پڕۆفیسۆر ئەنجێلا میسری بۆ گوڵان:   زیرەكیی دەستكرد نەیتوانیوە تێكڕای تێڕوانینە مرۆییەكان لەخۆ بگرێت

پڕۆفیسۆر ئەنجێلا میسری بۆ گوڵان:     زیرەكیی دەستكرد نەیتوانیوە تێكڕای تێڕوانینە مرۆییەكان لەخۆ بگرێت

 

 

ئەنجێلا میسری، ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووسە و نیشتەجێی شاری تۆرنتۆی كەنەدایە، و پێش ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری دیجیتاڵی لە گۆڤاری «زە والروس» بۆ ماوەی 14 ساڵ كاری لە كەناڵی «سی بی سی» كردووە، لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی «تۆرینتۆ مێترپۆلیتان» و هاوبەشی بەڕێوەبەری پڕۆژەی توێژینەوەی هەواڵی ناوخۆییە، كە تێیدا بایەخ بە توێژینەوەكانی پەیوەست بە زیرەكیی دەستكرد و پراكتیزەكانی پەیوەندیدار بە ڕاگەیاندنەوە دەدرێت. بە شێوەیەكی گشتی تایبەتمەندە لە بواری زیرەكیی دەستكرد و ڕۆژنامەگەری و ئیتیكی زیرەكیی دەستكرد. هەروەها بەڕێوەبەری ژووری هەواڵی سەر بە بەشی قوتابیانە لە سكووڵی ڕۆژنامەگەری لە زانكۆی تۆرینتۆ مێترپۆلیتان و، تێیدا وانەبێژە لەبارەی چۆنیەتی داڕشتنی ڕاپۆرتەكان لەبارەی كۆمەڵگەكانیانەوە. بۆ چەندین دەزگای ڕاگەیاندنیش دەنووسێت، لە نێویاندا گڵۆپ ئاند مەیڵ، سی بی ئێس (دەزگای ڕاگەیاندنی نەتەوایەتیی كەنەدا)، زە والروس، تۆڕی تەلەفزیۆنی گڵوباڵ، و خاوەنی حەوت ڕۆمانی خەیاڵ ئامێزە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵ تاوتوێ كرد، كە تەوەرەكانی بریتی بوون لەو ئالنگارییە ئیتیكییانەی ڕووبەڕووی زیرەكیی دەستكرد بوونەتەوە، لەگەڵ پرسی ئەوەی چۆن زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت ڕەنگدانەوەی بەها مرۆیی و فرەییە كۆمەڵایەتییەكان بێت و، كاریگەرییەكەی لەسەر كاری ڕۆژنامەگەری و ڕۆڵی لە نووسیینە خەیاڵ ئامێزەكاندا چۆن دەبێت.

 

 

* ئێوە تایبەتمەند و پسپۆڕی ئیتیكی زیرەكیی دەستكردن، سەرەتا دەمانەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، كە ئایا پێتان وایە گرنگترین و دژوارترینی ئەو ئالنگارییانە چین كە لەم ڕووەوە ڕووبەڕووی بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی زیرەكیی دەستكرد بوونەتەوە؟

- لە ڕاستیدا ئەمە بەندە بەوەی لە چ گۆشەنیگا و لە چ ڕوانگەیەكەوە لەم پرسە دەڕوانین. ئەگەر وەك تاكە كەسێكی مرۆیی لە جیهاندا سەیری ئەم پرسە بكەین، ئەوا ئێمە شایەتحاڵی هاتنەئارا و پەرەسەندنی ئەو ئامرازانەی زیرەكیی دەستكردین كە لایەنگری و جیاكاری لەخۆ دەگرن و، پاراستنی زانیارییە تایبەتی و كەسییەكان لەخۆ ناگرن. هەروەها خاوەندارێتی و مافی لە چاپدانەوەی داتاكانیش ناپارێزن. خۆ ئەگەر لە ڕوانگەی پرسی ژینگەوە ئەم بابەتە تاوتوێ بكەین، ئەوا گەورەترین ئالنگاریی ئیتیكی پەیوەستە بە بەكاربردنی وزە بە ئاست و ئەندازەیەكی گەورە و ئەو قەتیسبوونی گەرمایەی كە لێی دەكەوێتەوە، ئەویش لە ئەنجامی بەكارهێنانی وزەیەكی زۆرەوە بۆ بەگەڕخستنی نموونەكانی زیرەكیی دەستكردەوە.

