كەركووك كتێبێك پێشكەش بە خانمە ناودارەكانی شارەكە دەكات

كەركووك كتێبێك پێشكەش بە خانمە ناودارەكانی شارەكە دەكات

 

لە شەشی تەمموزی ئەمساڵ لقی كەركووكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی ڕێوڕەسمێكی شایستەی بۆ خوێندنەوە و واژۆكردنی كتێبی(خانمە ناودارەكانی كەركووك) سازكرد، ئەمەش یەكەم كتێبە كە تایبەت بێت بە خانمانی كوردیی كەركووك و بەرگی یەكەم ژیاننامە و خەباتی 36 خانمی لەخۆ گرتووە، دیارە ئامادەكاری بۆ بەرگی دووەمیش دەكرێت. ئەم كتێبە لەلایەن نووسەری دیاری شاری كەركووك (عەبدولستار جەباری) ئامادەكراوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

هەتاو هەمەوەندی نووسەر و چالاكی مەدەنی شاری كەركووك لە بارەی گرنگی كتێبەكەوە گوتی: «لە ئێوارەیەكی پڕ لە قەدرزانی و دڵسۆزیدا، شەرەفمەند بووم كە ئامادەی واژۆكردنی كتێبێكی ناوازە بووم، كە لە چوارچێوەی بەرگەكانیدا پڕۆفایلی ئەو ژنانەی كۆكردەوە كە بە بێدەنگی شكۆمەندییان بەدەستهێنا، لاپەڕەی خەبات و حیكمەت و بەخشندەیی لە یادگەی كەركووكدا نووسی، ئەم كتێبە تەنیا بەرهەمێكی ئەدەبی نەبوو، بەڵكو كارێكی بەڵگەنامەیی بەرز بوو ڕۆشنایی خستە سەر خەباتی ئەو ژنانەی كە بەشدارییان لە بنیاتنانی كۆمەڵگەدا كردووە و لە بەرامبەر ئاستەنگەكاندا بەرز وەستاون، هەرچەندە مێژوو چاوپۆشی لە هەندێك لەو كەسایەتییانە كردووە، بەڵام قەڵەمی مامۆستا (عەبدولستار جەباری) نەیهێشت لەبیر بكرێن. ئەم كارە گەورەیە گەڕانەوەی سوپاسگوزارییە و پاراستنی یادەوەری بەكۆمەڵی كەركووكە، سوپاس و پێزانین بۆ ئەو نووسەرەی كە مافی خۆی بە وشەكە بەخشی، هەروەها بۆ ئەو ژنەی كە شایەنی ئەوەیە لە پێشەنگی دێڕەكەدا بمێنێتەوە.. تەواوی دێڕەكەش بریتییە لە ئاماژە كردن بەوەی كە ژنان تەنیا لە پێشەنگی دیمەنەكەدا نین، بەڵكو جەوهەر و درێژكراوەی چیرۆكەكەن».

(د. شنۆ ئەحمەد غەفوور) نووسەر و مامۆستای زانكۆ سەبارەت بە گرنگی كتێبی خانمە ناودارەكانی كەركووك دەڵێت: «كتێبی خانمە ناودارەكانی كەركووك بەرهەمێكی گرنگ و بەنرخە، كە ڕۆڵی ژنانی كەركووك لە مێژووی ئەم شارە كۆنەدا دەخاتەڕوو. ئەم كتێبە تیشك دەخاتە سەر ژیان و كەسایەتیی ژنانی ناودار، كە لە ڕوانگە جیاوازەكانی ژیاندا و لە بوارەكانی هونەر، ئەدەبیات، پەروەردە، كۆمەڵایەتی و سیاسەت بەشداریی گرنگیان هەبووە، نووسەر بە شێوەیەكی ورد و دڵسۆزانە چیرۆكی ئەم ژنانەی گێڕاوەتەوە. كتێبەكە نەك هەر مێژووی كەسی دەگێڕێتەوە، بەڵكو دەمارگەیەكی كۆمەڵایەتی و كلتووریی شاری كەركووك لە ماوەیەكی درێژی مێژووییدا پێشكەش دەكات، ئەم بەرهەمە بەشێكە لە گەنجینەی مێژووی كەركووك و یارمەتی پاراستنی بیرەوەری كەسایەتییە گرنگەكانی ئەو شارە دەدات. دەستخۆشی تایبەتمان بۆ نووسەری كتێب بەڕێز عەبدولستار جەباری هەیە».

پاشان (عەبدولستار جەباری)، نووسەری كتێب لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەیدا ڕایگەیاند: «ئەم كتێبە ڕەنج و ماندووبوونی ساڵانێكی زۆرە، زۆر ئافرەتی تێكۆشەرمان هەیە، بەڵام مخابن سەربازی ونن، لەم بەرهەمەدا توانیوومە لەسەر ژیان و كەسایەتی ئەو ئافرەتانە بدوێم، كە لە شاری كەركووك لە پلە جیاجیاكاندا جێ دەستیان دیار بووە و خزمەتیان كردووە و خزمەت دەكەن، كتێبەكە خۆی لە 164 لاپەڕە دەبینێتەوە و كاری پێداچوونەوەی لەلایەن بەڕێز(وشیار ئەحمەد ئەسوەد) بۆ كراوە و كاری دیزایینی ناوەوە و دەرەوەی لەلایەن بەڕێز (فەهد شوانی) بۆ كراوە بە تیرژاری 500 دانە خرایە خزمەت خوێنەرانی خۆشەویست.

كتێبی خانمە ناودارەكانی كەركووك، یەكەم كتێبە تایبەت بە خانمانی كوردیی كەركووك و هەوڵ دەدەین بەرگی دووەمیش ئامادە بكەین، بەرگی یەكەم 36 خانمی لەخۆ گرتووە كە بریتین لەم خانمانە:

ئەحلام مەنسوور، ئاوێزان نووری، ئیڤا سیمبولی ئەنفال، پەری سابیر، تارا خەلیل، چنوور نامیق، چۆپی فەتاح، حەبێ خان، خاڵدار قەواڵی، زێبا خان، زینە عیزەدین جەباری، سارا مەسعود عەبدوڵا، شلێر رەشید، د.شەونم یەحیا، د.شنۆ ئەحمەد غەفوور، شوكریە كازم، شۆخان نورەدین، فاتمە كەیفەدین، فەوزیە عیزەدین، گەلاوێژ جەباری، گەشاو بیبانی، كەنار سەفیر، كوردستان محەمەد سەعید، كوردە شێخ سدیق، لەیلا قاسم، لیزا فەلەكەدین كاكەیی، مریەم خان، مەهاباد قەرەداغی، مەهتاب ماجید، د.ناز فەلەكەدین كاكەیی، نەرمین ئەحمەد ئەسوەد، نازەنین نەجیب گەرمیانی، نەجیبە ئەحمەد حەكیم، هەوار فارس، هەوری تاڵەبانی و هێرۆ كورد».

 

كەركووك كتێبێك پێشكەش بە خانمە ناودارەكانی شارەكە دەكات
Top