گەلی فڵستین قوربانین

گەلی فڵستین قوربانین

گەلی فڵستین و کورد وەکو هەموو گەلانی جیهان مافی دەوڵەتبوون و سەربەخۆییان هەیە ، هەرچەندە لە ١٩٩٣ ـەوە لە رێکەوتنی ئۆسڵۆ دوای نزیکەی ٥٠ ساڵ لە شەری نێوان ئیسرائیل و فڵستین بڕیاری چارەسەری دوو دەوڵەت درا .
واتا دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتێک بۆ فڵستینیەکان لەسەر سنوری ١٩٦٧ .
بەڵام بەداخەوە ئەو رێکەوتنە تا ئێستا جێبەجێ نەکرا ، چونکە وەکو پێویست هەنگاو نەنرا بۆ جێبەجێ کردنی و هەندێک فەلەستینی پێی رازی نەبوون لەگەڵ هەندێک دەوڵەتی عەرەبی ئەمە جگە لەوەی سازان نەکرا لە نێوان ئیسرائیل و فڵستین لەسەر قودس و گەرانەوە بۆ سنوری ١٩٦٧ و گەرانەوەی ئاوارە و ڕاگوێزراوە فڵستینیەکان .
لە رێکەوتنی ئۆسڵۆ لە ١٩٩٣ ـەوە تا ئەمرۆ هەرجار گرژیەک و شەڕێک لە نێوان ئیسرائیل و لایەنە فڵستینیەکان دروست ئەبێت وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ئەمریکی دووبارە باسی چارەسەری دوو دەوڵەت ئەکەنەوە بەبێ ئەوەی هەنگاوی واقعی و جددی بۆ بنێن هەر وەکو دروشم و پرۆژەیەک ئەمێنێتەوە .
خەڵکی فڵستین هەرچەندە خاوەن مافن بەڵام قوربانین ، قوربانی ململانێی رێکخراوە سیاسە فەڵەستینیەکانن ، قوربانی ململانێی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و تورکیا و ئێران ، قوربانی ململانێی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانن .
ئەو رێکخراو و وڵاتانە بازرگانی بە کێشەی فڵستینەوە ئەکەن بۆ بەرژەووندی خۆیان ، راستگۆ نین لە پشتگیری و چارەسەرکردنی کێشەکە.
لەراستیدا دوای زیاتر لە ٧٠ ساڵ لە شەر و ئاژاوە بە زەقی دەرئەکەوێ ئەو کێشەیە بە جەنگ چارەسەر نابێ ، چارەسەری ئاشتیانە نەکرێت نەفڵستین نە ئیسرائیل ئارامی بە خۆیەوە نابینێت چونکە دەست تێوەردانی دەرەکی زۆرە ، سەقامگیری ناوچەکەش نایاتە ئاراوە ، کارایی نەرێنی لەسەر ئاشتی جیهانی دەکات وەک ئەبینی ململانێکان توندتر ئەبن ، بازاری دروستکردنی چەک فرۆشتن گەرمتر ئەبێت ، بازنەی هەژاری و بێکاری و کۆچ وئاوارەبوون و نەخۆشی و برسیەتی فراوانتر ئەبێت، تیرۆر و توندوتیژی پەرەئەسەنێت.
لەراستیدا چارەسەری ئاشتیانە هەیە ئەگەر لایەنە پەیوەند دارەکان راستگۆبن ، چارەسەری ئاشتیانەش ئەوەیە :
١- فڵستینیەکان یەک بگرن و یەک دروشمی سیاسیان هەبێت ، ئەویش چارەسەری دوو دەوڵەتی دراوسێ بەیەک.
٢- وڵاتانی عەرەبی یەک هەڵوێستیان هەبێت پشتگیری لە داخوازی فڵستینیەکان بکەن و دەست تێوەردان لە کاروبارەکانیان نەکەن لە ژێر سێبەری بەرژەوەندیەکانی خۆیان .
٣- تورکیاو ئێران و وڵاتانی ئیسلامی ئەوانیش پشتگیری لە بۆچونی فڵستینیەکان بکەن و راستگۆیانە و دەستێوەردان لە کاروبارەکانیان نەکەن.
٤- پێویستە لایەنی ئیسرائیلی دروست کردنی ( مستەوطنة ) رابگرێت و رێکبکەوێت لەگەل فڵستینیەکان لەسەر بابەتی قودس و سنوری ١٩٦٧ ، کە گەورەترین کۆسپ بوون لە رێگای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئۆسڵۆ .
٥- پێویستە لیژنەیەکی کارا پێک بێت لە فڵستین و عەرەب و وڵاتانی ئیسلامی و دۆستانی فڵستین بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی کە وەکو دروشم بە بەردەوامی باسی لێ وە ئەکرێت
و داوا لە وڵاتانی زلهێز بکەن کە هاوکاربن بۆ ئەو مەبەستە ئەو وڵاتەشی کە هاوکار نەبێت بۆ هاوکاری و جێبەجێکردنی چارەسەری ئاشتیانە ئەوا پێویستە لایەنی فڵستینی و عەرەبی و ئیسلامی ئابڵۆقەی ئابوریان بخەنەسەر و نەوت وگازیان پێنەفرۆشن و بازرگانیان لەگەڵ نەکەن ، بەتایبەتی وڵاتانی زلهێز ئەوانە بەرژەوەندیان لە ناوچەکە هەیە و دەسەڵاتی گەورەشیان هەیە لە جێبەجێکردنی چارەسەری ئاشتیانە .

ئەوەی ئێستا روو ئەدات ، شەری غەززە شەری ئیسرائیل ئێران دەست تێوەردانی دەرەکی لە ناوچەکە کارێکی باش نیە چارەسەری کێشەکان ناکات بەڵکو کێشەکان ئاڵۆزتر ئەکات بۆیە پێویستە بە زوترین کات رابگیرێت کێشەی نەوەوی ئێرانیش لە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێت ئەو مافەش بە ئێران بدرێت سود لە بەرنامەی نەوەوی کۆنترۆڵکراو وەربگرێت دوور لە ئامانجی سەربازی . پێویستە ئاژانسی ووزەی ئەتۆمیش بەردەوام چاودێری پرۆژەی نەوەوی ئاشتیانەی ئێران بکات و رێگر بێت لە درووست کردنی چەکی ئەتۆم هەروەها ئیسرائیل شەری غەززە رابگرێت و هەنگاوی جددی بنێت بۆ چارەسەری ئاشتیانە لەگەل فڵستینیەکان .


(*)

راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت.

Top