*  ئایا دەكرێت بڵێین لە ئێستادا زیرەكیی دەستكرد بە ڕاددەیەكی باش توانیویەتی ڕەنگدانەوەی بەها مرۆییەكان و فرەیی نێو كۆمەڵگەكان بێت؟ ئەگەر وا نەبێت، چۆن دەتوانرێت ئەمە باشتر بكرێت و بەرەوپێش ببردرێت؟

- پێم وانییە سیسستمەكانی زیرەكیی دەستكرد ڕەنگدانەوەی هەندێ بەهای مرۆیی دیاری كراو بن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕەنگدانەوەی تێكڕای فرەیی تێڕوانینە مرۆییەكان نین، هەروەها ئەمە كێشە و گرفتی كۆنی پەیوەست بە ئەنتەرنێتەوە بوو، كە تێیدا هەندێ لە لایەنگری و بۆچوونی دیاریكراو پتر دەخرێنەڕوو، بەراورد بە تێڕوانینەكانی دیكە. دەكرێت بەم شێوەیە لەم پرسە بڕوانرێت، هەر كەمینەیەك هەبێت ئەوا لە نێو تۆڕەكانی ئەنتەرنێتدا نوێنەرایەتییەكی كەمتر دەكرێت، ئەویش لەبەر هۆكارێكی سادە، چونكە هەر خودی پێناسەی كەمینە ئەوەیە كە لە دەرەوەی زۆرینەدایە، لەوەش زیاتر، ناوەڕۆكی زیرەكیی دەستكرد بەندە بە بەرهەمەكانی دیكەی زیرەكییە دەستكردەكانی دیكەوە، واتە مەسەلەكە هەر تەنیا ئەوە نییە، ئێمە نوقمی بابەتە نافرەییەكان دەكرێین، بەڵكو ئەم ناوەڕۆكە ڕۆژانە لەلایەن ئامرازەكانی زیرەكیی دەستكردەوە دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە.

* ئێوە ئەزموونێكی دەوڵەمەند و دوورودرێژتان لەبواری ڕۆژنامەگەری و كاری ڕاگەیاندندا هەیە و وانەبێژیشن لەم بوارەدا، ئایا پێتان وایە زیرەكیی دەستكرد پیشەی ڕۆژنامەگەری خستبێتە مەترسییەوە، یان بە پێچەوانەوە دەكرێت بۆ باشتركردنی ئەم پیشەیە بەكار بهێنرێت؟

-  من خۆم سەر بە نەوەیەكم كە شایەتحاڵی ئەوە بووین كە خەڵكی ترسیان لێ نیشتبوو لەبارەی ئەنتەرنێتەوە، و بەو شێوەیە مەسەلەكەیان لێك دەدایەوە وەك ئەوەیە ئەمە كۆتایی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بێت، وەك دوو ئامراز، یان دەزگای ڕاگەیاندن، بەڵام ئەوە بوو ئەمە ڕووی نەدا، لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری خۆیان گونجاند، ئەوەتا هێشتا ڕادیۆ لە ئارادایە، و پۆدكاستیشی دروست كردووە، هەروەها هێشتا تەلەفزیۆنیش ماوە و یوتیوب و نێتفلێكسی خوڵقاندووە، كەواتە تاوەكو ڕۆژنامەگەری بەردەوام بێت لە خۆگونجاندن و وەك ئامرازێكی دیكەی تەكنەلۆژیا مامەڵە لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد بكات، ئەوا ڕۆژنامەنووسانیش لە ئارادا دەبن و دەمێننەوە. بەڵێ ڕاستە كە زیرەكیی دەستكرد مەترسیی بۆ هەندێ ڕۆڵ دروست دەكات، وەك كارمەندی تەلەفۆن، بەڵام ڕۆڵی دیكە و نوێ دروست دەبن كە دەتوانن ئەم بۆشاییانە پڕ بكەنەوە.

* ئاماژەتان بەوە كرد كە ڕۆژنامەنووسان دەمێننەوە و دەتوانن ڕۆڵی نوێ ببینین. با پرسیارەكە بە شێوازێكی دیكە بكەین، ئایا پێتان وایە دەبێت ڕۆژنامەنووسان چ توانایەك بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بتوانن هاوكار بن لەگەڵ تەكنەلۆژیاكانی پەیوەست بە زیرەكیی دەستكرد؟

- پێم وایە ئەو توانا، یان بەهرە و كارامەییە سەرەكییەی پێویستە هەمووان بەدەستی بهێنن، ئەوەیە بە چەشن و شێوەیەكی ئیتیكی و شەفاف مامەڵە لەگەڵ ئامرازە بەردەستەكاندا بكەن، بۆ نموونە ئەگەر Otter.ai هاوكارت بێت بۆ ئەوەی چاوپێكەوتنەكانت بە شێوەیەكی خێراتر بۆ بنووسێتەوە و ناوەڕۆكەكەشیت بە خێرایی بۆ بڵاو بكاتەوە، ئەوا ڕای بگەیەنە كە بەكاری دەهێنیت و بەكاریشی بهێنە. هەروەها پێم وایە پێویستمان بەوەیە باس لەوە بكەین كە چۆن دەتوانین ئامرازەكانی زیرەكیی دەستكرد هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی كارێك بكەین كە ڕۆژنامەگەری لە ژوورەكانی هەواڵدا بە دەنگێكی بڵندتر بخوڵقێنین، لەبری ئەوەی بە بێدەنگی لە پاڵ مێزەكانماندا و بە ترسەوە ئەم كارە بكەین. پێویستە پەرە بە سیاسەتێكی زیرەكیی دەستكرد بدرێت و كەشێك دروست بكرێت كە خەڵكی بتوانن بە ئازادی ئەزموونی كارەكانیان بكەن، ئەو كاتە دەبینین كە چ بیرۆكەیەكی بلیمەتانە لەم ئەزموونەوە بەرهەم دەهێنرێن.

