ئەمریکا فشار دەخاتە سەر "هێزەکانی سوریای دیموکرات"... هیچ جێگرەوەیەک بۆ "یەکگرتن" نییە.
(*)
لە میانەی حەوت مانگی دوای لادانی بەشار ئەسەد، نوێنەرانی ٧٨ حکومەتی بیانی و ڕێکخراوە فرەلایەنەکان ڕوویان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کردووە بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆک کۆماری سوریا و ئیدارە ئینتقالییەکەی، ئەمەش ڕووداوێکی ناوازە لە مێژووی نوێدا، پێشتر هیچ وڵاتێک کە لە ململانێ دەربچێت شەپۆلێکی وەها خێرا و بەربڵاوی و بەشداریکردنی دیپلۆماسی بەخۆیەوە نەبینیوە.
گومانی لەوەدا نییە کە ئەو پێشکەوتنانەی سوریا لە چەند مانگی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیوە بە بەراورد لەگەڵ میراتی زیاتر لە پەنجا ساڵ لە دیکتاتۆریەتی ئەسەد و سێزدە ساڵ لە ململانێی ماڵوێرانکەر، جێگای سەرنجە. هەموو ئەو سزا و سنووردارکردنانەی لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنراون، هەڵگیراون یان ڕاگیراون و سوریاش بە خێرایی تێکەڵ بە دامەزراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە فرەلایەنەکان بووەتەوە. بڕیارە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا سەرۆک ئەلشراع لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتاری هەبێت و ببێتە یەکەم سەرکردەی سوریا کە لە ماوەی ٥٨ ساڵدا و بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٦٧ەوە ئەو کارە بکات، ئەمەش هەنگاوێکی ڕەمزییە بەرەو ئەم یەکگرتنە.
لە بواری ئابوریشدا ئابوری سوریا یەکەم بوژانەوەی ڕاستەقینە لەماوەی چەند ساڵێکدا بەخۆیەوە دەبینێت. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گرێبەست و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە بەهای زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانی قەتەر، سعودیە، کوێت، تورکیا، ئیمارات، و ئوردن و هەروەها فەرەنسا و ئەمریکا واژۆ کراوە. لە ئێستادا یەکەم باری هەناردەی سوریا بۆ ئەمریکا بە کەشتی دەڕوات. هاوکات تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکانی 4G و5G ئەمریکی لە تۆڕی سەرەکی مۆبایل (سیریاتێل)دا یەکخراوە، لە کاتێکدا لانیکەم چوار کۆمپانیای وزەی ئەمریکی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ چوونە ناو کەرتی نەوت و گازو وکارەباە بازاڕی تازە دەستڕاگەیشتن بە سوریا.
سروشتییە وەک هەر وڵاتێک کە لە ململانێیەکی درێژخایەن دەربچێت، ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە، لەوانە دادپەروەری ئینتقالی، ئاشتەوایی نیشتمانی، داماڵینی چەک و یەکخستنەوەی جەکداران و پاراستنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و تائیفیەکان. سەرەڕای ئەوەش وڵاتەکە دۆخێکی سەقامگیری ڕێژەیی بەهرەمەند بووە کە هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کردووە. لە کاتێکدا توندوتیژی بە تەواوی نەوەستاوە، بەڵام بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە. یاخیبوونی دژە حکومەت کە لە مانگی یەکدا لە کەنار ئاوەکان سەریهەڵدا، لە دوو مانگی ڕابردوودا یەک هێرشی نەکردووە. لە کاتێکدا کە مەترسییەکانی داعش هێشتا جدییە، هاوبەشی هەواڵگری و هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنی نێوان حکومەتی سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کاریگەر بووە.
