حکومەتی عێراق کێشە دروست ئەکات ،
کێشە چارەسەر ناکات !!
حکومەتی فیدراڵی عێراق کێشە چارەسەر ناکات بەڵکو کێشە دروست ئەکات!!
، هەرچەندە رێککەوتن کراوە لە نێوان هەولێر و بەغدا بەڵام مووچە خەرج ناکات و بودجە نانێرێ و رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نادات ، پارەی کۆمپانیاکانی نەوت خەرج ناکات هەرچەندە ١١ ملیون بەرمیل نەوتی لە کوردستان وەرگرتوە !! ، گلەی لە کەمی داهاتی نەوتی کوردستان ئەکات، لە کاتێکدا خۆی کۆسپ بۆ بازرگانان و دەروازە سنورییەکانی کوردستان دروست ئەکات و گومرگی زیاتر ئەخاتە سەر کاڵاکانیان بۆ ئەوەی ناچاربن لە دەروازە سنورییەکانی عێراق شتومەک هاوردە بکەن باسی کەمبوونەوەی داهاتی کوردستان ئەکات.
پێویستە رای گشتی عێراق باش بزانن داهاتی دەروازە سنورییەکانی کوردستان ئەوەندەی داهاتی دەروازە سنورییەکانی عێراق نیە بەڵکو زۆریش کەمترە ، بەتایبەتی داهاتی بەندەری ئوم قەسر .
لە راستیدا چارەسەری کێشەکان زۆر ئاسانە ئەگەر نیاز پاکی و متمانە هەبێت، بەوەش ئەکرێت یاسای نەوت و گاز دەربچێت لەبەر رۆشنایی ماددەی ١١٢ دەستور یان لێکتێگەشتن و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جێ بەجێ بکرێت بەتایبەتی ئەوەی لەگەل حکومەتی سودانی کراوە و پەرلەمانیش بریاری لەسەر داوە، نەوت بڕوا و مووچە و بوودجە خەرج بکرێت ، پێشتریش لە ڕێکەوتنی هەولێر بەغدا و بەرنامەی وزاری سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە لەلاپەڕە ٢٠ :لە بەرنامەی وزاری برگەی ياسادانان و ريفۆڕمە سياسەکان برگەی أولا خالى دوو : ياساى نەوت و گاز کەدەبوو حکومەتی فیدڕاڵی عێراق وەک پڕۆژە یاسا بینێرێ بۆ پەڕلەمان بۆ دەرکردنی یاساکە ، بەڵام نەی ناردووە و یاساکەش دەرنەچووە.!
هەر بۆ ئاگاداری لە ماددەی ١١٢ دەستوری عێراق بەروونی دەردەکەوێت ئیدارەی نەوت و گاز لە کێلگەکانی ئێستا بە هاوکاری بەرێوە ئەبرێت لە نێوان حکومەتی فیدرال و هەرێم و پاريزگاکانی عێراق، بەیەکەوە پلانی ستراتیجی بۆ پەرەسەندنی سامانی نەوت و گاز دائەنەن، بەشێوەیەک زیاترین سود بە گەلی عێراق بگەیەنێت و دادپەروەرانە داهات دابەشبکرێت بە گوێرەی رێژەی ژمارەی دانیشتوان .
بەڵام ئەوەی جێی داخە حکومەتەکانی عێراق تا ئێستا یاسای نەوت وگازیان دەرنەکردووە و هەرچی لێکتێگەشتن هەیە لەسەر پرسی نەوت و گاز بەرهەمی نەبووە و نەگەشتونەتە رێککەوتن ئەمەش بۆتە کێشەیەکی گەورە لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە ، زیانی زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلاری گەیاندوە بە عێراق .
ئەگەر حکومەتی فیدراڵی عێراق بیزانیایە بە گوێرەی ماددەی ١١٢ دەستوری عێراق هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان مافی بەشداریی کردنیان لە ئیدارەدانی بابەتی نەوت و گاز نیە هەر لە ٢٠٠٥ یاسای نەوت و گازیان دەردەکرد ، ئەو یاسایە دەرناکەن چونکە ئەزانن حکومەتی هەرێم مافی بەشداری هەیە لە دارشتنی سیاسەتی نەوت .
(*)
ڕاوێژکاری باڵا

دژوار فایق