پڕۆفیسۆر دانیاڵ كورتزەر بۆ گوڵان: پێم وانییە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنێتەدی

پڕۆفیسۆر دانیاڵ كورتزەر بۆ گوڵان:  پێم وانییە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنێتەدی

 

 

دانیاڵ كورتزەر، پڕۆفیسۆری دیراساتی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە سكووڵی كاروبارە گشتی و نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی پرینستۆن، لە ماوەی 29 ساڵ خزمەتكردن لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە ئیسڕائیل، هەروەها باڵیۆز بووە لە میسر و جێگری یاریدەدەری وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك بووە. ئەندامی تیمی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە سەردەمێكدا كە «جەیمس بێكەر» وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە. كورتزەر، ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە لە داڕشتن و جێبەجێكردنی سیاسەتی ئەمریكا، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە هاوكاریكردن بۆ ئەنجامدانی كۆنفڕانسی ئاشتیی مەدرید. هەروەها نوێنەری ئەمریكا بووە بۆ گفتوگۆی دوو لایەنەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین و ئیسرائیل و سووریا.

بۆ هەڵسەنگاندنی پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم دواییەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە دەرئەنجام و دۆخی ئەم ناوچەیە دوای سەردانەكەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ چەند وڵاتێكی ناوچەی كەنداو و ئەنجامدانی چەندین گرێبەستی گەورە لەگەڵ ئەم وڵاتانە، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی ئەوەی لە ئێستادا پێشهاتەكان بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەڕۆن و ئایا ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانە گەورەكان ئایندەی ئەم ناوچەیە بەرەو كوێ دەبەن، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر دانیاڵ كورتزەر ئەنجام دا و بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری (گوڵان)ی دایەوە.

 

* هەروەك ئاشكرایە، بەم دواییە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی گەورە و پێشهاتی گرنگی بە خۆیەوە بینی، هەر لە شەڕەكانی ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵا، و ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد، بە چەشنێك بانگەشەی ئەوە دەكرێت، كە نەخشەی ناوچەكە گۆڕانكاری قووڵی بەسەردا هاتووە، سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەنجامدانی چەندین ڕێككەوتنی گەورە لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و هەڵگرتنی سزاكانی سەر سووریا، ناوچەكەی بردە قۆناغێكی دیكەوە، ئێوە چۆن لەم پێشهاتانە دەڕوانن؟

- من دەمەوێت لە سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە دەست پێبكەم. لێرەدا ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ترەمپ ڕێچكە و ڕێگاچارەیەكی بزنێس ئاسا و مامەڵەكارانەی هەبوو لە سەردانەكەیدا بۆ چەند وڵاتێكی ناوچەی كەنداو، ئەوا دەكرێت لەم ڕوانگەیەوە بڵێین كە سەردانەكەی بە ڕاددەیەكی گەورە و بەرچاو سەركەوتوو بوو. چونكە لە میانەی ئەو سەردانە و كۆبوونەوەكاندا ئەوەمان بینی كە وڵاتانی ناوچەی كەنداو بەڵێنی ئەوەیان بە ترەمپ دا، كە بە بڕ و بەهایەكی گەورە لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا وەبەرهێنان بكەن، هەروەها لەم ڕووەوە خۆیان پابەند و پەیوەست كرد، بەوەی كە بڕێكی زۆری چەك لە ئەمریكا بكڕن. لە هەمان كاتدا، ئەوەی كە دەبێت ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە بزنێسی تایبەتی خودی سەرۆك دۆناڵد ترەمپیش سوودمەند بوو، ئەویش لە ڕێی ئەنجامدانی گرێبەستەكانی پەیوەست بە خانووبەرە و (كریتپۆكەڕێنسی- Cryptocurrency-) ییەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، لە ڕووی سیاسییەوە، ڕوون نییە ئایا تا چ ڕاددەیەك لەم گەشتەیدا ئامانجە سیاسییەكانی بەدیهێنران و بەدەست هاتن.

* لە وەڵامەكەتاندا ئەوەتان ڕوون كردەوە كە ئەم سەردانە لە ڕووی بوارەكانی پەیوەست بە وەبەرهێنان و ئابووری و ئەنجامدانی گرێبەستە بازرگانییەكانەوە تا ڕاددەیەكی بەرچاو سەركەوتوو بوو، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتەئاراوە، ئایا ئەم ڕێچكەیەی كە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گرتوویەتیەبەر، بەتایبەتی ڕێچكەی بزنێس ئاسا، شێواز و ڕێگاچارەیەكی نوێیە و ئایا بە تێڕوانینی ئێوە سەردەكێشێت بۆ بەدیهێنانی گەشە و ئاشتییەكی درێژخایەن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟

