مامۆستای پێشەنگ لەبواری پەروەردە

مامۆستای پێشەنگ لەبواری پەروەردە

(*)

لەمەو دوا مامۆستا چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێ کە ڕۆلێکی تەقلیدی نەگێڕێ تەنها بەشێوەی سارد وسڕ بابەتێک پێشکەش بکات ، دواتریش لەکۆتایی ساڵ لەڕێگای تاقیکردنەوەیەکی سەر کاغەز قوتابیەکانی هەڵبسەنگێنێ ، ئەم جۆرە لەوانەووتنەوە تەقلیدیە شکستی هێناوە و ناکرێ لەسەری بەردەوام بین .
بەڵکو لەدونیای نوێدا مامۆستای پێشەنگکار ڕۆلی سەرکردایەتی دەبینێت ، گرنگی و برەو بەزیرەکی قوتابیان دەدات ، هەوڵ دەدات ئاستی هۆشیاری لای قوتابیان بەرزبکاتەوە ، ئەرکی مامۆستایە تاکەکان ئاراستە بکات بەرەو ئامانجی دیاریکراو ، هانی قوتابی دەدات کەوا بیربکەنەوە وبگەڕێن بەدوای گۆڕانکاری نوێ ، لەگرفت و کێشەکان دەرفەت دروست بکەن ، پێویستە مامۆستا ئەوە لەقوتابیانی بگەیەنێت کەوا هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و پێشەسازی و کشت وکاڵی بەرهەم و بیری مرۆڤە سەرەتا بە بیرۆکەی زۆر سادە دەستییان پێکردووە دواتر پەرەیان پێدراوە ، هەروەها مامۆستای پێشەنگکار هەوڵ دەدات کەکاری پەروەردە بکاتە داینەمۆی گۆڕانکاری ، هەوڵ دەدات یارمەتی قوتابیان بدات بۆ دەست نیشانکردنی لایەنە لاوازەکان و چۆنیەتی بەهێزکردنیان ، ئەمەجگەلە بەهێزکردنی لایەنە باشەکانی قوتابی ، قوتابیەکانی فێری ئەوە دەکات لەشکست نەترسن و خۆیان بدەنە بەر مەترسی ، چونکە زۆر جار گۆڕانکاریە گەورەکان لە سەر دەستی ئەو کەسانە دێنە کایەوە کەهەڵەی زۆریان کردووە بەڵام بەردەوام بوونە ، پەرە دەدات بە ڕوحیەتی کارکردنی بەکۆمەڵ و پاڵپشتی یەکترکردنی تاکەکان بەجۆرێک وافێربکرێن کە ڕۆلی هەریەکەیان ڕۆلی تەواوکاریە هەموویان لەسەرکەوتن و شکتدا هاوبەشن ، مامۆستای پێشەنگ جیاوازی تاکایەتی فرەیی دەقۆزێتەوە بەخاڵێکی بەهێزی دەزانێ لەسەر بنەمای کارامەیی و لێهاتوویان ئەرکیان پێ دەسپێرێ ، لەئامانجە هەرە گەرەکانی مامۆستای پێشەنگکار دروستکردنی قوتابیەکی پێشەنگکارە کەبتوانێ لەداهاتوو لەسەر پێی خۆی بوەستێ و ببێتە خاوەن کاری خۆی ، لەکۆتایشدا مامۆستای پێشەنگکار بەوە لە مامۆستای تەقلیدی جیادەکرێتەوە ، کە باوەڕی بە گفت وگۆ و لێکتێگەیشتنە ئەمە جگەلەوەی بەردەوام ڕێز لەبیروبۆچونی بەرامبەرەکانی دەگرێت و گوێگرێکی باشە ، ژینگەی پۆلی وانەی مامۆستایەکی پێشنگکار زۆر جیاوازە لە ژینگەی پۆلی مامۆستایەکی تەقلیدی ، لەژینگەی یەکەم قوتابیان چالاک و زیندوون ، قوتابی بوێر و داهێنەر دروست دەبێت ، کاری تیم و پێکەوەیی بەهێز دەبێت ، قوتابی زیرەک و لێهاتوو ئاست بەرز دێتە بەرهەم ، کۆمەڵگەش لەبەری دەحەسێتەوە ، کە ئەمەش ئامانجی سەرەکی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردنە ، بەپێچەوانەوە لەژینگەی دووەم قوتابی بێزارو ماندوو دەبێت ، حەز بەکۆتایی هاتنی وانەکە دەکات ، گیانی هاوکاری و یەک تیمی لاواز دەبێت ، ناتوانێ بیرۆکەی داهێنەرانە دروست بکات . لەکۆتاییدا ئەو قوتابیانە دروست نابن کە مامۆستا ئامانجی بۆ داناوە .

 

 

(*)

مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەدین

Top