پرسی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە وەک گەورەترین تەحەدای پێکهاتەیی بۆ سەقامگیری سوریا و گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە. واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی چوارچێوە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا بەس نەبوو بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکان، کە نەیانتوانیوە هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە نێوان هەردوولادا بەدەستبهێنن. سەرەڕای ئاگربەست لە باکوری ڕۆژهەڵاتی حەلەب و بەردەوامی فرۆشتنی نەوتی دەرهێنراو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە حکومەتی ناوەندی، بەڵام نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوولادا بەردەوامە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم پێشهاتانە سەرنجی میدیایی بەرفراوانیان رانەکێشاوە، بەڵام هێزەکانی هەسەدە بەردەوامن لە پێشێلکارییە زۆرەکانیان، هەوڵی دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانیان و چەکی قورسیان لەسەر هێڵەکانی بەرکەوتن لەگەڵ سوپای سوریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەلەب داوە، ئەمەش پێشێلکردنی بڕگەکانی داماڵینی چەک لە ڕێککەوتنی ئاگربەست، وایکردووە هێزەکانی ئەمریکا چەند جارێک دەستوەردان بکەن بۆ گەڕانەوەی کاروانەکانیان بۆ شوێنەکانیان. هەروەها چالاکانە تونێلی بەرفراوان لە پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکە دروست دەکەن، بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 100 هاووڵاتیی عەرەبی لە نێویاندا ژنی گرتووە، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان کە پەیوەندییان بە سوپای سووریاوە کردووە. ئەمەش گەیشتە لوتکە بە کوشتنی دوو منداڵی عەرەب لە ڕووداوە جیاوازەکاندا لە ٢٦ی حوزەیران و٢ی تەمموزدا، کە گرژییەکانی نێوان خۆی و پێکهاتە عەرەبییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای توندتر کرد. ئەم پێشهاتانە پشتڕاستی دەکەنەوە کە فایلی هەسەدە وەک بۆمبێکی کاتی دەمێنێتەوە کە دەتوانێت لە هەر ساتێکدا گرژیەکان هەڵبگیرسێنێتەوە، سەرەڕای هەموو ئاماژە ئەرێنییەکانی دیکە کە لە ئێستادا لە گۆڕەپانی سوریادا بەدی دەکرێن.
لە میانەی سەردانێکی لە ٢٩ی حوزەیران لەلایەن وەفدێکی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاسانکاری ئەمریکا بۆ قامیشلۆ و حەسەکە بۆ سەرپەرشتیکردنی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەکان، بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر بە درێژی قسەیان لەگەڵ هاوتا حکومییەکانیان کرد سەبارەت بە شایستەییەکانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی و لامەرکەزی. لە دوو بۆنەی جیادا، نوێنەرانی حکومەت لە کاتی کۆبوونەوە گشتییەکاندا ناچار بوون لە ژێر وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە دابنیشن ووێنەکان بڵاوبکەنەوە
تەنیا دە ڕۆژ پێش ئەو سەردانە، لە ١٩ی حوزەیران، ئیدارەی خۆسەر بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دامەزراندنی "ئیدارەیەکی گشتی" بۆ بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی دەستبەجێی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی سوریای لە دیمەشق بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیارەکەی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەژمار کرد. ئەم ڕووداوانە تیشک دەخەنە سەر قووڵایی دوژمنایەتی و ئەوە دەردەخەن کە هەردوولا چەندە دوورن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە..
بەڵام لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی ئەو بنبەستە، لە ٩ی تەمموزدا لوتکەیەکی مێژوویی لە دیمەشق بەڕێوەچوو، کە نوێنەرانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هەروەها نێردەی تایبەتی ئەمریکا و فەرەنسا تۆماس باراک و ژان باپتیست فایڤری کۆکردەوە. سەرەڕای هەوڵە بەرچاوەکان، لوتکەکە هیچ پێشکەوتنێکی ئەو تۆی بەدەست نەهێنا. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان لە گفتوگۆکان، وەفدی هەسەدە پێداگری لەسەر پاراستنی پێکهاتەی سەربازی سەربەخۆی خۆی کردووە و ڕایگەیاندووە کە یەکگرتن لەگەڵ سوپای سوریا تەنها لە حاڵەتێکدا قبوڵکراو دەبێت کە هێزەکانیان بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە باکووری ڕۆژهەڵات جێگیر ببن. لەژێر فەرماندەیی خۆیدا لەژێر ناوی "هێزەکانی سوریای دیموکرات" بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی. لە هەمان کاتدا ئیدارەی خۆسەر داوای کرد کە چوارچێوەی دامەزراوەیی خۆی بە تەواوی وەک خۆی بمێنێتەوە و کۆنترۆڵی حوکمڕانی و ئیدارەی ناوخۆیی بهێڵێتەوە. ئەم مەرجانە ناڕەزایەتی دەستبەجێی شاندی حکومەت لێکەوتەوە و شەپۆلێکی بێزاری لەنێو نێوەندگرانی ئەمریکی و فەرەنسادا لێکەوتەوە. داواکاری ئەم دواییەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ درێژکردنەوەی وادەی سەرەتایی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە دوای کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ پەیامێکی ڕوونی نارد کە هیچ نیازێکی نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەنە ڕێککەوتن.