- لە ڕاستیدا من پێم وایە ئەو ڕێچكە و شێوازەی كە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ، گرتوویەتەبەر و پیادەی دەكات، سەردەكێشێت بۆ دەوڵەمەندكردنی خۆی و خێزانەكەی، و لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوەش هەیە كە ببێتە هۆی بەدیهێنانی سوود و بەرژەوەندیی بازرگانی بۆ بزنێس لە نێو ئەمریكادا. هەرچۆنێك بێت، ئەگەر بمەوێ وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەمەوە لەبارەی كاریگەری و ئاكامەكانی گرتنەبەری ئەم شێوازە، ئەوا من پێم وانییە ئەو ئامانجەی بەهۆی ئەم شێوازەی دۆناڵد ترەمپەوە بەدی دێن، سەردەكێشن بۆ هێنانەئارای ئاشتی و گەشە و بووژانەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

* زۆر باشە، ئەگەر لە تێكڕای بارودۆخی ناوچەكە بڕوانین، ئایا پێتان وایە لە ئەنجام و ئاكامی ئەو پێشهات و پەرەسەندنانەی كە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان داوە، بەتایبەتی لە ماوەی ڕابردوودا، بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم ناوچەیە پێ بنێتە قۆناغێكی نوێیەوە؟ ئەگەر وایە ئایا خەسڵەتە بنەڕەتییەكانی ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نوێیە چین؟

- ئەوەی لەم بارەیەوە جێی سەرنج و هەڵوەستە لەسەركردنەوە ئەوەیە كە هەندێ ئەگەر هەن كە شایستەی ئەوەن لێیان بڕوانرێت، وەك پابەندبوونی حكومەتی لوبنان بە چەكداماڵینی حزبوڵڵا، هەروەها هاتنەئارا و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ڕژێمێكی نوێیەوە لە سووریا، لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتی ئێران بگەنە ڕێككەوتن – لە ڕێی ئەو پرۆسەی گفتوگۆیەی كە دەستیان پێكردووە- لەبارەی پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە. هەروەها نابێت لەم ڕووەوە ئەوەش لەبەرچاو نەگرین كە شەڕی غەززە- لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس- و هێرشەكانی حوسییەكان بۆ سەر ئیسرائیل ئاكام و دەرهاویشتەی خۆیان هەیە لەسەر بارودۆخەكە.

* ئێستا زۆر باس لەوە دەكرێت كە وڵاتانی كەنداو، بەتایبەتی عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات و قەتەر، دەیانەوێت و هەوڵی ئەوە دەدەن، كە ڕۆڵێكی كاریگەرتر و بەرچاوتر بگێڕن لە پێشهات و ڕەوتی ڕووداوەكانی ناوچەكەدا- بەتایبەتی كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ تەنیا سەردانی ئەم سێ وڵاتەشی كرد-، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم وڵاتانە ئاراستەی سیاسەت و كاركردنیان گۆڕیوە و دەتوانن پتر كاریگەر بن لەسەر سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەتوانن باشتر ڕەنگڕێژی ڕووداوەكانی ئەم ناوچەیە بكەن؟

- لە ڕاستیدا بۆچوونی من لەم بارەیەوە ئەوەیە، كە ناكرێت بڵێین هیچ یەكێك لەو وڵاتانەی كە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ، سەردانی كردن، دەستڕۆیشتوویی و كاریگەرییەكی زیاتریان هەیە لە ئێستادا بە بەراورد بە پێش سەردانەكە، واتە چوونی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەو وڵاتانە، دەرئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە لەسەر برەودان بە دەستڕۆیشتووییان بۆ ئەوەی بتوانن كاریگەرتر بن لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان. بەڵام هەر یەكێك لەم وڵاتانە ئەم سەردانەیان بەكارهێنا بۆ برەودان بە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان.

* ئەو خاڵەی جێی سەرنجە لە سیاسەتەكانی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سایەی دەسەڵاتی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، ئەوەیە كە سەرەڕای ئەوەی كە پەیوەندییەكی تایبەتی هەیە لە نێوان سەرۆك ترەمپ و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین نەتنیاهۆ)، ئەوا سەرۆكی ئەمریكا بە تەنیا بە بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئیسرائیل، ڕێككەوتن و ئاگربەستی لەگەڵ حوسییەكانی یەمەندا كرد، لە سەردانەكەشیدا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئیسرائیلی نەكرد، ڕا و بۆچوونی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- لە ڕاستیدا و سەرباری هەموو ئەوانەی ئاماژەیان پێكراوە، بەڵام دەبێت ئێمە ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە خودی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پەیوەندییە تایبەتی و كەسییەكانی نێوانیان پتەو و بەهێزە، ئەگەرچی دەبێت ئەوەش بڵێم كە من زۆر دڵنیا نیم لەم بارەیەوە. چونكە ئەگەر ئێمە ئەم پرسە پتر ورد بكەینەوە، ئەوا ئەوەی بەدی دەكەین، ئەوەیە كە ڕای جیاواز و هەڵوێستی هاوشێوەیان نییە لە ئاست هەندێ پرس و كێشەدا، بۆ نموونە هەردووكیان ناكۆكن لەبارەی پرسی شەڕی غەززە و پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، كە ئێمە دەزانین ئەمانە دوو كێشەی زۆر گرنگن.

Top