پێم خۆش بوو ببمە یاریزانی تۆپی پێی
بینایی تاهیر ڕاهێنەری تیپی فوتساڵ
پێم خۆش بوو ببمە یاریزانی تۆپی پێی
سەنتەری پارێزگای سلێمانی لە ئێستادا خاوەنی چەندین تیپی جۆراوجۆرە لە یارییەكانی فوتساڵ كە بەردەوام چەندین كچە یاریزانی بەتوانای شارەكە لەم فێرگانە كۆبوونەتەوە بۆ دەرخستنی بەهرە و تواناكانیان، فێرگەی ئایندەی ئازادی لەم پارێزگایە یەكێك لە فێرگە بە هێزەكانی شارەكەیە و خاوەنی چەندین كچە یاریزانی ئاست بەرزە كە تواناكانیان زۆرە و گەیشتوونەتە ڕیزی یانە بەهێزەكانی كوردستان، ڕۆژانەش تیپەكە مەشقەكانیان لە یاریگا بچووكەكان ئەنجام دەدەن. یەكێك لە ئافرەتە وەرزشەكارەكانی شارەكەش كچە یاریزان و ڕاهێنەری بەتوانا بینایی تاهیر محەمەد-ە ، ڕاهێنەری فێرگەی ئایندەی ئازادییە لە پارێزگای سلێمانی ناوبراو كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە گەڵ تیپە جۆراوجۆرەكان، لەدایك بووی ساڵی 2020ی پارێزگای سلێمانییە دەرچووی كۆلێژی زانستە جەستەیی و وەرزشییەكانە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد.
*ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی؟
- لە ئێستادا ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ لە ئاستێكی مام ناوەندی دەبینم.
*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم كە ساڵانە یەك پاڵەوانێتیە تا چەند دەبێتە هۆكار بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەپێش نەچێت؟
-پێویستە ساڵانە خولی زیاتر بكرێتەوە، وە گرنگییەكی زیاتری پێ بدرێت بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش بچێت لە شارەكانی كوردستان.
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی یاری فوتساڵی كچان بەرەوپێش بچێت؟
- پێویستە گرنگی بە ئاستی ئەم یارییە بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاری كچە یاریزانەكانی كوردستان بكرێت و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت بۆ ئەوەی زیاتر ڕوو لەم یارییە بكەن.
*گرفتی یارییەكانی تۆپی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
- نەبوونی یاریگا و كەلوپەلی پێویست و توانای دارایی باش نەبوونی ئەمانەش دەبنە هۆی گرفت لە بەردەم گەشەسەندنی ئاستی ئەم یارییە.
* یانەكانی كوردستان داوای گرێبەستی یاری كردنیان لێت كردووە؟
- تاكو ئێستا هیچ گرێبەستێكم بۆ نەهاتووە.
* بەنیازچ چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزان و ڕاهێنەرێك؟
-دەمەوێت وەكو هەموو یاریزانەكانی دیكە ئاستی خۆم بەرەوپێش ببەم و بگەمە ریزی هەڵبژاردەی خانمانی عێراقی و بۆ ئەوەی ببمە یەكێك لە یاریزانە بەتواناكان و لە ئاستی ڕاهێنەریش بگەمە ئاستێكی بەرز.
* لەگەڵ ئەویە یانەكانی كوردستان پشت بە یاریزان و ڕاهێنەری بیانی ببەستن؟
- نەخێر لەگەڵ ئەوەدا نیم و چەندەها خانمە یاریزانی بەتوانامان هەیە بەهۆی نەبوونی پشتگیری و پێداویستی تایبەت وازیان لە ڕاهێنەری و یاریزانی هێناوە.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- داواكارم لەلایەنی بەرپرسی وەرزشی گرینگی بە وەرزش بدەن لە هەموو ڕوویەكەوە پشتگیری كچانی وەرزشكار بكرێت.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو وەرزشكارێك؟
-خەونی من وەكو هەموو یاریزانێك ئەوەیە بتوانم بگەمە بەم ڕۆژە.
*بەهیوای ئەوە نیت ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش درێسی هەڵبژاردەكە بپۆشی؟
- بەدڵنیاییەوە ئەوە خەونی هەموو یاریزانێكی كوردە، منیش خەون بەو ڕۆژە دەبینم.
*لە هەڵبژاردەی عێراقی بانگهێشت كراوی؟
-نەخێر تاوەكو ئێستا، بەڵام بەردەوام هەوڵدەدەم.
*چۆن بوو بڕیارتدا ڕوو لە بواری ڕاهێنەری بكەی؟
-پێم خۆش بوو ببمە یاریزانی تۆپی پێی ، بەڵام لەبەر ئەوەی لە وڵاتی ئێمە ئەم وەرزەشە لەلایەن كچانەوە گرینگی پێ نەدراوە، كۆمەڵێ هۆكار بوونەتە ڕێگر، بۆیە ڕیارم داوە خەونەكەم بگۆڕم وەك ڕاهێنەرێك كاربكەم.
*بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
-كریستانۆ ڕۆناڵدۆ.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەڵیم هیچ شتێك مەحاڵ نییە ئەگەر هەوڵی بۆ بدرێ و هیوادارم گرنگی بە وەرزشی كچان بدرێ لە كوردستان سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەمووە خزمەتە.
