریان لەسەر دەكات. لەم پڕۆژەیەدا هاوكاریی و پاڵپشتیی هاوڵاتیان بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، مادام هاووڵاتیان ئەو هوشیاری و لێكتێگەیشتنە گەورەیەیان هەیە، ئەوا دڵنیایان دەكەینەوە كە بەسەر هەموو ئاستەنگ و گرفتەكاندا سەردەكەوین و كابینەی نۆیەم دەبێتە ئەو كابینەیەی بە تەواوی كۆتایی بە كێشەی كارەبا دەهێنێت، تەنیا سەبر و كاتێكی كەممان دەوێت، تاوەكو ئەم قۆناغە تێپەڕێنین.