لە لێدوانە گشتییەکانی دواتردا، تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی بە ڕوونی خستەڕوو، ڕەخنەی لە هەسەدە گرت کە خاو بووەتەوە لە قبوڵکردنی پێویستی ڕێککەوتن و جەختی لەوە کردەوە کە فیدراڵیزم...لە چوارچێوەی سوریادا کارناکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەنها یەک ڕێگا هەیە و ئەو ڕێگایە بە دیمەشقدا تێدەپەڕێت"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "کات تەواو دەبێت". هەروەها لە لێدوانەکانی باراکدا ستایشی دیمەشق لەخۆدەگرێت و ڕێبازەکەی بە "زۆر بە جۆش و خرۆشەوە" و "بەخشندە لە گەڕان بەدوای خاڵی هاوبەش" وەسف دەکات، ئەمەش شەرمەزاری هێزەکانی هەسەدە کردووە، بەتایبەتی کە باراک وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیاش کاردەکات.
تەنانەت نزیکترین بەرگریکارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، سوپای ئەمریکا، دەستیان کردووە بە گۆڕینی ئەولەویەتەکانی خۆیان، گرنگییان بە چەسپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی ئینتقالی سوریا داوە، لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا جەختیان لەسەر پێویستی پێدانی قۆرخکاریی دیمەشق لەسەر بەکارهێنانی هێز کردووەتەوە. بە واتایەکی تر، نە بوار بۆ فیدرالیزم، نە بۆ سوپای جیاواز یان لامەرکەزی. پێویستە هەسەدە بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە و یەکبخرێت.
بە دووپاتکردنەوەی ئەم هەڵوێستە، لە میانی دانیشتنی پشتڕاستکردنەوەی جێگری دەریاوان برادلی کوپەر وەک فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، فەرماندە نوێیەکە بە ڕوونی ڕایگەیاند، "سەقامگیری سوریا پەیوەستە بە مانەوەی فەرماندەی ئێستا، ئەحمەد ئەلشەرع، لە پێگەی خۆیدا و ئەمەش بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگترە". لە هەمان کاتدا، لەگەڵ بەردەوامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئەو پارە سەربازییەی کە لەژێر ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی سروشتیدا بۆ هێزی ئاسمانی دیموکراتی کوردستان تەرخانکرابوو، بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و زۆرینەی ڕەهای پارەکان بۆ ئاسایشی کەمپەکانی داعش و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لابراون، نەک پشتیوانیکردنیان.
ساڵانێکە ئەم کەمپ و زیندانانە دیارترین کەرەستەی کاریگەریی نێودەوڵەتیی هێزی ئاسمانی هەسەدە بوون. بەڵام فەرمانی جێبەجێکردنی ئەم دواییەی سەرۆک ترامپ کە سزاکانی ئەمریکای لەسەر سوریا هەڵگرتبوو، مەرجی گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەم ئاسانکاریانە بۆ حکومەتی ئینتقالی سوریای تێدابوو.
کەوتنی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ساتێکی سەرەکی بوو بۆ روسیا، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە داینامیکی ناوخۆیی بەرەو بوژانەوە و یەکگرتنەوە. لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگەکاندا ئەم ساتەوەختە چارەنووسسازە گۆڕا بۆ هەڕەشەیەکی وجودیی ڕاستەقینە، کە ئەمەش شرۆڤەی بێبڕینی سەرکردایەتی کورد و پەرەسەندنی ڕەتکردنەوەی بانگەوازەکانی هەڵوەشاندنەوە و یەکگرتنە.
بەڵام پێناچێت سیاسەتی دواخستن لە بەرژەوەندی هێزەکانی سوریای دیموکرات بێت، چونکە نوێنەری ئەمریکا وادەی نافەرمی لە مانگی ئابدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دیاریکردبوو. هەڵسوکەوتی شاندی هەسەدە لە لوتکەی ئەم دواییەی دیمەشقدا، ئیلهامبەخشی گەشبینییەکی ئەوتۆ نییە. لەڕاستیدا تا ئەو ڕێبازە بەردەوام بێت، زەحمەتە نکوڵی لەوە بکرێت کە هەسەدە، زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە، گەورەترین بەربەستە لە بەردەم چەسپاندنی پرۆسەی ئینتقالی سوریا و سەقامگیرییەکەی و گەیشتن بە بوژانەوەی بەردەوام.
(*)
نووسینی: تشارلز ليستر

شێرکۆ حەبیب