مەرج و کوالیتی خولی هاوینەی قوتابیان

مەرج و کوالیتی خولی هاوینەی قوتابیان

(جۆرج برنادشۆ) نوسەری ئیرلەندی دەڵێ"گرنگترین كاری بنەڕەتی لە ڕاهێنان تەنها فێركردن نییە، بەڵكو گواستنەوەییە بۆ قۆناغی پراكتیزە كردن".
بێگومان خول و ڕاهێنانەكانی هاوینە بۆ قوتابیان كە ئەنجام دەدرێن، بە شێوەیەكی گشتی و لە بنەڕەتدا بەشێكن لە پڕۆسەی پەرەپێدان و گەشەپێدانی توانا و كارامەییەكانی قوتابی لە چوار چێوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنی بەستراو و جێگیر و مكوم بە یاسا و ڕێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە.
پێویستە هەر قوتابخانە و پەیمانگا و سەنتەر و دامەزراوەكانی تری جۆراوجۆری حكومی و ناحكومی كە دەیانەوێ خولی ڕاهێنان ئەنجام بدەن بۆ قوتابیان لە وەزری هاوین كە پشووی قوتابیانە. سەرەتا ئامانجی خول ڕابگەیەنن و مۆڵەتی ئەنجامدانی خوڵ وەربگرن لە ڕێگای بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەكان بۆ وەزارەتی پەروەردە بە پێی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لەگەڵ ڕونكردنەوە و مەبەست و ئامانج لە كردنەوەی ئەو جۆرە خولانە (لە ڕووی فێربوونی زمانی نوێیە یان وەرگرتن و بەدەستهێنانی كارامەیی دیاری كراو، یانیش بەهێزكردنی لە بابەتی دیاری كراو تا دوایی.....).
دەست نیشان كردنی بابەتەكان لە چوارچێوەی بابەتە دیاری كراوەكانی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بن، نەك بەمەزەندە بابەت دەست نیشانبكرێ. هەروەها بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی كردنەوەی خوڵی هاوینە پێویستە ناوی مامۆستایانی ڕاهێنەر و بابەتەكانیان بنوسرێ لەگەڵ نرخی بەشداری كردنی قوتابیان لە هەر بابەتێك و ماوە و كاتی ئەنجامدانی خولەكە و ناوەڕۆكی بابەتەكان هەمووی ڕوون بكرێتەوە لە كاتی وەرگرتنی مۆڵەت لەگەڵ دیاری كردنی نرخی بەشداری كردنی هەر قوتابیەك لە هەربابەتێك یان زیاتریش.
ئەو جۆرە خوڵانە بە گشتی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە دوای ڕەزامەندی پێدانیان بە بەردەوامی لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدار لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان و بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی پارێزگاكان لیژنەی جۆراوجۆر و پێك دەهێنن و سەردان و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەرێوەچوونی خولەكان و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان دەكەن بە گشتی لە هەموو ڕوویەكەوە. لە ڕووی مۆڵەت وەرگرتن و پابەند بوون بە نرخی دیاری كراو و بابەتی دەستنیشان كراو، لیژنەكان ڕاپۆرتی ورد و پێویست بەرزدەكەنەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتیەكانیانەوە. لە كۆتایی وەرزی هاویندا پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم خوڵ و دامەزراوەكان بكەن، ڕای قوتابیانی بەشداربوو وەربگیرێ تا چەند سوودیان لە م خولانە بینیوە، تا چەند كەش و ژینگەی فێركردن لە بارو ئاسودە و گونجاو بووە بۆ قوتابیان.
بە دڵنیاییەوە دەڵێم هەر چەندە هەوڵ بدەین بۆ فێركردن و ڕاهێنانی كەسێك ئەگەر نەمانتوانی حەز و ئارەزوی بۆ ئەو جۆرە فێركردن و ڕاهێنانە دروست بكەین، ئەوا هیچ سوود لەو فێركردن و ڕاهێنانانە وەرناگرێ و نە لە خوێندنی نە لە ئیش و كار و ژیانی ڕۆژانەو داهاتووی، وە كاتەكەشی بە فیڕۆ دەڕوات و خولەكەش بێ ئەنجام دەبێت.
لێرەدا جەخت لەوە دەكەمەوە بە ڕاشكاوی دەڵێم ئەگەر هەر دامەزراوەیەك بە گشتی (بە هەموو ناوەكانیان) فێركردن و ڕاهێنانی قوتابییەكانی بە پلەیەك لا گرنگ بوو سوود بینی قوتابیان و ناو ناوبانگی دامەزراوەكەی و ویژدانی پەروەردەیی لە سەرووی هەموو شتێكی تر دانا و، قوتابیەكانی وەكو منداڵەكانی خۆی تەماشا كرد ئەوا بە دڵنیایی ئەو دامەزراوەیە دەبێتە دامەزراوەیەكی بژاردە و پێشەنگ و ناودار و درەوشاوە و بەردەوام وەكو دامەزراوەیەكی پەروەردەیی و فێركردن دەناسرێ و ئەوكات لەلایەن وەزارەتی پەروەردە ڕێز و سوپاسیان ئاراستە بكرێ، ئەوانی تریش كە مەرج و ڕێنماییەكانیان جێبەجێ نەكردووە لێپرسینەوەی پێویستیان لەگەڵ بكرێ.
ماوەتەوە بڵێم پێویستە لەكاتی پێدانی مۆڵەتی كردنەوەی خوڵەكان جۆری پڕۆگرام و بابەتە دەست نیشان كراوەكان، لەگەڵ ڕێكخستن و دیاری كردنی بڕی نرخی بەشداربووی هەر قوتابییەك لە بابەتێك یان زیاتر ڕەزامەندییان لە سەر دەدرێ و دامەزراوەكانیش پابەند دەكرێن.
ئەوانەی باس كران هەر هەمووی لە بەرژوەندی ئەوانەیە كە بەدوای كوالێتی باش و پاشەڕۆژی قوتابیان و دامەزراوەكانیانن. جودا لەوەش ڕێكخستی و یەكخستنی دامەزراوەكان و جۆری خولەكانە بە جۆرێك قوتابیانی ئازیز لێی سوودمەندبن و كۆمەڵگەش دڵنیا و ئاسودە بێت كە ئەوەش مەبەست و ئامانجی وەزارەتی پەروەردەیە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top