* ئایا دەكرێت پشت ببەسترێت بە ئامرازەكانی زیرەكیی دەستكرد بۆ برەودان بە پاراستن و ڕێزگرتن لە بەها ڕۆژنامەگەرییەكانی وەك سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتی؟

- نەخێر، ناتوانرێت ئەم كارە بكرێت، بەڵكو ئەوە كاری مرۆییە كە دەتوانێت برەو بەم بەهایانە بدات، ناكرێت ئامێرەكان بە چەشنێك پڕۆگرام بكەین كە لە ئەنجامدا ڕێز لە هیچ شتێك نەگرێت.

* ئێوە كەسێكی ڕوماننووسن و ڕۆمانی خەیاڵ ئامێزتان نووسیوە، ئایا لایەنە باشەكان و ئەو دژوارییانە چین كە لە ئاوێتەكردنی زیرەكیی دەستكردەوە لە چیرۆكنووسین و نووسینی خەیاڵ ئامێزدا دەر دەكەون؟

- ئەوەی پەیوەندی بە ئەزموونی خۆمەوە هەبێت لە بواری نووسینی خەیاڵ ئامێزدا، ئەوا پێم وایە لایەنی باشی ئەم پرسە بریتییە لە دیاریكردن و دۆزینەوەی هەڵەكان لە نێو نووسینەكاندا و هاوكاریكردن لە دەوڵەمەندكردنی بیرۆكەكان و ناوەكان و كەسایەتییەكان و گەڕان بە دوای ناوەڕۆكە مێژووییەكاندا، بەڵام لایەنە خراپەكەی ئەوەیە كە تاوەكو ناوەڕۆكی زیاتر بە زیرەكیی دەستكرد بدەیت، ئەوا ئەو ناوەڕۆكانەی زیرەكیی دەستكرد بەرهەمی دەهێنێت، پتر و پتر لە بیرۆكە بنەڕەتییەكە دەچێت. هەرچۆنێك بێت، نووسەرە مرۆییەكان كاتی زۆریان لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی بۆ نووسینی تەرخان بكەن، لە كاتێكدا زیرەكیی دەستكرد كاتێكی بێ سنووری لە بەردەستدایە.

*  ئایا زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت هاوكار بێت لە بواری نووسیندا، یان با بڵێین لە كۆتاییدا دەتوانێت شوێنی مرۆڤەكان بگرێتەوە لە بواری نووسینی خەیاڵ ئامێزدا؟

- ئەگەر بە ڕاشكاوی بدوێم، ئەوا من پێم وایە وا بێت، لەبەر ئەوەی ئەوە مرۆڤەكانن كە وا دەكەن گێڕانەوەی چیڕۆك سەرنجڕاكێش و كاریگەر بێت. تۆ بیر لە چیڕۆكە خوازراوەكانت بكەرەوە (ئیدی زارەكی، یان بینرا، یان نووسراو بن)، من گرەو لەسەر ئەوە دەكەم، كە ئەوە لایەنە مرۆییەكانی كەسایەتییەكانی نێو چیڕۆكەكان بوون كە بوونەتە جێی سەرسامیی تۆ. ئایا تۆ سەیری زنجیرەی (برەیكینگ باد)ت دەكرد، ئەگەر واڵتەر كەسایەتییەكی مرۆیی ئاڵۆز نەبووایە؟ ئایا (لۆرد ئۆف ڕێنگز)ت دەخوێندەوە، ئەگەر ساموازی گامگیی نەیكردایەتە سێ كتێب؟ ئایا گوێت لە پۆدكاستەكانی تاوانە ڕاستەقینەكان دەگرت، ئەگەر وردەكارییەكانی لەخۆ نەگرتایە؟ مەبەستم ئەوەیە بڵێم، ئێمە بۆ ڕۆژگارێكی دوور و درێژە كە زیاتر بەها بۆ چیرۆكە مرۆییەكان دادەنێن، لە بەرانبەر ناوەڕۆكە مەوسووعییەكان، پێم وا نییە ئەمە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، باوەڕیشم وا نییە كە زیرەكیی دەستكرد بتوانێت ئەم كارە بكات.

Top