خەونی من وەكو هەموو یاریزانێك ئەوەیە بتوانم بگەمە بەرزترین ئاست

خەونی من وەكو هەموو یاریزانێك ئەوەیە بتوانم بگەمە بەرزترین ئاست

بێری فاخیر یاریزانی فوتساڵی یانەی چەمچەماڵ

خەونی من وەكو هەموو یاریزانێك ئەوەیە بتوانم بگەمە بەرزترین ئاست
قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی یەكێك لەم شارانەی كوردستان كە بەردەوام چەندین كچە یاریزانی بەتوانای لە خۆ گرتووە لە یارییە جۆراوجۆرەكانی كچان، تیپی فوتساڵی یانەی چەمچەماڵیش یەكێك لە تیپە بەهێزەكانی كوردستان و شارەكە خاوەنی چەندین كچە یاریزانی ئاست بەرزە كە تواناكانیان زۆرە و گەیشتوونەتە ریزی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقی، یانەكە خاوەنی ژمارەیەك لە یاریزانانی ئاست بەرزە و تەمەنیان بچووكە و پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیان دەكات لە داهاتوودا، یانەكەش گرنگی زۆر بە توانای ئەم یاریزانە لاوانە دەدات بۆ ئەوەی لە داهاتوو ڕكابەری سەرجەم یانەكانی كوردستان و عێراقی بكات. یەكێك لە ئافرەتە وەرزشەكارەكانی شارەكەش كچە یاریزان بێری فاخیر ڕەمزی-ە ، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی قەزاكە ناوبراو كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە گەڵ تیپەكە، لەدایك بووی ساڵی 2010ی قەزای چەمچەماڵە ویاریزانی یانەكەیە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد.
*ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی؟
- لە ئێستادا ئاستی یاری فوتساڵ بە ئاستێكی مام ناوەندی دەزانم.
*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم كە ساڵانە یەك پاڵەوانێتیە تا چەند دەبێتە هۆكار بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەپێش نەچێت؟
-دەبێ ساڵانە خول زیاتر بكرێتەوە، بۆیە پێم باشە ئەم كردنەوەی خولانە گرنگی زیاتری پێ بدرێت بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش بچێت.
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی یاری فوتساڵی كچان بەرەوپێش بچێت؟
- گرنگی بە ئاستی ئەم یارییە بدرێت، جگە لەوەش بتوانرێ هاوكاری كچە یاریزانان بكرێ لە یانەكانی كوردستان و پێداویستییەكانیان بۆ فەراهەم بكرێ بۆ ئەوەی زیاتر ڕوو لەم یارییە بكەن.
*گرفتی یارییەكانی تۆپی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
- نەبوونی یاریگای پێویست و نەبوونی توانای دارایی باش ئەوانە هەمووی دەبنە گرفت لە بەردەم گەشەسەندنی ئاستی ئەم یارییە.
* یانەكانی كوردستان داوای گرێبەستی یاری كردنیان لێت كردووە؟
- تاكو ئێستا هیچ گرێبەستێكم بۆ نەهاتووە.
* بەنیازچ چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
-بەنیازی ئەوەم وەكو سەرجەم یاریزانەكانی تر ئاستی خۆم بەرەو پێش ببەم و بگەمە ریزی هەڵبژاردەی خانمانی عێراقی بۆ ئەوەی ببمە یەكێك لە یاریزانە بەتواناكان.
* یاری كردن بۆ كچان لە یاریگای گەورە كارێكی زەحمەت نییە؟
- ئەگەر مەشقەكانی بەردەوام بێت و خەو و خۆراكی رێك بێت بتوانی جەستەیەكی پڕ وزەی هەبێت زەحمەت نابێت.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- گرنگی بە وەرزش بدرێ لە هەموو ڕوویەكەوە و پشتگیری كچانی وەرزشكار بكرێت.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو وەرزشكارێك؟
-خەونی من وەكو هەموو یاریزانێك ئەوەیە بتوانم بگەمە بەرزترین ئاست و یەكێك لە ئەستێرە دیارەكان بم.
*بەهیوای ئەوە نیت ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش درێسی هەڵبژاردەكە بپۆشی؟
- بەدڵنیاییەوە ئەوە خەونی هەموو یاریزانێكی كوردە، منیش خەون بەو ڕۆژە دەبینم.
*خولی كوردستان یان عێراقی بەهێزترە؟
-من تەنیا لە خولی كوردستان یاریم كردوە خولێكی بەهێزە و ڕكابەری زۆری تێدایە.
*بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
-كریستانۆ ڕۆناڵدۆ.
*هەوڵی گەیشتن بە ریزی هەڵبژاردەی عێاق دەدەی؟
-بەڵێ هەموو هەولێك دەدەم وەكو كچە كوردێك بگەمە هەڵبژاردەی عێراق.
*سەركەوتن چی دەگەینێ لای تۆ؟
-سەركەوتن بە شتێكی گەورەی دەبینم كاتێك ئەو هەوڵ و ماندووبونەی كە ئەنجامی دەدەیت كۆتاییەكەی سەركەوتوو دەبیت هەستێكی خۆشە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان هەمیشە پێشەنگە لە خزمەت كردن، دەڵیم هیچ شتێك مەحاڵ نییە ئەگەر هەوڵی بۆ بدرێ و گرنگی بە وەرزشی كچان بدرێ.

 

Top