هایا محەمەد:تابتوانم لە گرنگیدان بە فۆلكلۆر بەردەوام دەبم

هایا محەمەد:تابتوانم لە گرنگیدان بە فۆلكلۆر بەردەوام دەبم

هایا محەمەد یەكێكە لە خانمە گۆرانیبێژەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە ساڵانێكە لە هەرێمی كوردستان درێژە بە كاری هونەری دەدات، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گوڵان تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێكی هونەری.

‎*هونەر بۆ تۆ چی دەگەیەنت؟

-هونەر بەشێكە لە ژیانم، چونكە حەز و خۆلیایەكی خۆمی تیایە دەمەوێ بمێنێت، ڕاستە من زۆر كاتم بۆی دانەناوە، بەڵام هونەر لای من زۆر سەنگ و قورسایی هەیە و تێكەڵی خوێنم بووە، بویە تا بتوانم بەپێی توانای خۆم هەوڵی بۆ ئەدەم، بەتایبەت گۆرانی فۆلكلۆر.

‎*پڕۆژەی نوێی هونەریت چییە؟

-دەمەوێ ئەمساڵ زۆرتر گرنگی بە هونەرەكەم بدەم و ئیشی زۆرتری تێیدا بكەم، گۆرانیی تازەم بە دەستەوەیە بە شێوازی نوێی جیاواز لە گۆرانییەكانی پێشووم كە فۆلكلۆر بوون، بەڵام ئەمە بەو مەعنایە نییە كە من ئیتر گۆرانیی فۆلكلۆر ناڵێم، نا من لە گۆرانییە فۆلكلۆرەكانیشمان بەردەوام دەبم. دەمەوێ لایڤ میوزیك بكەم لەبەر ئەوەی لایڤ میوزیك وەك پڕۆژەیەكە بۆ هونەرمەند.

‎*چی وای كرد ئەم پڕۆژانە هەڵبژێریت، چ پەیامێكت هەیە لە ڕێگەیانەوە؟

-ئەوەی كە ویستم ئەم جارە جیاواز دەر بكەوم لەبەر خواستی هەوادارەكانم بوو، ئێمە لە كوردستان دەژین، بەداخەوە هونەر لێرە زۆر ڕێزی لێ ناگیرێ، بۆیە سەختە بتوانێت دڵی هەموو كەس ڕابگریت، من لەبەر ئەوەی كومەڵگە حەزی لە گۆرانییە نوێیەكان نەبووە هەوڵم داوە تا ئێستا لە بابەتی فۆلكلۆردا ئیشی تێدا نەكەم، بەڵام ئیستا دەمەوێ ستایلی گۆرانیگوتنەكەم بگۆڕم و پەیامم ئەوەیە ئێمە دەبێت لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی دیكەی كۆمەڵگەدا بگونجێین، ئەو گۆڕانكارییە لە هونەریشدا قەبووڵ بكەین و پێشوازی لە هونەرێكی جوانی نوێی كوردییش بكەین.

*لە كارە نوێیەكانتدا هەوڵت داوە شێوازێكی نوێ تاقی بكەیتەوە، یان تەكنیكێكی تایبەت بەكار بهێنیت كە پێشتر بەكارت نەهێناوە؟

-ماوەی ساڵێك ئەلبومێكی ناتەواوی گۆرانیی فۆلكلۆرم هەبوو، ئەوەم تازە تەواو كردووە، لە ئێستادا ئەلبومێكی نوێم بە دەستەوەیە بە شێوازێكی جیاوازتر لە گۆرانییەكانی پێشووم.

*بەڕای تۆ ڕۆڵی ئافرەتان لە گۆڕەپانی هونەری كوردیدا چۆنە، ئایا بەربەست هەن كە ڕووبەڕوویان ببێتەوە؟

-بە داخەوە لە كۆمەڵگەی كوردیدا بەكەمی پاڵپشتی ئافرەتانی هونەرمەند دەكرێت و بگرە لە هەندێك شوێن بێ ڕێزیشیان پێ دەكرێت، هەر لەبەر ئەوە هونەر بۆ ئافرەت زۆر قورسترە، ئەگەر ئافرەتێك بیەوێت لە بواری هونەردا چالاكی بكات و بیەوێت هونەرەكەی دەربخات، دەبێ زۆر بەربەست لەسەر ڕێگەیدا لابەرێ تا بتوانێت هەنگاو هەڵێنێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئافرەتێك بتوانێ لە كومەڵگەدا ئیشی هونەری و خزمەتی هونەری كوردی بكات بە مانای ڕاستەقینە هونەرمەندە، چونكە ئەو بەربەستانەی لە بەردەم ئافرەتێك بۆ دەرخستنی هونەرەكەی هەیە، قەت نایەتە سەر ڕێگەی پیاوێك.

