هەولێر مووچەی یاریزانانی نەداوە

هەولێر مووچەی یاریزانانی نەداوە

هەولێر مووچەی یاریزانانی نەداوە
یانەی وەرزشی هەولێر ئەم وەرزە بە بارودۆخێكی خراپ تێپەربووە و چەندین كێشە رووبەڕووی یانەكە بۆتەوە چ لە ڕووی كارگێڕیی یاخود دارایی، یانەكە دەستەیەكی كاتی بۆدانراوە و كارەكانی یانەكە ڕایی دەكات، بەڵام گرفتە داراییەكانی یانەی هەولێر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت ئەوەش كاریگەری لە سەر یانەكە دروست كردوە، یانەی هەولێر لە كۆی ئەنجامدانی 34 یاری لە خولی بژاردەكانی عێراقی تەنیا خاوەنی 44خاڵە و لە پلەی سێزدەهەمی ڕیزبەندی یانەكان دێت، لە ئێستادا یانە گرفتێكی تری دارایی رووبەڕوو بۆتەوە ئەویش نەدانی مووچەی یاریزانانی یانەكە كە زیاتر لە هەشتا ڕۆژە یاریزانان هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە، لەم بارەشەوە سەرچاوەیەك لە یانەی وەرزشی هەولێر ئەوەی بۆ گۆڤاری گوڵان ئاشكرا كرد گوتی" ماوەی زیاتر لە 80 ڕۆژە مووچەمان پێنەدراوە ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر ئاستی یاریزانان دروست كردوە، بە تایبەتی لە دواین یاریمان بەرامبەر یانەی نەورۆز لە سەر یاریگای خۆمان دووچاری شكست بووین یەكێك لە هۆكارەكان پێنەدانی مووچەكانمان بووە، جگە لەوەش ئێستا یانەكە زیاتر لە شەش یاریزانی سەرەكی ڕیزی یانەكەیان جێهیشتووە و كاریگەری لە سەر تیپەكە بە تەواوی دروست كردوە. هەر چەندە بە ئاست زۆر باشین، بەڵام توانای دارایی هۆكارێكی گەورەیە كە ئێمە نەتوانین كارەكانمان بە تەواوی جێبەجێبكەین. لە ئێستادا چەند ڕۆژێكە یاریزانانی تیپەكە مەشق ناكەن و بڕیاریانداوە یارییەكانی تریش نەچنە یاریگا بۆ ئەوەی تووشی گرفتی تازە ببین ئەوەش ئەنجامی خراپی دەبێت بۆ یانەكە ئەگەر بە بەزوویی گرفتەكانمان چارەسەر نەكرێت.

Top