*چۆن دەتوانین زیاتر پاڵپشتی لە ئافرەتانی هونەرمەند بكەین لە كۆمەڵگەی كوردیدا؟

-ئێمەی ئافرەتانی هونەرمەند شتێكی زۆرمان لە كومەڵگە ناوێ، تەنیا دەمانەوێ ڕێزمان لێ بگیرێ و ئەگەر بمانەوێ لە بواری هونەریدا ئیش بكەین، بە چاوێكی خراپ سەیری هونەر و هونەرمەند نەكەن و جیاوازی لە نێوان ئافرەت و پیاو بۆ پێشكەشكردن و سەر خستنی هونەری گۆرانی كوردی نەبێت.

*كام لە هونەرمەندە بەتەمەنەكان كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر تۆ هەبووە و بۆچی؟

-من لە ژیانی هونەریی خۆمدا كەسایەتی زۆر بە لامەوە گرنگ بووە، هەمو كات ئەو هونەرمەندانەی كە توانای ئەوەیان هەبووە كە هەم هونەر بپارێزن و هەم كەسایەتیی هونەرییان، زۆر بە لامەوە گەورە و بەڕێزن، هەموو هونەرمەندەكان لای من گەورە و بەڕێزن. یەكێك لەو هونەرمەندانەی كە توانی لە دڵی خەڵكدا بە هونەر و كەسایەتییەكی جوان جێگەی خۆی بكاتەوە و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر من دانا، خاتوو مەرزییە ی نەمر بوو، هەروەها خانەوادەی گرانقەدری هونەرییان، كە لەو كاتەی خاتوو مەرزیە دەستی بە گۆرانیگوتن كرد، بەربەستی زۆرتر لە ڕێگەیاندا بوو، بەڵام توانی یەكێك لە ئافرەتە سەركەوتووەكانی هونەری كوردی بێت.

*تا چەند هەوڵت داوە لە كارەكانتدا سوود لە ئەزموونی هونەرمەندە پێشینەكان وەربگریت؟

-بەشبەحاڵی خۆم لە سەرەتای كاركردندا هەوڵم داوە كە ڕێگەی هونەرمەندە پێشینەكان بگرمە بەر و، تا ڕادەیەك توانیم خزمەتی هونەری كوردی بكەم و هەندێك لە گۆرانییە فۆلكلۆرەكان بڵێمەوە، بەڵام هەموو شتێك دێتەوە سەر خواستی كومەڵگە، چونكە هونەرمەند بە هەوادارەكانی دەبێتە هونەرمەند و گۆرانی بۆ كومەڵگە دەڵێتەوە لەبەر ئەوە دەبێ هەندێك گۆڕانكاری كە بە سەر هەموو بوارەكانی لە كۆمەڵگە و هەروەها بەسەر هونەری كوردیدا دێت(بەس بە شێوازێكی) جوان، قبووڵی بكەین، كە هەم بتوانین لەسەر ڕێگەی هونەرمەندە پێشینەكان بڕۆین و نەهێڵین ون ببن، هەم بتوانین خزمەتی هونەری كوردی بكەین.

*ئایا بە پێویستی دەزانیت كە هونەرمەندە گەنجەكان زیاتر ئاشنابن بە كار و ژیانی هونەرمەندە بەتەمەنەكان؟

-بەپێویستی نازانم، بەڵام وەك سوودوەرگرتن و ڕوناكیی ڕێگەیەكی هونەری كە هونەرمەندێك بیەوێت لە هونەرەكەیدا سەركەوێت و كەمترین ڕەخنەی لە لایەن كۆمەڵگاوە لێ بگیرێ، زۆر باشە كە ئاشنای ژیانی هونەری هونەرمەندە گەورەكانی پێشتر و ئێستا بێت.

Top